محەمەد بەرزی: کورد و تەڵەی داگیرکەران.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بە درێژایی مێژوو کورد، نە بە خۆیدا چۆتەوە و نە سودیشی لە هەڵە و شکستەکانی رابوردوی وەرگرتووە، بەردەوامیش لە لایەن داگیرکەرانەوە تەڵە و تەپکەی بۆ نراوەتەوە و بە ئاسانی تەفرە دراوە . بۆ نزیکەی شەست ساڵدەچێت سەرکردەکانمان بە هەموو عەقڵیانەوە ویستویانە نۆکەری بۆ داگیرکەرێک بکەن، تا بتوانن بەسەر داگیرکەرێکی تردا سەربکەون، بێ ئاگا لەوەی بە درێژایی مێژوو ئامانجی هەموو داگیرکەرەکان بەرامبەر بە نەتەوەکەمان یەک ئامانجی نەگۆڕ بووە. لە دوای ڕاپەڕینەوە بارزانی وەک خاوە و سەرانەیەک دەرگای تاڵانکردنی سامانی وڵاتەکەمانی بۆ تورکیا خستۆتە سەر گازی پشت . وا خۆی نیشانداوە، کە هەر ئەو دەتوانی ئەو سودە زۆرانە بە تورکیا بگەیەنێت، کار گەیشتۆتە رادەیەک سوپای تورکیا بۆ پشتگیری لە کورسییەکەی و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی بهێنێتە ناو هەرێمەوە. بەمەش بارزانی هاوکێشەکەی لیێ تێکچووە و تورکیای بـە پشت و پــەنای خــۆی زانیوە. بێگومان لەگەڵ تورکیادا باسی ئامانجی ڕاستەقینەی ریفراندۆمی کردووە، کە سەربەخۆیی نەبووە. ئۆردوگانیش، کە بە ڕاستی بۆ بەرژەوەندی وڵاتی خۆی کاردەکات، پلانێکی بە وردی بۆ بارزانی داڕشتووە، کە بریتی بووە لە دوو ئاڕاستە. ئاڕاستەیەکیان بە سەرزارەکی پشتیوانی خۆیان بۆ ریفراندۆم نیشانداوە، بەڵگەش بۆ ئەمە لە سەرەتای بانگاشەی ریفراندۆمەکەدا و لە ناو جەرگەی تورکیادا و بە بەرچاوی ئۆردوگانەوە، سەدان کەس بە ئاڵای کوردستانەوە پشتگیرییان لە ریفراندۆم کردووە، بە بێ ئەوەی ڕێگرییان لیێ بکرێت. ئەمەش نیشانەیە، کە تورکیا بە سەرزاری لەگەڵ بارزانی دا لەسەر ریفراندۆم پێکهاتووە و پەیمانی کۆمەک و پشتگیریی ماددی و سەربازیشی پێداوە، هەر ئەم پەیمانە درۆیەش بووە وای لە بارزانی کردووە، خۆی لیێ بگۆڕێت و گویێ لە دەنگی ناوەوە و دەرەو نەگرێت و سوربێ لە سەر ریفراندۆم. لە هەمان کاتدا تورکیا بۆ شاردنەوەی مەرامە ڕاستەقینەکەی خۆی و بۆ لە خشتەبردنی ئێران و عیراق سەرزەنشتی ئەو پڕۆسەیەی کردووە. بەڵام لە ڕاستیدا خواستە ڕاستەقینەکەی تورکیا تەڵە نانەوە بووە بۆ بارزانی و بەکارهێنانی دۆزی کورد بووە بۆ دەسکەوتی زیاتر لە عیراقدا. ئەوەتا کاتێک بارزانی تەفرە دەدات و دەیکات بە تەڵەوە و ڕێگای دەرچوون و پاشگەز بوونەوەی بۆ ناهێڵێتەوە، ئنجا ڕووی ڕاستەقینەی خۆی دەردەخات و دەکەوێتە هێرش و سوکایەتی کردن بە بارزانی. بێگومان ئامانجی پیلانەکەی تورکیا بریتیین لەم خاڵانەی لای خوارەوە:
1- دوورخستنەوەی کورد لە شاری کەرکوک ، کە بە شارێکی تورکمانی و بەشێکی تورکیای دەزانێت و لەباربردنی بیرۆکەی سەربەخۆیی ، کە مەترسییە بۆ سەر وڵاتەکەی خۆی و پچوککردنەوەی ڕۆڵی کورد لە عیراقدا و گۆڕینی ناوی هەرێمی کوردستان بۆ باکوری عیراقی جاران .
2- فشار خستنە سەر عیراق تا ڕازی بێت بە هەموو گرێبەستەکانی نێوان خۆی و حکومەتی هەرێم ، بە تایبەتی گرێبەستە پەنجا ساڵییەکەی .
3- رێکەوتن لەگەڵ عیراقدا بۆ هاوبەشیکردنی کۆمپانیاکانی تورکیا لە ئاوەدانکردنەوەی شاری موسڵ و ناوچەکانی تری عیراقدا .
4- ڕۆیشتنی نەوت و غازی عیراق بە ناو خاکی تورکیادا و ڕێگا نەدان بە گۆڕینی ئاڕاستەی ئەو بۆرییانە .
5- رێکەوتن بۆ هاوبەشیکردنی عەبادی لە بەرەنگاربوونەوەی هێزە قارەمانەکەی پەکەکەدا .
