جەزا ئەحمەد: درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان ترسە لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵبژاردن بەیەکێک لە پایە بنەرەتیەکانى دیموکراسى دادەنرێت کە بەشێوەیەکى ئاشتیانە لەرێگەیەوە دەسەلات دەستاو دەستى پێدەکرێت، بۆیە هەمیشە لەووڵاتە دیموکراتیەکاندا هەڵبژاردن لەکاتى خۆیدا ئەنجامدەدەرێت.
بەڵام بە پێچەوانەى ووڵاتە دیموکراتەکانەوە لە زۆر هەرێم و ووڵاتى تر هەیە کە ئەو هێزە سیاسیانەى دەسەڵاتیان بەدەستە لە هەڵبژاردن دەترسن و دەزانن کە ئەگەر هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد بکەن ئەوە دەسەڵاتەکانیان لەدەست ئەدەن بۆیە هەڵبژاردن دوادەخرێت یان ناکرێت بۆ ئەم مەبەستەش بە هەرشێوەیەک بێت هەوڵى درێژکردنەوەى ماوەى دەسەڵاتى خۆیان دەدەن.
لە ڕاستیدا هیچ هێزێکى دیموکراتى لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن ناترسێت لە بەر ئەوەى هەڵبژاردن پایەیەکى گرنگى دیموکراسیە کە لە رێگەیەوە لەپاڵ ئەوەى دەسەڵات دەستاو دەستى پێدەکرێت شانسیش بەخەڵک و لایەنى تر ئەدرێت بێنە پێشەوە و بەشدارى پێکهێنانى دەسەڵات بکەن بە پێى رێژەى ئەو دەنگانەى کە هەیانە، بۆیە لە ووڵاتانى دیموکراسى لەپاڵ ئەوەى کە هەڵبژاردن لەکاتى خۆى ئەنجامدەدریت هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەردیش ئەکەن لە پێناو ئەوەى کە وەک ووڵاتێکى دیموکراسى بمێننەوە.
بەڵام بە پێچەوانەى هێزە دیموکراتەکانەوە هەمیشە هیزە نادیموکراتەکان لە هەڵبژاردن ئەترسن چونکە لەوە تێگەشتوون ئەنجامدانى هەڵبژاردن بریتیە لە لاوازکردنى ئەوان یان کۆتاى پێهێنانیان پێیان بۆیە هێزە نادیموکراتیەکان کاتێک کە دەگەنە دەسەڵات هەوڵى ئەوە دەدەن کە هەڵبژاردن نەکەن یان دواى بخەن بەهۆى هەر بیانوویەکەوە بێت بۆ ئەم مەبەستەش بە شێوەیەکى نایاساى تەمەنى دەسەڵاتى خۆیان درێژدەکەنەوە.
کێشەى هێزە نادیموکراتەکان تەنها بریتى نیە لەوەى کە هەڵبژاردن ناکەن یان دواى دەخەن وە زۆر جاریش لەپاڵ دواخستنى ئەم پرۆسەیە هەوڵدەدەن پاساو بۆ کارە ناشەرعییەکانیان بهێننەوە.
درێژکردنەوەى ماوەى خولى پەرلەمانى کوردستان لەوەوە سەرچاوەى گرتووە کە هێزە نادیموکراتیەکانى ناو پەرلەمان زۆر ترین کورسیەکانى پەرلەمانى کوردستانیان بەدەستە کە ئەمەش مەترسییەکى گەورەیە لەسەر ئایندەى ئەم هەرێمە لەبەر ئەوەى ئەم هێزە نادیموکراتانە هەموو شتێکى نایاساى دەکەن لە پێناو مانەوەیان و رێگە بەلایەنى تر نادەن لە رێگەى هەڵبژاردنەوە بێنە پێشەوە بۆ ئەم مەبەستە بەهەرشێوەیک بێت هەڵبژاردن دوادەخەن.
بەهۆى ئەو هەموو قەیران و نەهامەتیەى کە هەردوو پارتى دەسەڵاتدار توشى ئەم هەرێمەیان کردووە ئەگەرێکى زۆر هەیە کە بەشێکى کورسییەکانیان لەدەست بدەن لە پەرلەمان، بۆیە شتێکى زۆر ئاساییە کە ئەم دووپارتە وادەى هەڵبژاردن دوابخەن و ماوەى دەسەڵاتیان درێژ بکەنەوە تاوەکوو ئەو کاتەى کە خۆیان دەیانەوێت کە ئەمەش مەترسییەکى گەورەیە لە سەر پرۆسەى سیاسى ئەم هەرێمە.
لەسەر سەرجەم دەنگدەران پێویستە کە دژى ئەم کارەى یەکێتى و پارتى بووەستنەوە لەبەر ئەوەى خەڵک بۆ ماوەى (4) ساڵ ئەوانیان هەڵبژاردوە کە نوێنەرایەتیان بکات و هەروەها بەهیچ شێوەیەک دەسەڵاتى ئەوەیان پێنەبەخشیون کە بتوانن ماوەى تەمەنى خۆیان لەپەرلەمان و دامەزراوەکانى تر درێژبکەنەوە.
درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان و دامەزراوەکانى ئەم هەرێمە پێچەوانەى هەموو بنەماکانى دیموکراسییە و دەرخەرى ئەو راستییە کە ویستى قۆرخکارى دەسەڵات لە لایەن هەردوو پارتى دەسەلاتەوە هەتاوەکو ئێستا هەیە لە پاڵ ئەوەى کە چەندین قەیران و کێشەیان توشى خەڵکى ئەم هەرێمە کردووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت