كارۆخ عوسمان: مەسعود بارزانی شێت بووە.

بە ئیعتڕافی خۆی، مەسعود بارزانی شێت بووە، یان دەبێ پەلە بكرێت بۆ قۆناغی دوای ئەم شێتە یانیش دەبێت بەحوكمی شێت ڕازی بین. ئەو دەڵێت: ئەگەر ڕێفەراندۆم سەر نەگرت پێم بڵێن […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

بە ئیعتڕافی خۆی، مەسعود بارزانی شێت بووە،
یان دەبێ پەلە بكرێت بۆ قۆناغی دوای ئەم شێتە یانیش دەبێت بەحوكمی شێت ڕازی بین.
ئەو دەڵێت: ئەگەر ڕێفەراندۆم سەر نەگرت پێم بڵێن شێت، بەڵام بەبڕوای من مەسعود بارزانی لەو ڕۆژەی خۆی سەپاندووە بەسەر كورسی حوكمدا شێت بووە. چونكە چارەنووسی داسەپاوەكان ھەمیشە لەداردان و مل پەڕاندن و دادگایی و ڕاونان بووە، دەبوایە مێژووی دكتاتۆرەكانی دونیان بزانێت. نەك لەبەر خاتری ژیانی خۆی بەتەنھا بەڵكو بۆخاتری ژیانی ئەولادو وەچەكەی، كە ئەوانیش بەھۆی تێوەگلانیان لەگەندەڵی و دزینی سەروەت و سامانی خەڵك و چەوساندنەوەو ستەم و زۆرداری چارەنووسێكی خراپیان دەبێت.
بارزانی جگە لەخۆسەپاندن بەسە حوكمڕانیدا دارودەستەو ئەقڕاباكانی بەرداوەتە گیانی خەڵك، بەئارەزووی خۆیان یاری بەچارەنووسی خەڵك و خاكی نیشتمان دەكەن، مەگەر ئەوە شێتی نیە.؟
بارزانی لەوەتەی بووە بەسەرۆكی پارتی و سەرۆكی ھەرێم بەشەرعی و ناشەرعی، تاكڕەوانە ھەنگاوی ناوەو بڕیاریداوە، لەسەر شاخێكەوە حوكم بە پێوەرە خێڵەكیەكان دەكات، خەرجی ھەموو دانشتوانی ئەم ھەرێمە بەقەد خەرجیەكانی خۆی و بنەماڵەو حزبەكەی نین، مەگەر ئەوە شێتی نیە.؟
باوكی و براكانی و ھاوڕێ و ھاوخەبات و دۆست و دوژمنەكانی بەبەرچاوی خۆیەوە مردن و لەمەترو نیوێكدا نێژران، كەچی ھێشتا بەنیازی ژینی ھەتاھەتایی خەریكی پێكەوەنانی سەروەت وسامانی ناشەرعیە، مەگەر ئەوە شێتی نیە.؟
بارزانی ھەموو مانەوەی خۆی و حزب و بنەماڵەكەی بەستۆتەوە بەعەمیلیەتی بێگانەو دوژمن، لەجیاتی پشت بەستن بەگەل، مەگەر ئەوە شێتی نیە.؟
لەدوای ئاشبەتاڵی 1974 بەربەرچاوی مسعود بارزانیەوە كۆشكەكانی باوكی (مەلا مستەفا) ئەو كۆشكانەی كە بەڕەنجی شۆڕشگێڕانی كوردەوە دروستكرابوون، لە ناوچەی باڵەكایەتی بەبۆردوومانی فڕۆكەكانی ڕژێمی عێڕاق كاولكران، كەچی ئێستا خۆیشی لەسەر ڕەنجی خەڵكی كوردستان كۆشك و تەلارو سەرایی لەھەرێم و لەجیھانیش بونیاد دەنێت، مەگەر ئەوە شێتی نیە.؟
لەوە شێتتر دەبێ چی بێت، كەسور دەزانێ ئەم خەڵكەی دوای كەوتووە بۆ پارەو سامانی دزراوە، كەچی پێیان دەنازێ و بەھاشو ھوشی ئەوانەوە ھەڕەشە لەئەمریكاو عێڕاق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات و پەنجەیەك دەكاتە نیوەو ڕایدەوەشێنێ..!!!
لەوەشێتتر دەبێ چی بێت، كەھێشتا دوای 14 ساڵ حوكمی زۆنێك و 12 ساڵ حوكمی تەواوی ھەرێمی كوردستان ھێشتا زمانی دیبلۆماسیەت فێر نەبێت و لەگوتاری كەڕنەڤاڵی گرنگترین پرسی نیشتمانیدا بڵێت: ھندە حسابێ بۆڕەئیا یەك بەشەرێ ناكەم.
بڵێت: ئەوەی لەگەڵم نیە با ھەڵپەڕێ.
بڵێت: باڵیۆزی ئەمریكا (مەكگۆڕك) بەسیتترین پلەی وەزیفی وەزارەتی دەرەوەیە مەجالی چاوپێكەوتنم نیە.
ئەرێ شێتی چیەو چۆنە؟
خۆ جلی گشت شێتەكان دڕاوو كۆن نیە، خۆ ھەموویان لەسەر شەقام ناخەون و میز ناكەن.
خۆ ھەموویان لیكاویان بەلالێودا نایەتەخوارەوە.
شێتی پلەباڵاش ھەیەو ئەوەتا خۆی ئیعتڕاف دەكات.
مەگەر ئەوە شێتی نیە، مرۆڤێك بەپلەی سەرۆك بڕواتە پەرلەمانی ئەوڕوپاو درۆ بۆ ھاونیشتمانیانی ھەڵبەستێت.؟
مەگەر شێتی نیە پێی وابێت پەرلەمانی ئەوڕوپا پێی بڕوادەكات، كاتێ دەیگوت; پەرلەمانم بۆیە داخست چونكە دەیانویست كودەتا بەسەر مندا بكەن.؟
ئەرێ لەتاریخی ھەموو عالەما كێ بیستویەتی پەرلەمان كودەتای بەسەر سەرۆكدا كردبێت، مەگەر سەرۆك فەرمانبەری پەرلەمان نیە.!!!
شێت بوونی بارزانی لەدوای شكستی ڕێفەراندۆمەوە نیە، بەڵكو لەوكاتەوە شێتیەكەی دەست پێدەكات كە لەشەڕی نێوخۆییدا گشت كردارەكانی ڕژێمی بەعسی بەزیادەوە ئەنجامدان. كاتێ بۆ بردنەوەی شەڕ سوپای سێ دەوڵەتی داگیركەرو ستەمكاری ھێنایە سەر كوردستان.
مەگەر ئەوە شێتی نیە، پێی وابێت ئەم ھەموو خیانەتكاریە لەیاد دەچن.؟
ئەرێ شێتی چۆنە.؟
ڕەنگی چۆنە.؟
شكڵی چۆنە.؟
تۆبڵێی مەبەستی بارزانی لەشێتی من نەبێت كەھێشتا پێم وایە عاقڵەو دەوڵەتم بۆ دروست دەكات.؟
خۆ ئەگەر من وابم ھیچ گومانی تێدانیە شێتم.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
کارۆخ عوسمان

ئەرشیڤی بەڕێز: کارۆخ عوسمان