لوقمان مستەفا: کاتی ئەوەیە دەست لە کاربکێشنەوە.

تائێستا لە ووڵاتی ئێمەدا تا ئەم ساتەش دەست لەکار کێشانەوە و دەست هەڵگرتن لە پۆست و پلەو پایەکاندا هێشتا لە فۆرمەلە یاساییەکەی دەرنەچووەو نەبۆتە نەریت، بەردەوام لەبازنەی بەرژەوەنی تایبەتی خولدەخوات، […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

تائێستا لە ووڵاتی ئێمەدا تا ئەم ساتەش دەست لەکار کێشانەوە و دەست هەڵگرتن لە پۆست و پلەو پایەکاندا هێشتا لە فۆرمەلە یاساییەکەی دەرنەچووەو نەبۆتە نەریت، بەردەوام لەبازنەی بەرژەوەنی تایبەتی خولدەخوات، خۆ ئەگەر بۆ هەموو سەرەتایەک کۆتاییەک هەبێت ئەوا بەرلە شکستی گەورەو بەرلە قەیران ولەهەموو ساتە وەختێکی پێویستدا، هەرکاتێک قۆناغەکە و ژینگەی شوین و پۆستی کارکردن و لێپرسرواێتی بیخوازێت دەست لەکارکێشانەوە و وازهێنان و دەست هەڵگرتن لە ئەرک و پلە و پۆستەکان زەروورەتێکی مێژووی قۆناغەکانە، بەڵام تا ئێستا دەست لە کارکێشانەوە لای ئێمە کەمترین رووداو و شەرم ترین دەنگە و کلتورێکی باڵا دەست نیە. ئەو کارەسات و شکستانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا ڕوودەدات لەهەر ووڵاتێکی کەی دونیادابێت سەرکردەکانیان دەست لەکار دەکێشنەوەو ئامادەییش دەردەبڕن بۆ هەموو لێکۆڵینەوەو سزایەک بەرانبەریان.

لەجیهانی پێشکەوتوودا ووڵاتانی گەشەسەندودا تەنانەت لە بواری وەرزشەکەشیاندا  بەر لە قەیران و بەر لە رووداو و بەرلەشکست و لە ساتەوەختی هەموو ئەوانەشدا کلتوری وازهێنان و دەست لە کارکێشانەوە بەهزر و بیریاندا رۆچووە و زیاتر لەوەش زۆر جار کەسایەتیەکان و ئەستێرە دیارەکان لە ترۆپکی ئامادەی و ناوبانگ و سەر کەوتندا لە پێناو نەمری خۆیاندا و وەک هەڵوێست و وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و بە ئارەزووی گۆرانکاری و بە دروست کردنی بیانو و گەلێک کە ئامانج تیایدا تەنیا خزمەتکردنە، وازهێنان و دەست لەکار کێشانەوە لە ئەرک و کارەکانی خۆیاندا دوور لە چاوەروانییەکان دەکەنە پڕۆسە، بۆ ئەمەش نمونە گەلێکی زۆرمان لەبەردەست و لەبەر چاوەدەبینین و دەبیستین لە ووڵاتە دیموکراسی و رۆژئاوایەکان وەزیرو ئەندام پەرلەمان و بەرپرسەکان چۆن لەبەرامبەر کارەساتێکی سروشتی و رووداووناعەدالەتی و ئاشکرابوونی گەندەڵیەک لە وەزارەت و حکومەت ھەڵوێست وەردەگرن و دەست لەکاردەکێشنەوە و رێز لە ئیرادەی دەنگدەران و ھاووڵاتیان دەگرن، لەپێناو پلەو پایەو پۆست و ئارەزوەکاندا بەرژەوەندی گەل ناخەنە سەرووی بەرژە وەندی کەسی و حیزبی.
بەڵام لەئەزموونی حوکمداری ھەرێمی کوردستاندا بانگەشەی دیموکراسی و مەدەنیەت و عەدالەت و مافی ھاووڵاتی و بەژەوەندی گەل و میللەت کاسی کردووین، بەڵام بەس بەقسە نەک بەکردار! ئەوان نەک دەست لەکارناکێشنەوە بەڵکو شەڕیش لەسەر کورسی مانەوەیان دەکەن لەچەند کابینەی یەک لەدوایەکدادەبنەوە بە بەرپرس و وەزیر و… هتد.

تا ئێستا لە کوردستان پاش ئەم ھەموو شکستانە سەرکردەیەکمان نەبینی دەست لەکار بکێشێتەوە، دان بە شکستی خۆیدا بنێت و بەرەو روی لێ پێچینەوەو بکرێت، ھەمیشە بەھانە بۆ تاوان و شکست و گەندەڵییەکانیان دەھێننەوەو تائێستا خۆیان بە سیاسییە دانسقەکان دەناسێنن، مردن نەبێت لە کورسی جیا نابنەوە. وەک ئەوەی لەم ووڵاتەدا تەنیا خۆیان شایستەو پسپۆرو خەمخۆرودەسپاکی گەل بن.
کاتێک ئیهودباراک کە لەساڵی 2012 وەزیری بەرگری ئیسرائیل بودەستی لەکار کێشایەوە کەلەوپەری دەسەڵاتیدا بو، ناوبراو پێشتریش پۆستی سەرۆکی ئەنجومونی وەزیرانی لە ئەستۆبوە، دەست لەکار کێشانەوەکەی کەسایەتیەکەی زیاتر بەرزکردەوە لەنێوەندە سیاسیەکانی ووڵاتەکەیدا، ئەوان سەروەری یاسایان کردبە بەشێک لە کلتوری ووڵاتەکەیان و شانازیشی پێوەدەکەن.
دەبێت ئێمەی کوردیش چاولەکارە باشەکانی ووڵاتان بکەین و دەست لەکارکێشانەوە لەرێکارە یاساییەکەیەوە بکەین بەبەشێک لەکلتوری ووڵاتەکەمان، دەبێ دەست بکەین بە چاندنی تۆوی کولتووری دەست لەکارکێشانەوە.

هەربۆیە دەرهاویشتەکانی ڕیفراندۆم و کارەساتەکانی ئەم دواییە وا دەخوازێت کەهەست بەو بەرپرسیاریەتە مێژووییەبکەن دان بەشکستە کانتاندابێنن و دەست لەکار بکێشنەوە، ئەگەرنا ئەوەمافی ئەوخەڵکەیە کە داواتان لێبکات دەست بەجێ دەست لە کاربکێشنەوەو ڕێگا خۆشکەن بۆ خەڵکانێک کە باشتر بیر دەکەنەوەو خوێندنەوەیان ووردترە بۆ ڕووداوەکان و گۆڕانکاریە نێودەوڵەتیەکان.

ئەگەر بڕواتان بە بنەماکانی دیموکراسیەت هەیە وەک ئەوەی هەمیشە بانگەشەی بۆ دەکەن ئەوە دەبێت هەربەرپرسێک کە بەر پرسیاریەتی هەیە جا لەهەر پلەو پۆستێکی سیاسی و ئیداریدابێت، نەیتوانی خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی بکات، یاخود شکستی هێنا لە ڕاپەڕاندنی ئیش و کارەکانیدا، وەیان هەستی کرد ووڵاتەکەی بەرەو هەڵدێر دەچێت و میللەتەکەی ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە ئەوە گەورەیی یە  بۆ ئەوبەر پرسە یا ئەوسەرکردەیە کە هەست بە لێپرسراوی خۆیبکات و دان بنێ بەشکستەکەیدا و دەست بەجێ دەست لەکار بکێشێتەوە. لانی کەم  ئەو شەرەفەی پێدەبڕێت کە ببێتە پێشەنگ بۆ نەوەکانی ئێستاو ئایندە، مێژوویش بە نەمری دەی هێڵێتەوە، بەپێچەوانەشەوە مێژوو ڕەحم بەکەس ناکات و تووڕیان دەداتە زبڵدانەوە.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
لوقمان مستەفا سالح

ئەرشیڤی بەڕێز: لوقمان مستەفا سالح