ئارام قادر حەمەسور: تراژیدیای پێشمەرگەیەک!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشمەرگە ئەو هێز و ناوەگەورەیە کەزۆرکات بەرپرسان بۆ قەڵەو بوونی خۆیان بەکاری دەهێنن، تا ئێستاش پێشمەرگە مافی خۆی پێنەدراوە بەزیندوی و دوای شەهیدبوونیش! شەڕە قورسەکان پێشمەرگە دەیکەن نەک سەرۆک حیزب و کوڕەکانیان، بۆیە تا ئێستاش ڕێگە نادەن ئەم هێزە ببێتە هێزێکی نیشتمانی، ئێستاش بەهەزاران بندیوار ئازاری دەرونی دەدات بەپێشمەرگە زیندووەکان، بە مردویش و بە برینداریش پشتگوێ دەخرێن، درۆیەکی گەورەیە بڵێی حیزب و سەرۆکی پێشمەرگە.
ژیلوان سەعید ناوی ئەوپێشمەرگەیە بوو لەبەرواری 24-09-2017 بەهۆی تەقینەوەیەک لە خواروی کەرکوک برینداربوو، دواتر لەبەرواری 07-10-2017 لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی گیانی لەدەستداو شەهید بوو، باوکی شەهید ژیلوان دەڵێت: پشتگوێ خستنی کوڕەکەم لە نەخۆشخانەکاندا ئازاری زۆری داوم، دەرمان نەبوو خۆم بۆم دەکڕی و کەس سەردانی کوڕەکەمی نەکرد لە نەخۆشخانە و تەنانەت ڕۆژی پرسەکەشی بەرپرسێک سەردانی نەکردین تا تۆزێک دڵمان بداتەوە! قسەکانی باوکی شەهید ژیلوان بێخەمی ئەم دەسەڵاتە نیشان دەدات بەرامبەر پێشمەرگە، پێمان دەڵێت تا بە پێوە بین و چەکمان بەدەست بێت پێشمەگەیەکی ئازاو چاونەترسین، بەڵام دوای مردن و بریندار بوون کۆتایت دێت، جۆشدانی پێشمەرگە بە زیندوی سیاسەتی ئەم سیستەمەیە، ئەگەر بەرپرسێک یان کوڕی بەر پرسێک بریندار بێت لەنەخۆشخانەکانی ئەوروپا چارەسەر دەکرێت، ئەگەر شەهیدیش ببێت پرسەکەی مێژووی دەبێت و ڕاستەوخۆ لە میدیاکانەوە دەگواسترێتەوە! بەڵام بۆ پێشمەرگە هەژارێک ئەمانە خەونن.
شەهید ژیلوان دەستێکی لەدەستدا بوو لە تەقینەوەیەکی تیرۆرستانی داعش، بەدەستەکەی تریشی لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا لە نەخۆشخانەدا دەنگی پێدەدەن بۆ ڕیفراندۆم، باوکی دەڵێت کوڕەکەم بێ هۆشبوو هاتن و پەنجەیان کردە مەرەکەب و دەنگیان پێدا، دەستێک بۆ تیرۆرستانی داعش و دەستێک بۆ ڕیفراندۆم، ڕیفراندۆمێک دەزگاکانی نەیانتوانی خزمەتی پشمەرگەیەکی برینداری پێبکەن! مردنی شەهید ژیلوان بەم شێوە تراژیدی و بێخەمیە خەونی بوون بە دەوڵەت و حیزبی پێشمەرگەو سەرۆکی پێشمەرگە بەتاڵدەکاتەوە، چونکە ئێستاش زۆرینەی پێشمەرگە لەباری خراپی ئابوریدایە و کرێچییە، کەی پێشمەرگە بوو بەهێزێکی نیشیمانی دوور لە حیزب ئەو کات هەنگاوێک لە دەوڵەتی کوردیی نزیک دەبینەوە، بەڵام عەقڵیەتی سیاسی حیزبەکان پێمان دەڵێت ئەم خەونە زەحمەتە.

سود وەرگیراوە لە
1- ئەکاونتی شاعیر ئومێد احمد.
2- ڕاپۆرتێکی کەناڵی کەی ئێن ئێن

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت