نەبەز گۆران: جیاوازی نێوان خۆپیشاندەر و بەڵتەجی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خۆپیشاندەر:
كائینێكە مافی خوراوە. كائینێكە لەناو سیستەمی دەسەڵاتێكی ناتەندروستدا ژیانی گەمارۆ دراوە و، مافە سەرەتایی و مافە یاساییەكانی لەرێگەی سیستەمە ناتەندروستەكەی دەسەڵاتەوە پێشلدەكرێن. بۆیە وەك هاوڵاتییەك بۆ بەدەست هێنان و گەڕانەوەی مافەكانی خۆی خۆپیشاندان دەكات.

بەڵتەجی:
كائینێكی مافخۆرە. كائینێكە بەرگری لەو سیستەمی دەسەڵاتە دەكات كە مافی هاونیشتمانیان دەخوات. ئەم كائینە دەبێتە بەرگریكاری دەسەڵاتێك خودی دەسەڵاتەكە مافی هاوڵاتییان پێشێلدەكات و بەشێك لەو مافە زۆر بچوكانە دەداتە بەڵتەجی. بەڵتەجیش بۆ ئەوەی غەریزەكانی خۆی تێربكات، بەرگری لە سیستەمەكە دەكات و دژی هەموو ئازادییەك و مافێكی هاونیشتیمانیان دەوەستێتەوە.
كاتێك بەڵتەجی خۆی لێدەبێتە خۆپیشاندەر، بێئاگایە لەوەی ئەركی خۆپیشاندەر بۆ ئازادی و مافە، نەك بۆ سەركوتكردنی ئازادی و ماف. بۆ ئەوەی ئەم دوو چەمكەمان بۆ جیابكرێتەوە، پێویستە ماف و ئازادی و یاسا بناسین.
لەهەرشوێنێك ماف خورا، خۆپیشاندەر دەبێتە مەشخەڵی بەرگریكردن لە ماف، هەر لەو شوێنەشدا بەڵتەجی كە خزمەتكاری دەسەڵاتە، دەبێتە كوتەكێكی دەستی دەسەڵات دژی ماف.
لەهەرشوێنێك ئازادی سەركوتكرا، خۆپیشاندەر دێت دەیەوێت ئەو ئازادییە بگەرێنێتەوە شوێنی خۆی، لەبەرامبەریشدا بەڵتەجی كە دوژمنی راستەقینەی ئازادییە، دژ بە ئازادی تاك و گشتی دەوەستێتەوە و دەیەوێت ئازادی بكاتە قوربانی دەسەڵات.
لە هەرشوێنێك یاسا پێشێلكرا، لەو شوێنەدا وێنە راستەقینەكەی دەسەڵات لە رێگەی بەڵتەجییەوە دەردەكەوێت. هەرگیز ئەركی بەڵتەجی نییە داوای ماف و ئازادی و سەروەری یاسا بكات، ئەركی ئەو دژبوونە بەم سێ‌ چەمكە و سەلماندنی بەڵتەجی بوونی خۆیەتی.
هیچ دەسەڵاتێكی ستەمكار و فاشی بوونی نییە، بەبێ‌ لەشكرێك لە بەڵتەجی. پارێزەرە راستەقینەكانی دەسەڵاتی وێرانكەر بەڵتەجییەكانن. جا ئەم بەڵتەجیانە هەندێكیان لەناو زانكۆكان و لەرێگەی زمان و هەرەشەو پێگەكەیانەوە بەرگری لە دەسەڵاتە وێرانەكە دەكەن، هەندێكی تریان چاكەتووپانتۆڵیان لەبەردایەو لەناو پەرلەماندان وەك هەرچی و پەرچییەك پەلاماری ئەم و ئەو دەدەن، هەندێكیان قەڵەم بەدەستیانەوەیە و ئەركیان ئاوەژوكردنی حەقیقەتە و دەبنە شایەری دەسەڵات.هەندێكی تریان لەناو دەزگا ئایدۆلۆژییەكاندان، هەریەك لەم وێنانە، وێنەی تایپێكە لەو كائینەی ناوی بەڵتەجییە و بەرگری لە دەسەڵاتی سەركوتكەر دەكات. تەواو كەری هەرهەموویان بریتییە لەو كائینەی لە پێناو بەدەست هێنانی لەتێك ناندا، پشت لە هەموو بەهایەك دەكات و دەبێتە بەڵتەجییەك بۆ پاراستنی سیستەمێكی شكستخواردو، سیستەمەكەش بۆ پاراستنی خۆی بەردەوام نانێك دەدات بەم بەڵتەجیانە تا برسیان نەبێت.
لەبەرامبەر ئەم كائینەدا، كەسی خۆپیشاندەر دێت. كەسی خۆپیشاندەر وێڵە بەدوای مافدا، وێڵە بەدوای ئازادیدا، وێڵە بەدوای سەروەری یاسادا، وێڵە بەدوای تێواربوونی ئابووریدا… هەمیشە ئەم دوو جۆر كائینە رووبەرووی یەك دەبنەوە، یەكێكیان بەرگری لە بنەما جەوهەرییەكانی ژیان و مرۆڤ دەكات، ئەویتریان دژی بنەما جەوهەرییەكانی ژیان و مرۆڤە. ئەم سەرنجە كورتە وەك رونكردنەوەیەكە بۆ بینینی جیاوازی لە نێوان بەڵتەجی و خۆپیشاندەر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت