ڕێبین نەریمان: ڕیفراندۆم لە ناوەوە و دەرەوەدا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سەربەخۆیی مافی هەموو میللەتێکە کە بیەوێت ببیتە خاوەنی کیانێک خۆی بەرێوە ببات کە لەگەڵ خاسێت و خەسڵت و تایبەتمەندیەکانی خەڵکەکەی بگونجێت و ڕێساو یاساکانی بەرێوەبردنی دیاری بکەن ، میللەتی کورد ماوەی چەند سەدەیەکە لەو مافی خۆ بەڕێوەبردنە بێبەش کراوە کە بەردەوام لە ژێر فشاری هەرێمایەتی و میللەتانی ناوچەکەدابووە کە خاوەنی کیانی سەربەخۆ بوون و خێر و داهاتی میللەتی کوردیان بردووە.
لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە ساڵی 1945 کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا و لە بەیانامەکەیدا هاتووە، کە هەموو گەلانی جیهان مافی چارەی خۆنوسینیان هەیە بەسەربەستی و باوەربەخۆبوون و سەربەخۆی وەکو ئەوەی دەیەوێت دوور لە هێزو دەست تێوەردانی دەرەکی وە دوور لە هەموو کارێکی تێکدەرانە کە کاریگەری هەبێت لە وویژدانی مرۆڤدا، کەببێتە سەرەتایەکی نوێ کە بتوانن بە ئازادی قسە بکەن و عقیدەی خۆیان هەبێت بەبێ ترس و چەوساندنەوە. کە چەندین بڕگەی تایبەتمەند کردووە بۆ ئازادی گەلان و مافی چارەی خۆنووسینی میللەتان.
ڕیفراندۆم وەک ئامرازێک بۆ سەربەخۆیی، زۆرجار بەکار هاتوە لەلایەن گەلانی دونیاوە. کورد بە پرۆسەی ڕیفراندۆم هەنگاویی ڕاستەقینەی ناوە بەرەو سەربەخۆی، هەرچەندێک لە ناوخۆی کوردستان نەتوانرا زۆر پشتگیری بۆ بەدەست بهێنرێت بە هۆکاری ئەو کەسانەی ڕێبەری ڕیفراندۆم دەکەن ( سەرکردایەتی سیاسی کورد ) تاوانبارن بە چەندین بابەتی گەندەڵی و خیانەتی نیشتیمانی لە ماوەی حوکمڕانی ڕابردوو وە زۆر زیانی گەورەیان بە میللەت گەیاندوە کە هیچ بەڵینیکیان نەبردۆتە سەر هەروەها لە پێناوی دەسەڵاتی خۆیان هەرچی بێ ڕێزی هەیە بە تاکی کورد و یاسای کوردستانیان کردووە بۆیە تاکی کورد بێ هیوا بووە لە سەرکردایەتی سیاسی کورد.
لەسەر ئاستی دەرەوە ووڵاتانی دراوسێ ( تورکیا – ایران – سوریا ) دژایەتی ڕیفراندۆم دەکەن دەیانەوێت بە یەکەوە هاوسەنگی ناوچەکە ڕابگرن، ڕیفراندۆم بە هەنگاوی بەرەو دەوڵەت بوون و سەربەخۆی لێکدەدرێتەوە، نایانەوێت هەرێمی کوردستان جیاببێتەوە و ببێتە دەوڵەت، چونکە دەبێتە قوڵایی ستراتیجی کوردانی ئێیران و تورکیا و سوریا لە ئایندەدا و لە حاڵەتی بە دەوڵەت بوونی کوردستانی باشوردا دەتوانێت ئەجندا و سیاسەتی خۆی لەو ووڵاتانەدا بەرجەستە بکات، ئەوەی چەند ساڵە بە کوردانی دەکەن پێچەوانە دەبێتەوە. ئەوەی لەسەر رێککەوتوون ئەوەیە ئێران لە عێراق و تورکیا لە سوریا دەوری خۆی بگێرێت بۆ لێدانی کیانی کوردی لە ناوچەکە.
لەسەر ئاستی ووڵاتانی کەنداو هەست بەبێ دەنگیەک دەکرێت کە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە نایانەوێت کوردستان لاواز بێت چونکە بە خاڵێکی بەهێزی بەریەککەوتنی سونەو و شیعەی دەبیننن کە لە ئایندەدا کوردستان دەبێت لە بەرەی سونە بێت بۆ ڕێگریکردن لە پاوانخوازی شیعە و کەمکردنەوەی هەیمەنەتی ئێران، دەیانەوێت کورد بەهێز بێت تا سوودی لێببینریت لە ململانێی سونە و شیعەدا.
ئەوەی کە دەمێنێتەوە ئیسرائیلە، کە بە پێویستی دەزانیت سوریا لە ووڵاتانی چواردەوری داببڕێت تا هاوکاری سەربازی بە ئاسانی نەگاتە سوریا لە ایرانەوە لە کاتی جەنگ دا، وە بازنەی سیاسی و جموجۆلی ئێرانی بە ئاڕاستەی ئیسرائیل ڕابگرێت شریتێکی ئەمنی بە دەوری خۆیدا دروست بکات کە لە داهاتوودا ئیسرائیل بە ئاسانی بتوانێت بەرنامەی فراوانبوونی خۆی جێ بەجێ بکات و سوریا لە سینارۆیەکی ئاسانترا وێران بکات.
هەرچەندە ئێران و تورکیا دژی ڕیفراندۆمن لە کوردستانی باشور، بەڵام بە شێوەی جیا مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، ئێران نایەوێت ناوچەی بەرژەوەندیەکانی لە کوردستان لە دەست بدات کە سلیمانی و کەرکوکە و لە دەست هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانیە هەر بۆیە بە شێوەیەکی خێرا دەجوڵێت بۆ ڕێگریکردن لە ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم کە هەست دەکات دۆڕاوی یەکەمە لە کوردستانی باشور لەم پرۆسەیە دا. بۆیە یەکێتی دەکەوێتە دووڕیانێکی مەترسیدارەوە چ درێژە پێدەرو بەردەەوام بێت لە ڕێکەوتنامەی ستراتیجی لەگەڵ پارتی یان بکەوێتە بەرەی ئیرانەوە و دەستکەوتە مادییەکانی بپارێزێت ئەوەی کێشەیە بۆ یەکێتی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دەکەونە ژیر هەڕەشەی ئێرانەوە لە داهاتوودا.
هەرچی تورکیایە دژی دروست بوونی دەوڵەتی کوردیە، بەڵام دەردەکەوێت نەرمتر لە ئێران مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە دەکات، چونکە لە ڕێگەی ڕێکەوتنی چەند ساڵەی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری نەوت سوودمەند بووە و کە پێ دەچێت چاوی لە غازی سروشتی و بازاڕی کوردستان بێت، بیەوێت داوای دەسکەوتی زیاتر بکات بۆیە چاوەرێ یە سوود لە هەڵەی ئێران ببینیت لە کوردستانی باشور تا بتوانێت بازنەی بەرژەوەندیەکانی فراوانتر بکات لە ئایندەدا.
بە بۆچونی من لە داهاتوودا چەندین سیناریۆ و ڕووداووی جۆراو جۆر دەبینین لە ناوچەکەدا، بەڵام کیانی کوردی لە ئایندەدا بەهێز دەبێت و ڕۆلی زیاتری دەبێت لە ناوچەکەدا، چ دەوڵەت بێت یان هەرشێوازێکی نوێی دابەشکردنی دەسەڵات کە لە عێراقدا بچەسپێت وە تورکیا ڕۆڵی زیاتری دەبێت لە کوردستان دا، وە ڕۆڵی ئێران کەمدەبێتەوە لە کوردستان. ئامانجی یەکەمی ڕیفراندۆم لەژێر دەست دەرهێنانی ناوچەی بەرژەوەندیەکانی ئێرانە لە کوردستان.