عه‌دنان كۆچه‌ر: داش عێراق‌و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى پیره‌كان.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بارزانى دواجار شكستهێنانى ریفراندۆمى وه‌رگۆڕێ بۆ سه‌ركه‌وتن‌و ده‌ستكه‌وتێكى كه‌سیی، پاش ئه‌وه‌ى توانى كۆمیته‌ى باڵاى ریفراندۆم وه‌ك پۆشاكێك به‌ به‌ری خۆیدا بكاته‌ ئه‌نجومه‌نێكى سیاسیی‌و خۆشی له‌سه‌ر كورسیه‌كه‌ى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ به‌ناوى كورده‌وه‌ له‌رێی شه‌رعیه‌تى نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ببێته‌وه‌ ردێن سپی، به‌وه‌ش هه‌م ده‌توانێ وه‌ك قۆناغێكى راگوزه‌ر پاوانى بڕیارى سیاسیی بكات‌و هه‌میش خۆى له‌و ئیحراجیه‌ نێوخۆیی‌و هه‌رێمییه‌ ده‌رباز بكات كه‌ به‌هۆى ده‌ستگرتن به‌سه‌ر كورسی سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ روبه‌ڕووى ده‌بۆوه‌، ئه‌و هه‌نگاوه‌شی ئاسان بۆ چووه‌ سه‌ر، چونكه‌ ئه‌وه‌ى شه‌رعیه‌تى به‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا، حه‌ره‌سه‌ قه‌دیمه‌كانى كوردایه‌تى‌و ئه‌و حزبۆچكانه‌ بوون كه‌ هه‌میشه‌ به‌ گوێڕایه‌ڵییه‌وه‌ بڕیاره‌كان جێبه‌جێده‌كه‌ن.
له‌راستیدا شكستهێنانى ریفراندۆم‌و لاوازیی ئه‌و تیمه‌ له‌خوێندنه‌وه‌ى واقیعیانه‌ى ئه‌گه‌ره‌كان، ده‌بوایه‌ كاره‌كته‌ره‌ بڕیار به‌ده‌سته‌كانى ئه‌و قۆناغه‌ راگوزه‌ره‌ى ناچار كردبا دان به‌نشوستى خۆیاندا بنێن، كه‌چی له‌جێی ئه‌وه‌ى وه‌ك تیمی شكستخواردوو خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌و ستراتیژه‌ لاوازه‌ بكه‌ن، دێن وه‌ك پاڵه‌وانى سه‌ركه‌وتوو، له‌سه‌ر حسێبی ده‌نگ‌و هاوارى هاونشتیمانیان ده‌ستكه‌وته‌كانى ئه‌و ململانێیه‌ له‌نێو خۆیاندا ده‌به‌شنه‌وه‌و ریفراندۆم‌و خه‌ونى سه‌ربه‌خۆیی خه‌ڵكیش به‌ (داش) عێراقێكى نوێوه‌ ده‌به‌خشنه‌وه‌ به‌ جه‌نابی عه‌لاوى‌و سه‌ماحه‌تى سیستانى.
ئه‌و نه‌وه‌یه‌ى سیاسه‌ت، چونكه‌ كوڕى ده‌ورانى خودموختارى‌و عێراقچیه‌تى راسته‌قینه‌ بوون، وه‌ك چۆن حه‌فتا‌و هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوویان به‌ گفتوگۆی بێزه‌نتیانه‌ى (له‌عێراق)‌و (داش عێراق) به‌سه‌ربردووه‌، ئێستاش له‌نێو یاده‌وه‌رى نه‌گۆڕی ئه‌وان به‌پێچه‌وانه‌ى زمانیانه‌وه‌ هه‌ر عێراقچیه‌تى ماوه‌، هه‌ربۆیه‌ش له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ى دوێنێ وه‌ك یه‌كه‌مین هه‌نگاوى نیه‌تپاكى به‌رامبه‌ر هه‌ڵچوونه‌كانى عه‌بادى، ناوى كۆمیته‌كه‌یان گۆڕی‌و ده‌سته‌واژه‌ى (ریفراندۆم)یان سڕییه‌وه‌و (داش عێراق)ێكى گه‌وره‌شیان له‌پاڵدا دانا، ئیدى ئه‌وه‌ش كڵۆڵى ئه‌و هاونشتیمانیانه‌ نیشانده‌دات كه‌ پێیانوابوو له‌سه‌رده‌ستى ئه‌و نه‌وه‌یه‌ به‌ خه‌ونى نه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌ن‌و ده‌وڵه‌تیان بۆ داده‌مه‌زرێ، له‌كاتێكدا ئه‌وان هێنده‌ عێراقچین ده‌ست به‌پوشی ده‌ستپێشخه‌ریی هێنده‌ لاوازه‌وه‌ ده‌گرن ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ى له‌ به‌غداد په‌سه‌ند بكرێنه‌وه‌.
ـ ئه‌وه‌ى دوێنێ روویدا، ئه‌وج‌و ترۆپكى لاموبالاتى سیاسییه‌، به‌ڵام بۆ بارزانى نا، به‌ڵكو بۆ ئه‌و تیمه‌ى یه‌كێتى‌و حزبه‌كانى دیكه‌، كه‌ شه‌ش مانگه‌ سه‌رقاڵیانكردووین به‌ زیندوكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌، ئاخر نابێت‌و ناشێت سه‌ری زمان‌و بنى زمانت كاراكردنه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ى شكۆ بێت بۆ په‌رله‌مان‌و كه‌چی له‌ پشتى په‌رله‌مانیشه‌وه‌ شه‌رعیه‌ت به‌ دروستكردنى چوارچێوه‌‌و مه‌رجه‌عێكى سیاسیی دیكه‌ بده‌یت، ئاخر ئه‌وه‌ى ده‌ستى بۆ دروستكردنى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ به‌رزكرده‌وه‌، ده‌بێت تێبگات، له‌پشت دروستكردن‌و بیناكردنى ده‌سه‌ڵاتێكى خۆسه‌پێن‌و سته‌مكاردایه‌، چونكه‌ له‌سایه‌ى ئه‌و مۆدێله‌ له‌حوكمڕانییه‌ ئیدى په‌رله‌مان‌و هه‌ڵبژاردن‌و دامه‌زراوه‌ شه‌رعییه‌كانى دیكه‌ زه‌رویه‌تى مانه‌وه‌یان نامێنێ.
ـ ئه‌وه‌ى دوێنێ رویدا، ئه‌وجی كورتبینى سیاسییه‌، به‌ڵام بۆ بارزانى نا، به‌ڵكو بۆ هاوه‌ڵه‌كانى ناو كۆمیته‌كه‌، چونكه‌ له‌جێی ئه‌وه‌ى پایه‌ى حوكمڕانى كوردستان له‌رێگه‌ى ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ساغڵه‌م بكه‌ن، رێكارێكى دیكه‌یان بۆ خۆسه‌پێنى بارزانى دۆزییه‌وه‌، رێكارێك چیتر پێویستى به‌ چه‌له‌حانێی كۆبوونه‌وه‌و ره‌زامه‌ندى په‌رله‌مان‌و هه‌مواری یاساوه‌ نابێت، به‌ڵكو ته‌نها شه‌رعیه‌تى كوردایه‌تى‌و ئومێدى دروستكردنى ده‌وڵه‌ت، مه‌گه‌ر خودا بزانێ بۆ چه‌ند ده‌یه‌ى تر به‌دیدێنێت.
ـ ئه‌وه‌ى دوێنێ روویدا، ئه‌وجى بچووككردنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌ بوو، به‌ڵام بارزانى ته‌نێ نه‌یكرد، به‌ڵكو ئه‌و تیمه‌ى هاوه‌ڵى ئه‌ندازیار‌و بكه‌رى بوون، ئاخر خۆ هێشتا فشاره‌ ناوخۆیی‌و هه‌رێمییه‌كان ته‌نها خۆگیڤكردنه‌وه‌ى میدیایی بوون، خێر بوو خۆیان نه‌گرت‌و نه‌یانهێشت مه‌ره‌كه‌بی ده‌نگدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی ووشك ببێته‌وه‌و خۆیان كرده‌وه‌ به‌عێراقی، ئه‌وه‌ش نیشانیده‌دات، ئه‌و سه‌ركێشی‌و په‌رچه‌كرداره‌ى له‌پشت سازدانى ریفراندۆم بووه‌، ته‌نێ ویستویه‌تى به‌كارتێكى نوێوه‌ خۆى به‌ عێراقی بكاته‌وه‌، به‌ڵام كارتێك ده‌شێت له‌ زیانى بكه‌وێته‌وه‌.
ـ ئه‌وه‌ى دوێنێ رویدا، ئه‌وجی شۆكبوونى نه‌ته‌وه‌یی بوو، ئاخر وه‌ك له‌ به‌یاننامه‌ى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا پێشوازى له‌ده‌ستپێشخه‌ریی‌و ناوه‌ڕۆكى په‌یامه‌كه‌ى سیستانى ده‌كه‌ن، ده‌بوو تۆزێك به‌دیقه‌تتر به‌یاننامه‌كه‌یان داڕشتبایه‌وه‌، خۆ عه‌لی سیستانى سه‌رله‌به‌رى ریفراندۆمى ره‌تكردۆته‌وه‌، ئه‌دى چۆن ئێوه‌ پشتیوانى بێ چه‌ندوچوون له‌نێوه‌ڕۆكه‌كه‌ى ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ نیشانیده‌دات كه‌ تاكه‌ ئومێدتان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ عێراق‌و هیچی دیكه‌.
زۆر شتى دیكه‌ش هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ر هێنده‌ له‌و نه‌وه‌ پیرو راده‌ستبووه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت.