شه‌ریف هه‌ژاری: مه‌سعود به‌رزانی تاكه‌ی هه‌لوێستی نابێ به‌رانبه‌ر ڕێكه‌وتنی تورك- فارس دژی كورد و ئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم!؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وه‌كو پێشتریش له‌ چه‌ندین بابه‌ت ئاماژه‌م پێدابوو كه‌: خاوه‌- خاو كردن و شه‌رم كردن له‌ داخوازی جێ به‌جێ كردنی) ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم ( واده‌كات تورك و فارس ده‌یان پیلان دژی سه‌ربه‌خۆیی و خه‌ڵكی كوردستان وه‌گه‌ڕبخه‌ن!
هه‌ر كوردێك وابزانێت سه‌ربه‌خۆیی به‌بێ گه‌مارۆ و ته‌نانه‌ت به‌بێ- شه‌ڕ به‌ده‌ست ده‌هێنێت، له‌ڕاستییدا نه‌فامی سیاسییه‌!
هیچ نه‌بێ یان: ماوه‌یه‌ك گه‌مارۆ ده‌خه‌نه‌ سه‌ر كوردستان، یاخود: تۆپباران و له‌شكركێشی بۆ ده‌كه‌ن، به‌لام ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ به‌ گه‌مارۆ و نه‌ به‌ له‌شكركێشی ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغی فیدراڵی.
به‌ڕاستی شه‌رمنی مه‌سعود- كۆسره‌ت- و لیژنه‌كه‌ی به‌ناو (سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستان- عێراق) له‌ به‌رانبه‌ر تورك- فارس، ناسیاسیی بوونیان ئه‌سه‌لمێنێ!
چونكه‌ ڕه‌نگه‌ كه‌سانێك وابیركه‌نه‌وه‌ ئاخر: ئه‌وه‌ له‌به‌ر موجامه‌له‌ و دامركانه‌وه‌ی كه‌فوكوڵی توڕه‌یی تورك- فارس- عه‌ره‌به‌ بۆیه‌ جارێ (مه‌سعود به‌رزانی) باسی جێ به‌جێ كردنی ئه‌نجامه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی ناكات، یاخود له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ گه‌مارۆی زیاتر نه‌خه‌نه‌ سه‌رمان، له‌ڕاستیدا ئه‌وانه‌ بیانوو نین‌.
چونكه‌ تورك و فارس و عه‌ره‌ب زۆر باشتر له‌ كورد له‌ هونه‌ری موجامه‌له‌ و ئه‌زمونی سیاسیی- ده‌وله‌تداری تێ ده‌گه‌ن، بۆیه‌ گرنگه‌ له‌م پرسه‌دا خاوه‌- خاو و شه‌رمی تیانه‌كرێ! خۆ بۆ عه‌لاقه‌ی دڵداری هه‌وڵ ناده‌ی تا سه‌ره‌تا شه‌رم بكه‌ی و هێدی- هێدی دڵی كچه‌كه‌ جه‌زب بكه‌ی!؟
دورنیه‌ كه‌ ئه‌ردۆگان (ئه‌و كاراكته‌ره‌ی پارتی- یه‌كگرتو- عه‌لی قه‌راخیی و ئوستازه‌ كۆیله‌كراوه‌كانی زانكۆی سه‌ر به‌ ئه‌و، به‌ خه‌لیفه‌ و به‌دیهێنه‌ری مافی كوردیان ده‌زانی و، منیش له‌ ده‌یان بابه‌ت دا به‌ چاوپێكه‌وتن و به‌ نووسین ده‌موت: ئه‌ردۆگان سیاسیه‌كی فێڵاویه‌، چونكه‌ به‌ وردی مێژووی ژیانی سیاسیی شاره‌زام!!) وا له‌ ئێران نه‌كات كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی دا ئێران- حه‌شدی شه‌عبی له‌ چه‌ندین قۆله‌وه‌ هێرش نه‌كه‌نه‌ سه‌ر كوردستان.
به‌لام له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆگان ده‌یكات توشكردنی ئێرانه‌ و، له‌ ئه‌گه‌رێكی وادا سه‌خترین جه‌نگ كه‌ قورستربێ له‌ شه‌ڕی داعش دێته‌كایه‌وه‌، كه‌ ڕاسته‌ كورد خوێنی زۆری تێدا ده‌ڕژێ، به‌لام ئاكامه‌كه‌ی (له‌به‌ر چه‌ندین فاكتی لۆژیكی) هه‌ر به‌ پڕوكانی ئێران كۆتایی دێت!
به‌ڕاستی ئه‌وپه‌ڕی جاشایه‌تییه‌، تاكی كورد هه‌بێ سۆزی بۆ ڕژێمی ئێران ببێ كه‌ كورد به‌ ئیسرائیل له‌ قه‌له‌م ده‌دات، مانای ئه‌و دێڕه‌ ئه‌وه‌یه كه‌ ڕژێمی ئێران‌: ڕشتنی خوێنی كورد حه‌ڵاڵ ده‌كات!
هه‌روه‌ها ئه‌وپه‌ڕی جاشایه‌تییه‌، تاكی كورد هه‌بێ سۆزی بۆ ڕژێمی ئه‌ردۆگان ببێ، كه‌ تائێستا هه‌زار ژن و منالی كوردی زیندانی كردووه‌ و دژی مافی خواكردی كورده‌ له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بێ!
كوان ئه‌و پارتیی- یه‌كگرتو- عه‌لی قه‌راخیانه‌ی كه‌ ره‌وایه‌تیان ده‌دا به‌ كردنه‌وه‌ی زیاتری قه‌ره‌قولوه‌كانی (بنكه‌ سه‌ربازیه‌كانی) تورك له‌ خاكی هه‌رێم دا!؟ بیانوشیان ئه‌وه‌بو كه‌ تورك به‌رگری له‌ كورد ده‌كا!!
ئاخر ئا ئه‌مه‌یه‌ ساویلكه‌یی سیاسیی! هه‌روه‌ك چۆن پارتی حه‌مه‌ ڕه‌زا شای به‌ به‌رگریكاری مافی كورد ده‌زانی و، هه‌ر پارتیش له‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌ركاری خومه‌ینیش بوونه‌ پێشڕه‌وی پاسداران بۆ داگیركردنه‌وه‌ی ناوچه‌ ڕزگاركراوه‌كانی خۆرهه‌لاتی كوردستان!
به‌نیسبه‌ت مافه‌كانی كورده‌وه‌، ئه‌ردۆگان یه‌كێكی وه‌كو حه‌مه‌ ڕه‌زا شا و خومه‌ینییه‌، هه‌رچی هاوارمان ئه‌كرد و به‌ چاوپێكه‌وتنی ته‌له‌فزیۆنی شیم ده‌كرده‌وه‌، به‌لام پارتیی- یه‌كگرتو- عه‌لی قه‌راخیه‌كان ئه‌زمونیان له‌ ڕابردوی پارتی له‌گه‌ل حه‌مه‌ ڕه‌زاشا و خومه‌ینی وه‌رنه‌ده‌گرت!
به‌هه‌رحاڵ، هه‌ر خاوه‌- خاوكردن و پاشگه‌زبونه‌وه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم خیانه‌تی هه‌میشه‌ییه‌، دڵنیاشم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیسرائیل- فه‌رنسا پشتیوانی كوردن و ئه‌مریكا و ڕوس دژ نین، ئه‌وا گه‌ر سه‌ركردایه‌تیی كورد تۆزقاڵێك غیره‌ت و ئیراده‌یی سیاسییان هه‌بێ، سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نزیكه‌!
تا خاوه‌- خاوكردن و شه‌رم كردن له‌ ڕاگه‌یاندنی جێ به‌جێ كردنی (ئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم) زیاتر بێ، پیلان و گه‌مارۆی تورك-فارس- عه‌ره‌ب بۆ سه‌ر كوردستان زیاتر ده‌بێ!