عیماد عه‌لی: كێشه‌كه‌ شه‌رم كردنه له‌ هه‌ڵوێستی ناراست یان كه‌له‌ره‌قی؟

وا ده‌بینین و ده‌بیستین چه‌ندین رۆشنبیر و سیاسه‌تمه‌دار و خه‌ڵكی ره‌قره‌فتار و خاوه‌ن بۆچونی تایبه‌ت، بۆ حه‌فته‌یه‌كه‌ به‌هانه‌ بۆ هه‌ڵوێستی دژ به‌ ریفراندۆم ده‌هێننه‌وه‌ وئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ هه‌ڵه‌ و شكست […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

وا ده‌بینین و ده‌بیستین چه‌ندین رۆشنبیر و سیاسه‌تمه‌دار و خه‌ڵكی ره‌قره‌فتار و خاوه‌ن بۆچونی تایبه‌ت، بۆ حه‌فته‌یه‌كه‌ به‌هانه‌ بۆ هه‌ڵوێستی دژ به‌ ریفراندۆم ده‌هێننه‌وه‌ وئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ هه‌ڵه‌ و شكست له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و، ئه‌گه‌ر له‌ بنی دونیا هه‌ڵوێستیێكی نه‌یار هه‌بێت ده‌یهۆننه‌وه‌و بۆ بیانو بۆ راست ده‌رخستنی بۆچونی خۆیان ده‌پاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ و، ته‌نانه‌ت زۆڕێك له‌ فه‌ریكه‌كانیان ئاواتی ئه‌وه‌ ده‌خوازن كه‌ وه‌ك پێشبینیان ده‌كرد هیرشی سه‌ربازیش بكرێته‌ سه‌ر كوردستان و میله‌ته‌كه‌ به‌ فه‌تارات بچن. ئه‌مه‌یه‌ سیاسه‌ت و رۆشنبیری كه‌ تۆیه‌ك له‌ شیكردنه‌وه‌ و پێشبینیه‌كانتدا هه‌ڵه‌ بویت ته‌نها به‌ كه‌له‌ ره‌قی دانی پێدانه‌نێیت كاكی برا ؟
سه‌رجه‌م هه‌ڵوێسته‌كانی ناوچه‌كه‌ و جیهان پێشبینیكراو بوون و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری له‌مانه‌ خراپتریش له‌ئارادابوو، كه‌ رووی نه‌دا، كه‌چی تا ئێستاش چاوه‌رێی خراپتر ده‌كه‌ن و به‌ڵكو خوایه‌ پێشبینیه‌كانیان بێته‌دی به‌ یاسای مردنی خۆم و تۆپینی كه‌ره‌ دێزه‌ش . ئه‌وه‌ی ئه‌م بۆچونانه‌ ده‌سه‌پێنێت شه‌رم كردنه‌ له‌ راوبۆچون و هه‌ڵوێستی هه‌ڵه‌ی پێشتر وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ تاوان بێت .
1- جارێك با ئه‌وه‌ بڵێین ته‌نانه‌ت پاشگه‌زبونه‌وه‌ش له‌ ریفراندۆم بكرێت و شكستیش بهێنێت كه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی هیچ كه‌سێكدا نیه‌ و هێزی یاسایی كه‌وتۆته‌ه‌ده‌ستی میله‌ت له‌م باره‌وه‌” به‌ڵام مادام پرۆسه‌كه‌ به‌ ئارامی و هێمنی و ئازادی ئه‌نجامدرا و هیچ خه‌وشێكی تێنه‌كه‌وت، سه‌ركه‌وتنێكی یه‌كجار گه‌وره‌یه‌ بۆ هه‌مووان و گه‌لی كوردستان قازانجی كرد و راو بۆچون و ئاوات و خه‌ونی خۆی به‌ ره‌سمی خسته‌ به‌رده‌م رای گشتی جیهان و تاماوه‌ ده‌بێت شانازی به‌و رۆژه‌وه‌ بكات، له‌وێشدا ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر زۆرێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی پشت رۆیشتن به‌ره‌وه‌ ریفراندۆم كه‌سی و حزبیش بوبن نه‌ك نه‌ته‌وه‌یی و پیاده‌كردنی مافی گه‌لی كوردستان، به‌ڵام جه‌وهه‌ری پرۆسه‌كه‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ كه‌وته‌وه‌ .
2- ئه‌و پیكهاتن و هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریه‌ی نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه‌ دژ به‌ خواسته‌كانی گه‌لی كوردسنان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاڵه‌ ناكۆكه‌كانیان له‌وه‌زۆرترن كه‌ تا كۆتایی كۆك بن، بۆیه‌ كاتیه‌ و به‌ خۆراگری گه‌لی كوردستان كه‌لێن ده‌كه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌ و هه‌موومان سه‌ره‌تای دروستبونی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌مری واقیع و دانپێدانانی ئه‌مانه‌ پاش ناره‌زایه‌تی و دژوه‌ستان له‌بیر ماوه‌ . بۆیه‌ هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ و هه‌بونی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گه‌وره‌ كانی وڵاتانی زلهێز ئه‌و بواره‌ نادات كه‌ گه‌له‌كۆمه‌كێی ئه‌مانه‌ به‌رده‌وام بن و كه‌لێنیان تێدا دروست نه‌بێت . بۆیه‌ هاوكاری توركیا و ئێران ستراتیجی نیه‌ و به‌ شنه‌بایه‌ك درزه‌كه‌ی نێوانیان ده‌رده‌كه‌وێت و گه‌وه‌رتریش ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر یاری سیاسی و لێزانینی كوردستان و سه‌ركردایه‌تیه‌ سیاسیه‌كه‌ی وه‌ستاوه‌ .
3- ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێت كه‌ ئه‌گه‌ر ریفراندۆم و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی له‌ باشترین حاڵه‌ت و زه‌مینه‌دا بكرابایه‌ ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ و خراپتریشمان له‌به‌ر چاو بوایه‌ و به‌ڵكو به‌ دواكه‌وتنی بوار پیاده‌نه‌كردنی زیاتر ده‌بوو، واته‌ ده‌بوایه‌ هه‌تاهه‌تایه‌ وه‌ك خۆمان به‌ ژێر ده‌سته‌یی بمێنینه‌وه‌ یان تا راده‌یك سه‌ركێشی بكه‌ین و ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی زۆر كه‌م ده‌بوو .
4- له‌به‌رچاو گرتنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان و یاریكردن له‌ نێوان زلهێزه‌كان و رۆیشتنی كات زه‌مینه‌ باشتر سازده‌كات بۆ خۆفه‌رزكردنی ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان و،بۆیه‌ ئێستا كاتێتی كه‌ ده‌بێت ئێمه‌ یاری به‌ هه‌ڵوێست و وشه‌وه‌ بكه‌ین و ته‌نانه‌ت ته‌كتیكی رۆژانه‌ی هه‌نگاوێك بۆ دواوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوو هه‌نگاوی پێشه‌وه‌ دابین بكه‌ین به‌كاربێنین كه‌ سیاسه‌تێكی عاقڵانه‌ و واقعیانه‌یه‌ و با هه‌ر كه‌ س و هێزی كه‌له‌ره‌قی نێوخۆ ره‌خنه‌ی لێبگرن و، ده‌بێت به‌رده‌وام ئه‌وه‌مان له‌ یاد بێت كه‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم داوای سه‌ربه‌خۆیی به‌ ره‌هایی له‌ لایه‌ن گه‌لی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ و به‌ ئاشكرا و به‌ره‌سمی چركه‌ساتێكی مێژویی گه‌وره‌ بوو بۆ په‌رینه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی تر و، هیچ ئامانجێك بێ باجدان نایه‌ته‌ دی .
5- تاوه‌كو وه‌زعه‌كه‌ی عیراق و هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ و دووجه‌مسه‌ری سونه‌ و شیعه‌ وابێت پێگه‌ی عراق وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر به‌شێهوه‌یكی كاتیش گۆرانكاری به‌سه‌ردا بێت به‌ڵام قۆناغی به‌هێزیی عیراق ره‌فت و قه‌ت نه‌ به‌ خۆیی و نه‌ش به‌ پاڵپشتی تاكه‌ ولاتێكی ناوچه‌كه‌ نایه‌ته‌وه‌ جێگه‌ی خۆی .
6- ئه‌گه‌ر تاوه‌كو بارودۆخێكی له‌بار بۆ راكه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ره‌خسێت كه‌ بیركردنه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌ی زۆری ده‌وێت بۆ دیاریكردنی كاته‌كه‌ی، هه‌ر ته‌كتیكێك به‌كار بێت بۆ هه‌ڵمژینی هه‌ندێك هه‌ڵوێست به‌ تایبه‌تی به‌ ئامۆژگاری وڵاتانی دۆست، زۆرێك له‌ ده‌ردانه‌ سه‌لبیه‌كان كه‌متر ده‌كاته‌وه‌ .
بۆیه‌، به‌ هه‌موو حساباته‌كان، ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بووه‌ شانازیه‌ك بۆ گه‌لی كورستان و پرسه‌ ره‌واكه‌ی و به‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ قۆناغی یه‌كه‌می ته‌واوكرد و هه‌ر كه‌سێك خوێندنه‌وه‌كانی هه‌ڵه‌ ده‌رچون هیچ عه‌یبه‌یه‌كی تێدا نیه‌ كه‌ حساب ۆ روسوری بكات كه‌ دانیشی پێدا نه‌نێت ده‌كرێت له‌سه‌ری نه‌روات، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كریزی گه‌لی كوردستان زامن بكه‌ین و به‌یه‌ك ده‌نگ به‌ره‌و سه‌ره‌به‌خۆیی برۆین له‌ هه‌ر كاتێكی شیاو گونجاو بێت كه‌ كارێكی له‌ ریفرندۆمی قورستر ده‌وێت .
به‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانرێت هیچ لایه‌نێكی كوردستان پشتگوێ بخات و ده‌بێت هه‌مووان به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ره‌وه سه‌ربه‌خۆیی برۆین نه‌ك هه‌وڵی حزبی رێگه‌ له‌ یه‌كێتی و ته‌بایی بگرێت، به‌ تایبه‌تی پێنج حزبی گه‌وره‌ هه‌ن ناكرێت رۆڵیان فه‌رامۆش بكرێن و به‌كه‌س وه‌لا نانرێن و ده‌بێت له‌ سه‌رجه‌م دامودوزگاكانی كوردستان رۆڵی خۆیان بگیرن و له‌كاتی ئاساییبونه‌وه‌ی كوردستان و پاش هه‌ڵبژاردنی نوێ جیاكردنه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌” به‌ڵام ده‌بیت بزانین كه‌ سه‌ربه‌خۆیی به‌ رق و كینه‌ نایه‌ته‌ دی و دڵسافی و یه‌كترقبوڵكردنی ده‌وێت و سه‌ربه‌خۆیی تایبه‌ت به‌ حزب و كه‌سێك نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات .

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
عیماد عەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: عیماد عەلی