بورهان شێخ ڕەئوف: کاردانەوە کانى دواى ڕیفراندۆم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

25 ئەیلولى 2017 سەرەڕاى نیگەرانیە ناوخۆیى و دەرەکیەکان هەر لە وڵاتانى دراوسێ وە بگرە تاوەکو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى و نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجوومەنى ئاسایشیشەوە نەیانتوانى سەرکردایەتى کورد قایل بکەن لە پاشگەزبوونەوە لە ڕیفراندۆم یان دواخستنى سەرەڕاى فشارێکى یەکجار زۆر و چەند بژاردەوە ئەڵتەرنەتیفێک .
ئێستا لەدواى ڕاپرسى و سەرکەوتنى بەرەى بەڵێ بۆ سەربەخۆیى سەرەڕاى هەموو تێبینى و سەرنجەکان لەسەر کۆى پرۆسەکە، باشوورى کوردستان بووەتە ڕۆژەڤو سەردێڕى هەواڵەکانى جیهان کاردانەوەکانى ئێران و تورکیا لەلایەک و کاردانەوەى کاربەدەستە عەرەبەکانى عێراق بە هەردوو باڵى شیعەو سوونە لە هەمووى توندتر بە ئازاراترە وەکو ئەوەى عێراق هیچ کێشەو قەیرانێکى ترى نەبێت, جگە لە سەربەخۆ بوون و جیابوونەوەى ماڵى کورد کە لە دەیان ساڵى ڕابردووى پێکەوە گرێدانى کورد بە عێراقەوە پڕە لە لاپەڕەى ڕەش و خوێنڕژتن و کارەساتى خوێناوى و جینۆساید کە بە پێویستى نازانم لێرەدا جارێکى بیانخەمە ناو دووتوێ ى ئەم وتارەوە ئەوەندەى مەبەستمە بە دراوسێ عێراقیەکان بڵێم خۆتان تەرخان بکەن بۆ چارەسەرى کێشەکانى خۆتان کە هەموو جومگەکانى عێراقى گرتووەتەوە ئێستا بەغداد یەکێک لە خراپترین پایتەختەکانى جیهانە حکومەتى عێراق لە رێزبەندى یەکەمى حکومەتە گەندەڵەکانى جیهانە.
قەیرانەکانى پەروەردەو فێرکردن و تەندروستى و ئاسایش و بێکارى و بڵاوبوونەوە مادە هۆشبەرەکان و فرۆشتنى چەک وتەقەمەنى لە بازاڕەکانى مەدینەى سەدروشارەکانى ترى عێراق گەندەڵى لە هەڵبژاردنەکان و فرۆشتنى پۆستەباڵاکانى حکومەت بە ملێۆنەها دۆلار دامەزرانى دەیان تاقمى میلیشیاى چەکدارو نەبوونى خزمەتگوزارییەکانى وەکو ئاوى پاکى خواردنەوە کارەبا سەرەڕاى خەرجکردنى 40 ملیلر دۆلار بۆى جگە لە بنیاتنانەوەى ناوچە ئازادکراوەکان لە دەستى داعش کە ملیارەها دۆلارى گەرەکە هەموو ئەمانە دەخوازن کاربە دەستانى عێراق کۆڵ لە کورد بدەن و پەند لە کارەساتەکانى مێژووى کورد لە عێراق و حکومەتە یەک لە دواى یەکاکانی وەربگرن و سەرقاڵى ماڵى خۆیان بن.

کاردانەوە ئیقلیمیەکان
کاردانەوەکانى ئێران و تورکیا لە پێش هەموو لایەنەکانى ترەوە دێت لە بەرئەوەى بوونى ڕێژەیەکى زۆرى کوردە لە وڵاتەکانیان کە نایشارنەوە دەترسن لە دروست بوونى دەوڵەتێکى سەربەخۆ لە باشوورى کوردستان دەبێتە هاندەرو ڕێخۆشکەر بۆ ئەوەى کوردەکانى ڕۆژهەڵات و باکوور هەمان هەنگاو بنێن یان داواى مافە دیموکراسى و نەتەوایەتیەکانیان بکەن.

کاردانەوەى عەرەبى
بڕیارى عەرەبى بە یەکگرتوویى ڕاگەیەنرا لە کۆمەڵەى وڵاتانى عەرەبى کە دژ بە ئەنجامدانى ڕاپرسى بوو کە ئەمیندارى گشتى کۆمەڵەکە ( ئەحمەد ئەبو غەیس ) سەردانى بەغداو هەولێریشى کرد بەڵام نەیتوانى ڕێ بگرێت بە ئەنجام نەدانى پرۆسەکە هەرچەندە لە ڕابردوویشدا چەند دەنگێکى کەمى عەرەبى داواى ئەوەیان لە وڵاتەکانیان دەکرد کە هاوکارو پشتیوانى کورد بن بۆ دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى بۆ ئەوەى ئیسرائیلێکى تر دروست نەبێت لە ناوچەکەدا بە قەولى ئەوان.

کاردانەوە ستراتیجیەکان
1- هەندێک لە چاودێرانى ناوچەکە لەو بڕوایەدان دروستبوونى دەوڵەتى کوردى ڕێگردەبێت لە هەوڵەکانى ئێران بۆ دروستکردنى هیلالى شیعى لەعێراق و سوریا ولوبنان و لە هەمان کاتدا دەبێتە پێگەیەک بۆ بەگژاچوونەوەى ئێران لەکاتى ڕودانى گرژى زیاتر لە نێوان ئەمریکاو ئێران و بەرگرتن بە هەژموونى ئێرانى لە ناوچەکەدا.
2- لەلایەکى ترەوە ڕیفراندۆمى باشوورى کوردستان دەرگاى هاوکارى و هەمانگى زیاتر لە نێوان هەردوو وڵاتى ئێران و تورکیا دەکاتەوە هەروەکو سەرەتاکەشى دەرکەوتووە لە کۆبوونەوە دووقووڵیەکانیانەوە لە هەموو ئاستەکاندا بە تایبەتى سەربازى بە هۆى دەستکەوتو سەررکەوتنەکانى کورد لە عێراق و سوریا و چۆنیەتى ڕووبەڕوو بوونەوەى و لە قاڵبدانى کە ئەمەش کوردى باشوور هاندەدات کە پەیوەندى و هەماهەنگى لە گەڵ ولاتانى عەرەبى وەکو عەرەبستانى سعوودیەو ئیماراتى عەرەبى بکەن.
3- ڕاپرسى باشوورى کوردستان بوار بۆ دابەشبوونى عێراق دەڕخسێنێت و بە تایبەتى سوونەکانى عێراقیش بیر لە دامەزراندنى هەرێمى سەربەخۆو دەوڵەت دەکەنەوە.
4- لەوانەیە دەوڵەتى سەربەخۆى کوردستانى تووشى قەیرانێکى دارایى قورستر لەمەى ئێستا ببێتەوە ئەگەر تورکیا هەڕەشەکانى جێبەجێ بکات و بۆڕى گواستنەوەى نەوت بۆ بەندەرى جیهان ڕابگرێت لەکاتێکدا حکومەتى هەرێم ئێستا بڕێکى زۆر پارە قەرزدارەو و ئەگەر یارمەتى کۆمەکەکانى ئەمریکاش بوەستێت.
دەستکەوتەکانى ڕاپرسى بۆ عەرەبى عێراق
عەرەبەکانى عێراق بە هەردوو باڵى شیعەو سوونەوە لە دواى 2003 ەوە تا ئێستا وا یەکگرتوو نەبوون لە هەڵوێستەکانیاندا دژ بە کورد کە هەندێ نووسەرى عەرەب بە دەستکەوتێکى مەزنى دەبینن .
لێرەدا جێ ى خۆیەتى بپرسین ئەوەتا عەرەب هەمو یەک دەنگ و یەک هەڵوێستن تورکیاو ئێران دوو ڕکابەرى مێژوویى ناوچەکە لە سەر کورد هەماهەنگن ئەى هەموو ئەمانە ناخوازن لە کورد کە ململانێ و ناکۆکیەکانیان وەلاوە بنێن و هەلًسپێرن تاکاتى گونجاوتر؟
ماوەتەوە بڵیێن سەرەڕاى هەڕەشەو نیگەرانى وڵاتانى ئیقلیمى وجیهانى لەوەناچێت هەڕەشەکان بچنە بوارى جێبەجێ کردنەوە و بەتایبەتى ئێران تورکیا ناتوانن ئەو سزانە بسەپێنن چونکە خۆیان زەرەر مەندى یەکەم دەبن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت