دلێر حسێن پیرۆمەری: هەرێم لەنێوان بارزانی و عەببادیدا.

هاوکارانی نوسەر: کارۆخ عوسمان و هۆشیار شێرکاوەیی گۆرانکارییەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان لێكەوتەی كاریگەری بەدواداھات. لەدەست دانی کۆمەڵێ مەلەفی ئیداری و ئابوری، لەهەمویان بەرچاوتر، دۆڕانی بەشێکی گرنگی خاکی هەرێمی کوردستان […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

هاوکارانی نوسەر: کارۆخ عوسمان و هۆشیار شێرکاوەیی
گۆرانکارییەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان لێكەوتەی كاریگەری بەدواداھات.
لەدەست دانی کۆمەڵێ مەلەفی ئیداری و ئابوری، لەهەمویان بەرچاوتر، دۆڕانی بەشێکی گرنگی خاکی هەرێمی کوردستان کە لەڕووی سیاسی و ستراتیژیەوە زیانێكی بێ وێنەبوو، وە تێکشاندنی مۆڕاڵی تاکی کورد بوو بەهۆی كردەوە هەرزەییەكانی سیاسیە كۆن دیدەكان، بە پشت بەستن بەزانیاریە هەڵەکانی ڕاوێژكارە دابەستەكانی بەناو سەرۆکایەتیەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەوەی ئەسڵی بابەتەکەمانە، چارەنوسی میللەت لەنێوان بەرداشی نیچیرڤان بارزانی و عەببادی لەئایندەدا چی لێ سەوز دەبێت؟
تۆبڵێی بەرنامەو نەخشە ڕێگای نیچیرڤان چی لێ بەسەر هات بێت؟ کە لەسەر زمانی قوباد تاڵەبانی جێگری وەک موژدانەیەک درا بەهاوڵاتیان و موچە خۆران، کە خەریکی دانانی سیستەمێکی خۆماڵی موچەبوون و ئیدعای ئەوەیان دەكرد كە چیتر کار بەسیستەمی بەغدا ناکەن، لەکاتێکدا نەک هەر بۆیان نەکرا، ئەوەی هەیان بوو لەدەستیان دەرچوو، وەک کورد وتەنی ڕیسەکەیان لێ بوو بەخوری و هەرچی سەرچاوەی داهات هەیە بووە قوربانی غروری بەناو سەرکردە لەخۆ بایەکانی هەرێم.
لەم نێوەندە تاکە زەرەمەند هاووڵاتیان و موچە خۆرانن کە لەڕابردوو لەسەر دەستی دەستەڵاتی بەناو خۆماڵی لەژێر ناوی ئابوری سەربەخۆیی هەرێم، برسی کراون. چونكە ئەوانەی لەقوتبی سوڵتەدابوون تائێستاش ھەن، جگە لەقازانج لەھیچ بارێكدا زەرەرەمەند نین. لەبەرئەوەی ھیچ كات لەبەشە ناشەرعیەكەی خۆیان كەم نەكردۆتەوە، ئەوەتا پاشەكەوتی فەرمانبەران لەپێناو پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی كەلەئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت ڕوویدا سەپێنرا.

لەئایندە دەبێ چی ڕووبدات؟
لەڕابردوو بەناوی دابین کردنی ئابوری سەربەخۆ کۆمەڵێ کاری نایاسایی کراوە، سیستەمی پاشکەوتی موچە کەداهێنانی وەها عەجیب لەجیهاندا وێنەی نیە.
دەرکردنی کۆمەڵێ ڕێنمایی و بریارە کە هیچ کەمتر نین لەبڕینی موچە، ئەوانیش زەریبەی ڕێسایكلین، سەندنی خەرجی بەشی ناوخۆیی خوێندكاران، زیادكردنی باج و ڕسوماتی زەوی و خانو و سەیارەو تڕافیك، كردنەوەی پاڕالێل لەزانكۆكان بۆ ڕووتاندنەوەی ھاوڵاتی، ئەمانە ئەركی سەرشانی خەڵكی كەم داھاتیان قوڕسترو قوڕستركرد بەبیانوی کۆکردنەوەی داهات.
ھەروەھا گرێبەستی شاراوەی نەوت لەگەڵ شەریكەكان و بەتایبەت شەریكە توركیەكانی بواری نەوت، دوور لەبڕگەوبنەماكی قانون و دەستوری عێڕاق، بۆیەش زۆرترین شەریكەی توركیایان كارداركرد تاكو سودو مەنفەعەتی شەخسی و حزبی لێ وەرگرن. تاكو توركیاش لەپێش چاوی خەڵكی كوردستان بكەن بە فریادڕەس و بەدیھێنەری داخوازیەكانی گەل. بەڵام ئێستا ڕەش و سپی ھەمووی كەوتە سەر بەری دەست.
خۆ ئەگەر دوای شكستەكەی 16ی ئۆكتۆبەر ھەمدیس دەرفەتی حوكمڕانی بدرێتەوە بەم بازرگانە خۆھەڵواسانەی سەروەتی خەڵكی ھەرێم بەردەوامیدەری ھەمان ڕێچكەی پێشویان دەبن. بەناوی كۆكردنەوەی داھات بۆ خەزێنەی حكومەتی ھەرێم خەڵك دەڕوتێننەوەو زەوی ئەم نیشتمانە ھەڵدەكۆڵن، لەولاشەوە حكومەتی مەركەزی بەھێزی دەستور لێیان دەسەنێتەوە. خەڵكیش ھەردەبێ نانی قەوچێتی بەدۆشاوی فێڵی كوردایەتیەوە بخوات.
لەھەموو ئەو سیاسەتانەی سەرانی دەستەڵاتدارێتی ھەرێم زەرەرمەند تەنها هاوڵاتیانی هەرێمن، چونکە کۆکردنەوەی باج و ڕسومات لەهەرێمی كوردستان لەهەموو پارێزگاکانی تری عێراق زیاترە لەسایەی سیاسەتی ناحەکیمانەی دەوڵەتمەدارەکان.
هەرچی بەغداشە دەبێت ئەو ڕاستیە بزانێ لەئایندە ئەرکی ئەویش قورس دەبێت، مامەڵەی بەغداد مامەڵەیەکی یاسایی و دەستوری بێت وەک چۆن بەناوی دەستور وردە وردە خەریک دەست بەسەر سەرجەم داهاتەکانی هەرێم دادەگرێت، دەبێت هەمان مامەڵەی فەرمانبەرانی ناوەندو خوارووی عێڕاق لەگەڵ هەرێم بکات، لەحاڵەتی لادان لەدەستور ئاکامەکەی باش نابێت.
بێ دەنگی ئێستای هەرێمیش بەرامبەر جوڵەی سوپای حكومەتی مەركەزی بەتایبەت لەلایەن هاوڵاتیان دەرئەنجامی فەشەلی سیاسی و ئیداری ٢٦ ساڵی حوکمڕانی سەرانی سوڵتەی هەرێمە. كە بەتەواوی لێی وەڕەس بوونە.
خەڵكی ھەرێمی كوردستان لێرە بەدواوە دەیانەوێت ھەنگاو بەرەو ڕزگاری ژیان لەدەستی بەدسیاسیەكانی حوكمڕانی كوردستان بنێن، ئەگەر حكومەتی مەركەزیش بەفعلی بیەوێ ئینقازی نیشتمان و ھاونیشتمانیان لەھەرێم بێتە وجود دەبێت بەزوویی ئەم ھەنگاوانە بنێت:

1- بەدیلی سەرانی دەستەڵاتی ئێستای ھەرێم بدۆزێتەوە بۆ گفتو گۆ، لانی کەم وەک ڕابردوو نەبێت کە تەنها گوێ لەدوو حیزبی دەسەڵاتدارو خاوەن میلیشیاو دراوی ناشەرعی بگرێت، دەبێت لەگفتوگۆکاندا ڕەچاوی لایەنە سیاسی یەکانی تر بکات وەك نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵكی ھەرێم.
2- بەھیچ جۆرێ ناكرێت چاو لەهەڵەکانی دەسەڵاتداران بپۆشرێت وەک ڕابردوو، لەنمونەی پەکخستنی پەرلەمان و بەكارھێنانی ھێزی چەكداری بۆمانەوەی سەرۆكی پارتی لەکورسی دەسەڵات و هێنانی هێز بێگانە بۆ ناو خاکی هەرێمی كوردستانی عێڕاق.
3- هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو ڕێنمایی وبڕیارانەی حکومەت کە بۆتە بارگرانی بۆ هاوڵاتیانی ھەرێم، بە هاوتاکردنی باج و ڕسوماتەکانی هەرێم لەگەڵ بەغداد چارەسەر دەبێت.
4- پێداچونەوەو هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی کە بونەتە هۆکاری ماڵ وێرانی و نەهامەتی بۆگەلی کورد و گەلانی عێراق، كە بەھۆی پشكی تایبەت و بەخشش و بەرتیلەوە بەھەدەر دەدرێت.
5- دەست بەسەر داگرتن و بلۆککردنی پارەی دزراوی خەڵكی كوردستان كە لەلایەن بەرپرسە بازرگانەكانی هەرێم بردراوەتە دەرەوە، پێویستە بگێڕدرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و لەخزمەتی نیشتمان و ھاونیشتمانیان خەرج بكرێت.

ئەگەر حكومەتی مەركەزی عێراق جێبەجێكاری ئەو خاڵانە بێت ئەوا عێڕاق بەتەواوی دەكەوێتە یەك بازنەی دەستوری بە ھەرێمی كوردستانیشەوە…

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
دلێر حوسێن پیرۆمەڕی

ئەرشیڤی بەڕێز: دلێر حوسێن پیرۆمەڕی