BEHROZ-3

بەهرۆز جەعفەر: حکومەتی ئینتیقالی دەروازەیەک بۆ بونیادنانەوە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە پاڵ دەستەواژەی حکومەتی ئینتیقالی دا، چەمکی دادگەری ڕاگوزەر (العدالة الٲنتقالیة- Transitional Justic) هەیە، ئەمە لە زۆر ووڵات تەنانەت قانونیشی بۆ دەرکراوە، وەکو یەمەن، لیبیا، مەغریب، تونس. چونکە زۆربەی کات ئەم ووڵاتانە یان لە ژێر هەڕەشەی کۆڵۆنیالیزم دا بون، یان بە دەست حکومەتێکی دیکتاتۆر و سیستەمێکی ناجۆرەوە بۆ ماوەیەکی درێژ ناڵاندویانە، کە داگیرکەر جێی هێشتون، یاخود کە حکومەت و سیستەمەکە هەرەسی هێناوە، یان کارەساتی مرۆیی گەورە دروست بووە، یان ئەوە بووە کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەستاون بە پەلە ئەو بۆشاییەیان پڕکردۆتەوە، ئەمە عەدالەتی ئینتقالیە لەم حاڵەتەدا. پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر ئەم عەدالە ئینتقالیە، یان حکومەتە ئینتقالیە دروست نەبوو، مەترسییەکانی چیین؟.
ئێمە دوو نمونەمان لە بەرەستە، یەکێکیان، عێراقی دوای (2003) یە کە بە چاودێری ئەمریکیەکان “بریمەر” یان قانونەکەی بریمەر، حکومەتێکی کاتی ڕاگوزەریان دروستکرد، تا عێراق یان لە ڕووی دەستوری و پەیکەری ئیدارییەوە خستە سەر سکەی کارەکانی خۆی، تەنانەت تا ئێستاش لە هەندێ بواردا له عێراق ئیش بە قانونەکەی سەردەمی بریمەر ئەکرێت. ئەویتریش عێراقی دوای ساڵی (2012) کە هێزەکانی هاوپەیمانان عێراق یان بە جێهێشت و، ئۆباما بەڵێنەکانی خۆی بردە سەر لە کشانەوەی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق، ئەوە بو بۆشایی دروستبو لەساڵی (2014) دا داعش لە عێراق دروستبو.
ئێستا، کە شەڕی داعش تەواو بووە، باسی دادگەری ڕاگوزەر ئەکرێ و، ترس لە بەیەکداکێشان و شەڕی هەموو دژی هەموو هەیە، تێک بەربوون لە ئارادایە، بۆیە جارێکی تر ئەمریکیەکان بە هێزەوە، دێنەوە عێراق تا بۆشایی دروست نەبێت، تێوری ” چەسپاندنی ئاشتی بە ڕێگەی هێز” جۆرج دەبلیو بووش لە ئەمریکا خاوەنیەتی، پێیوابو بۆ ئەوەی ئاشتی بێتە دی ئەبێت ئەمریکا هێزەکانی لە هەموو شوێنەکانی دونیا بڵاوە پێ بکات.
کەواتە، هەرێمی کوردستان، لە دوای ڕیفراندۆم، پێویستە کات نەکوژێت، چونکە سەتا نەوەتی کۆمەڵگە بە هەموو چینەکانیەوە، بە سیاسی و پارێزەر و میدیاکار و چاودێر و توێژەر و کاسبکار و خوێندکار و ژن و پیاوەوە، ئەزانن ئەم حکومەت و فۆڕمە لە حکومڕانی لەهەموو لایەکەوە لەهەموو بارێکەوە شکستی هێناوە، لە ڕیفراندۆمیش شکستیان هێنا و هەڵەیان کرد، لە پاراستنی ناوچە دابڕاوەکان و پاراستنی کیانی نیشتیمانی و، دیراسەکردن و لۆبی و کاروباری پەیوەندیە گشتییەکان دا، لە سیاسەتی ئابوریی و سێکتەری ووزەدا، لە پەیوەندییە هەرێمایەتیەکان دا، لە هەموویدا هەرەسیان هێناوە، سەرباری ئەمەش ئەو سەروچاوانەی ڕابردوو، وە ڕاوێژکارەکانیان، بۆ گفتوگۆ کردن و قسەکردن لەگەڵ ئەم و ئەو ناشێن و، قبوڵکراو نیین، بۆیە پێویستە لە دەرەوەی یەکێتی و پارتی، لە هەر ئاستێکدا دەست بە پێکهێنانی حکومەتی ئینتقالی بکەن، ئەوانەی ئەڵێن حکومەتی ئینتقالی شەرعیەتی نییە، خۆیان شەرعیەتیان نەماوە، یەکێتی وەک حزب شەرعیەتی کۆنگرەو جەماوەری کەرکوک و سلێمانی لە دەستداوەو، خەریکی تەخوین کردنی یەکترن، پارتیش وەک حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم شەرعیەتی یاسایی و دەستوریان لە دەستداوە، پەرلەمانیش لە کارخراوەو دوور لە پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆییان ئیش ئەکەن. ئیتر ئەوانەشی کە جورئەتی هاتنە مەیدانەکە ئەکەن و باسی حکومەتی ڕاگوزەر ئەکەن، مافیان هەیە خاوەندارێتی ڕاستەقینە لە نیشتیمانەکەیان بکەن، تا بیگەیەنن بە کەناری ئارامی و ڕەفاهیەت.