6- داخستنی سنوری نێوان هەرێم و کوردستانی ڕۆژئاوا لە لایەن سوپای عیراقەوە .
ئەوەی شایانی باسە ئەمڕۆ تورکیا باسی سەروەت و سامانی بارزانی لە ناو بانکەکانی تورکیادا دەکات و ڕووناکی دەخاتە سەر نهێنییەکانیان ، لە مەشدا مەبەستی ئەوەیە، کە بە ئاشکرا بە عیراق بڵێت: ئەگەر بەو خاڵانەی سەرەوە قایل بیت، ئەوا ئەو ( 75 ) ملیار دۆلارەی بارزانیتان بۆ دەگەڕێنینەوە و هەموو ڕێگایەکیش بە ڕووی خەونی سەربەخۆی کورددا دادەخەین و بارزانیشتان لە کۆڵدەکەینەوە . سەرباری ئەمانەش رێکەوتنی تورکیا و عیراق دەرگایەکی فراوانتر لە رووی بەرژەوەندییەکانی تورکیادا دەکاتەوە . چونکە لە جیاتی ئەوەی بازرگانی لەگەڵ هەرێمێکی پچکۆلەی پێنج ملیۆنیدا بکات، ئەوا ئەو کاتە لەگەڵ ( 35 ) ملیۆن خەڵکی هەموو عیراقدا دەکات و لەمەشدا بارزانی بە هەڵەدا چووە.
ئەوەی جێگای داخە هەرچۆن تورکیا بارزانی تەفرەدا، ئێرانیش توانی زۆر بە باشی فێڵ لە باڵی بنەماڵەی تالەبانی بکات و وایان لیێ بکات خەنجەرێکی ژەهراوی لە پشتی بارزانی بدەن و هەقی 31 ی ئابی لێ بکەنەوە و تووشی ئەو شکستە کوشندەیەی بکەن، لە هەمان کاتیشدا بە تەواوی یەکێتیش بخاتە ژێر دەستی بنەماڵەی تالەبانییەوە. بەڵام بە داخەوە هەردوو لایان بەبێ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی میللەتەکەمان لە بەرچاوبگرن، سوپای عیراقیان هێنایەوە بۆ سەرخاکی پیرۆزی نیشتمانەکەمان، ئەمە سەرباری شەهیدبوونی دەیان پێشمەرگە و ماڵوێرانی هەزاران خێزانی بێ پشت و پەنای بێ دەرەتان و شکاندنی شکۆی پێشمەرگە و ڕۆژی کوردیشیان گەیاندە ئەم ڕۆژە ناخۆشەی ئەمڕۆ ، کە بە گران لەسەرمان دەکەوێتەوە.
هەڵبەت هەموو سەرکردەیەکی هوشیار، سیاسەت بۆ بەرژەوەندی میللەت و وڵاتی خۆیدەکات، بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆ سەرکردەکانی کورد، هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی ژیانیان تەنها بەرژەوەندی خۆیان بووە و بیریان لە دواڕۆژی ئەو میللەتە کڵۆلە نەکردۆتەوە. ئەوەندی حەزیان لە کلکایەتی داگیرکەران و دنیای دەرەوە بووە، نیو ئەوەندە لە خەمی میللەتی خۆیاندا نـەبوون. بۆ ( 27 ) ساڵ دەچێت نەیانتوانیوە پایەکانی دەوڵەت دابمەزرێنن و تواناکانی خۆیان یەکبخەن، بە هەموو قسە و تەفرەیەکی دۆست و دوژمن باوەڕیانکردووە. ئەمەش نیشانەیە، کە ئەم سەرکردانە لە هونەری سیاسەتیان نە زانیوە، ئەوەتا لە کاتێکدا ئەمڕۆ بۆ یارمەتیدانی کورد باسی کۆمەکی جوولەکە دەکرێت، هەموو بە جارێک باوەڕدەکەین، بەڵام بە چاوی خۆمان بینیمان سوپای عیراق دەستی بە سەر زیاتر لە نیوەی ڕووبەری کوردستاندا گرت، نەمانبینی جولەکەیەک بە هانامانەوە بێت. ئەو جموجۆڵەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش، کە گوایە دەیەوێت روسیا و وڵاتانی ئەمەریکا و ئەوروپا قایل بکات، تا بە هانای کوردەوە بێن، خۆی لە خۆیدا تەنها بەکارهێنانی دۆزی کوردە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی وڵاتی ئیسرائیلە. سەرۆک وەزیرانەکەیان زیرەکانە دەیەوێت بەو جموجۆلانە فشار بخاتە سەر ئیران، تا وای لێبکات یارمەتییەکانی بۆ حیزبوڵڵای لبنان ڕابگرێت، بەمەش ئیسرائیل لە مەترسییەکانی ئەو حیزبە بپارێزێت. بەڵام بە داخەوە چونکە ئێمە لە سیاسەت نەگەیشتوون و دووربین نین، ئەوەتا کوێرانە و سۆزەکی چەپڵە و دەهۆڵیان بۆ دەکوتین و ئاڵاکەیان بەرزدەکەینەوە و خۆشمان بە تەنها لە ناو کۆمەڵگایەکی ناتەبای بێ بژێوی و دواڕۆژێکی نادیاردا، بە خەم و ئازاری شکستە یەک لە دوای یەکەکانمانەوە دەتلێینەوە.