کاوسێن بابەکر: هەڵەکانی بارزانی و ئەوانی تر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵەکانی بارزانی گەورەن بەڵام ئەوانی تریش بێ بەری نین.. ڕیفڕاندۆم دروستکردنی چەکی ئەتۆم نەبوو والێیان گەورەکردین، من خۆم ناپەڕێنمەوە لەو کارەو لەگەڵ ڕیفڕاندۆم بووم بەڵام نیگەرانی ئەوە بووم کە هیچ بەدیلێکیان قبوڵ نەکر.

هەڵەکانی بارزانی
* بارزانی وا قسەی دەکرد کەئیمزای نێودەوڵەتی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ لەگیرفان دابێ، قسەی هیچ کەس و لایەنێکی وەرنەگرت بە ئەمریکاو یوئێنیشەوە!
* هیچ خۆی ماندوو نەکرد بە دروستکردنی یەکڕیزی و ووتی (حساب بۆ یەک بەشەرناکەم) و نەشیکرد!
* نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نەخشەڕێگایەکی ڕوون و بەبەڵێنە، نازانم بۆ وەری نەگرت و شاردیانەوە! ئەگەر بڵێن فەرمی نەبوو بەڵام خۆ هیچ نەبێ دەبوو بەدیکۆمێنتێک و بەڵێنێکی ئەخلاقی کەسی وەزیرێکی دەوڵەتێکی گەورەی وەک ئەمریکا، ئێستا ئەوەشمان لەدەست چوو!
* ووتی هێز دەنێرم بۆ کەرکووک ئەگەر پێویستی کرد خۆشم دێم لێرە دیفاع لەکەرکوک دەکەم هیچیانی نەکرد!
* چەند کەسێک لەناو یەکێتی بەهۆکاری تەسلیمکردنی کەرکوک دەزانێ بەڵام خۆ ئەو خۆی بەرپرسی هێزی پێشمەرگەبوو، لەشەڕدا دەبێ سەرکردە حسابی هەموو شتێک بکا کەواتە بۆ نەیکرد؟ بۆ هێزی زیاتری ڕەوانە نەکر؟ دوای چەندین شەهیدو بریندارو دەشیزانی کەسانێک دژی شەڕەکەبوون و هەوڵیشیان دابوو ڕازی بکەن شەڕ نەقەومێ و ئەوەش وایکرد ئەگەری یاخی بوون لەفەرمانەکانی هەبێ!
* کەلە کەرکوک شەڕنەکرا ئۆباڵەکەیت لەکۆڵ خۆت کردەوە، ئەدی تەسلیمکردنی شەنگال و سنونێ و سەدی موسڵ و مەخمور دەکەوێتە ئەستۆی کێ!

یەکێتی
یەکێتی خویەکی سەیری بۆ پەیدابووە ،جاران نەک خۆی لەبڕیاری هەستیار نەدەدزیەوە بەڵکو دەیان بڕیاری گرنگ و چارەنوس سازی دەرکردووە و بەرپرسیارەتیشی وەئەستۆ گرتووە، کەچی ئێستا بەبێدەنگی بەدوای بڕیارەکانی بارزانیدا دەچێ و ئەگەر بۆچوونی تریشی هەبێ وازیان لێدێنێ! ئەوەتا ئەوان رایان وابوو یەکێک لەبەدیلەکان قبوڵبکەن و شەڕ نەبێ ئەوەیان بەبارزانیش راگەیاندبوو بەڵام دیارە پێداگریان نەکردبوو نامەکەی پافڵ تاڵەبانی و لێدوانەکەی کاک مەلابەختیار گەواهی ئەوەدەدەن، کەچی خراپ بەسەریاندا شکایەوە و بەقسەی زۆربەی شیکەرەوە سیاسیەکانیش دەر کەوت قبوڵکردنی بەدیلەکە راستتربوو!

گۆڕان و کۆمەڵ
بەگژ ڕیفڕاندۆمدا هاتنەوە بەڵام نەتوانیان بێن و بەبەڵگەو پێسەلماندن ڕایان بگرن وەنە بەدیلێکی باشتریان هێناو نە لەسەر بەدیلەکانیش کەڵەوە کێشیانکرد، هەر دوور بەدوور لەناو رق و ڕەخنەی سواودا مانەوەو مەیدانەکەیان بۆ بارزانی چۆڵکرد بەئارەزووی خۆی هەستی نەتەوایەتی کوردستانیان جۆشبداو واشیکرد!
* ئەمریکاو هاوپەیمانان زۆر بێباکانە هەڵسوکەوتیانکرد ولەکۆتایی پرۆسەکەدا واتا ڕێک دووڕۆژ پێش وادەی ڕیفڕاندۆم تیلەرسەن نامەدەنێرێ بێ ئەوەی لە ڕاگەیاندنە فەرمیەکاندا بڵاو بکرەێتەوەو قسەکەری کۆشکی سپی رایبگەیەنێ.پێموایە هێشتا ئەو ووڵاتانە گرنگی دەوڵەتی کوردی لەناوچەکەدا لەبەر چاو ناگرن و پەلهاویشتنی هەژموونی ئێران لەعێڕاق و ناوچەکە بەدروستی هەڵناسەنگێنن و هیلالی شیعی خەریەکە تەواو دەبێ وئەوان هێشتا کاوەخۆی لێدەکەن بۆ چارەسەر، کە چارەسەرەکەشی تەنها بەدروستکردنی دەوڵەتی کوردی دەبێ، باشورو ڕۆژاوای کوردستان بگرێتەوە.
* ئایا بارزانی دوای سەرنەکوتنی لەم پرۆسەیەشدا واز لەدەستەلات و کاری سیاسی دێنێ؟ بارزانی باوک دوای ڕوخانی شۆڕش بەدەنگی بەرز ووتی کاری من تەواو بوو و ئیدی نەگەڕایەوە بۆ شۆڕشکردن، پەیمانیشی بەکەس نەدابوو وازبێنێ،کاک مەسعودیش بەڵێنیداکە سەرکەوتوو نەبوو بەشێتی لەقەڵەم بدەن و یەکجاری وازدێنێ! بابزانین ئەمجارەبەڵێنەکەی دەباتە سەرو ڕاستگۆیی خۆی دەسەلمێنێ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت