بورهان شێخ ڕەئوف: مام جەلال و تورکیا.

مام جەلال ئەو سەرکردەیەى نزیکەى نیو سەدە زیاترە کارەکتەرێکى چالاک و دیار و بوێر و ئازاو دیبلۆماتێکى بەتواناو سەلیقە بوو، جێ پەنجەى لە سەر زۆربەى ڕوداوو گۆڕانکارییەکانى باشوورى کوردستان و […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

مام جەلال ئەو سەرکردەیەى نزیکەى نیو سەدە زیاترە کارەکتەرێکى چالاک و دیار و بوێر و ئازاو دیبلۆماتێکى بەتواناو سەلیقە بوو، جێ پەنجەى لە سەر زۆربەى ڕوداوو گۆڕانکارییەکانى باشوورى کوردستان و عێراق و ناوچەکەش بە گشتى دیارە.
ئَێستا کە مام جەلال لە ڕۆژى 3/10 /2017 لە دواى تەمەنێکى درێژى پڕ هەورازو نشێو بۆ دواجار ماڵئاوایى لە کورد و کوردستان کرد لە ڕووى فیزیکیەوە، بەڵام پەیامە کەى و مێژووە پڕ خەبات و چالاکیەکانی کە دەکرێت بکرێنە چراى ڕووناکى ئایندە و کەڵکیان لێوەربگیرێت نەوە دواى نەوە.
مام جەلال ئەو پیاوەى کە ڕۆژنامەنووس و نووسەر بوو لە هەمان کاتدا پشت و پەناى ڕۆژنامە نووسان و ئەهلى قەڵەم و هونەر بوو، ئەو خاوەنى ئەو وتەیەى کە ئەگەر هەرکەسێک ڕەخنەى لە من و حزبەکەم هەبوو با لەڕۆژنامەى کوردستانى نوێ دا بینووسێت کە زمانحاڵى حزبەکەى بوو.
ئەو پشت و پەناى ژنان و کەمینتە نەتەوەییەکانى کوردستان بوو هەر لە تورکمان و کریستیان و یەزیدى و کوردانى کاکەیى و هەورامی و ئەوانى تریش.
لە هەمانکاتدا مام جەلال خاوەنى پەیوەندیی توندو تۆڵ بوو لە گەڵ هەموو ڕەوتە جیاوازاەکان هەرلە سۆسیالیست ئینتەرناسیونالیستەو بگرە کە بووە جێگرى سەرۆکى گشتى ئەو ڕێکخراوە تا دەگاتە پەیوەندییە کانى لە گەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران کە خاوەنى باشترین پەیوەندى بوو هەروەکو لەم ڕۆژانەى پرسەکەیدا دەرکەوت. ئێرانیەکان بە وەزیرى دەرەوە بەشدارى مەراسیمەکەى بوون چەندین لێدوان و هەڵسەنگاندنى بەرزیان بۆ کەسایەتى مام جەلال دەربڕى لە زۆر ئاستى جیاجیاوە.
ئەوەى مەبەستمە زیاتر لەم وتارە کورتەدا باسى لێوەبکەم پەیوەندییە کانى کوردى باشوورە بە دەوڵەتى تورکیاوە، کۆمارى تورکیاى ئەتاتورک نکووڵى لە بوونى کورد کردووە لە هەموو کوردستانى گەورەدا هەرچەندە لە سەردەمى حوکمڕانى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى جۆرێک لە ڕێکەوتن لە نێوان میرنیشینە کوردەکان و دەوڵەتى ناوبراودا هەبووە کە باج و سەرباز بدەن بە دەوڵەت لە کاتى جەنگدا بەڵام ئیتر زۆر دەستیان لەکاروبارى ڕۆژانە میرنیشینەکاندا وەرنەداوە.
بەڵام ئیدى لەوساوە هیچ پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆ و فەرمى لە نێوان کوردى باشوور و دەوڵەتى تورکیادا نەبووە تا لە ساڵى 1991 دواى ڕاپەڕینى ئازارى ئەو ساڵە مام جەلال توانى پەیوەندى لە گەڵ تورگۆت ئۆزال ى سەرکۆمارى ئەوساى تورکیا ڕێکبخات و بەم هەنگاوە بە ستەڵەکێکى هەشتا ساڵى مێژوویى نێوان کۆمارى تورکیا و کوردى باشوور تووایەوە.
بەڵێ لە ڕۆژى هەینى 14/6/1991 لە کۆشکى چانقایە بۆ یەکەم جار سەرکردەیەکى کوردى عێراق مام جەلال کە هەریەک لە بەرهەم ساڵەح و سەرچڵ قەزاز یاوەرى بوون لەگەڵ سەرکۆمارى تورکیا تورگۆت ئۆزال دیدارێکیان ئەنجامدا.
هەر دەربارەى ئەم کۆبوونەوەو چاوپێکەوتنەو لە بەرگرنگى ئەو بابەتە پێمخۆشە پەرەگرافێک لە کتێبى شەمەندۆفێرى میزۆپۆتامیا لەنووسینى جەنگیز چاندار ڕۆژنامەنووسى بەناوبانگى تورک بخەمەڕوو کەباسى ئەو کۆبوونەوە دەکات:
پێش ئەوەى بچێتە لاى سەرکۆمارى تورکیا یەکمان بینى مام جەلال زۆر بێ ئۆقرە بوو، وەکو منداڵ پڕ جۆش و خرۆش بوو بەردەوام بە عەرەبى دەیگوت ڕۆژێکى مێژووییە. خۆمم پێڕانەگیرا، وتم مام جەلال! لە تەمەنتدا ئەمە یەکەمجار نییە کە سەرۆکى دەوڵەت یان کەسێکى مێژوویى ببینى لە ماوتستۆنگەوە بگرە تا جەمال عەبدولناسر لە گیڤاراوا تا حافز ئەسەدو رەفسنجانى لە گەڵ هەموویاندا بوویت ماوەیەکى کەم بەر لە ئێستا لە گەڵ سەدام حوسێن لە بەغدا لە سەر مێزى دانوستان دانیشتووى ئەوە چیتە بۆ وا بێ ئۆقرەى؟
تاڵەبانى وتى: ئەمە لە هیچ شتێکى دیکە و لە هیچیان ناچێت ئەوەى کورد نەبێت بەئاسانى لە گرنگى دیدارى کەسێکى وەک من لە گەڵ سەرکۆمارێکى تورکیا تێناگات!
هەر لە هەمان بابەتدا نووسەر باسى هاوسەنگى یەکانى ناو تورکیا دەکات کە ئەوکات سەرکۆمار لە حزبێک بوو سەرەک وەزیران لە حزبێکى تر هەر نزیک بوونەوەیەک لە کورد هەڵاى لە سەر دروست دەکرا و بڤە بوو دەڵێت: مام جەلال پێشنیارى بۆ ئۆزال کرد بۆ ئەوەى لەو کێشەو هەڵاو بەزمانە بە دووربێت وتى بە ناوى شاندى ئۆپۆزەسیۆنى عێراقەوە من و مەسعود بەرزانى بانگهێشتى تورکیا بکە.
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەى کە ڕەوانشاد مام جەلال ئەندازیارى پەیوەندییەکانى کوردستانى باشوورو دەوڵەتى تورکیا بووە زۆر بە وردى لە ڕۆڵ و پێگەى تورکیا ڕوانیوە بەو پێیەى تورکیا ئەندامى پەیمانى ناتۆ بووە و بۆ نزیک بوونەوەى زیاتر لە ئەمریکا، تورکیا دەلاقەو دەرگایەکى گرنگ بووەو هەروەکو دواتریش دەرکەوت کلیلى واشنتۆن لە تورکیاى ئەوساوە بۆکورد کرایەوە، لە هەمانکاتدا پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵى مام جەلال لە پرۆسەى ئاشتى لە کوردستانى باکووریش بکەین کە ئەوەش ڕاستییەکە نکووڵى لێناکرێت.

 

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
بورهان شێخ ڕەئوف

ئەرشیڤی بەڕێز: بورهان شێخ ڕەئوف