111.2899 Barzani 7

نەبەز گۆران: وەك بەرچاو رونییەك.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

– چاوەرواندەكرێت سەرۆكایەتی هەرێم سڕ بكرێت، پاشان (بارزانی) لەناو خۆی حیزبی و دەرەوەدا فشارێكی زۆری لەسەرە بۆ دەست لەكار كێشانەوە. لەناو خۆی حیزبییدا پێیانوایە بە دەست لەكار كێشانەوەی ئەو هەولێر و پارتی رزگاردەكات لە فشارەكان، لە دەرەوەی هەرێمیش یەكێك لە بنەماكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێم، دەست لەكار كێشانەوەی ئەوە. ئەمە هێشتا لە گفتوگۆ و فشاردایەوە و نەبوەتە بریار. بەڵام ئەو بۆچوونەی باس لە هەڵوەشاندنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات، بۆچوونێكی نایاساییە، چونكە هەرێمی كوردستان وەك هەرێم دەمێنێتەوە و سەرۆكایەتی هەرێمیش دەبێت وەك سەرۆكایەتی بمێنێتەوە. ئەما لە ئایندەدا ئەركی پەرلەمان ئەوە دەبێت، سیستەمی هەرێمی كوردستان بگۆڕێت بۆ سیستەمی پەرلەمانی. واتە دەسەڵاتە (تەنفیزیەكان_ جێبەجێكردن)ی سەرۆكایەتی هەرێم بدرێنە حوكومەت و، دەسەڵاتە ( تەشریعیەكان_ یاساییەكان)ی سەرۆكایەتی هەرێم بدرێنە پەرلەمان. بەهەمان شێوەی دەستووری عێراق، هەرێمی كوردستانیش ببێتە سیستەمێكی پەرلەمانی و سەرۆكی هەرێمی ئایندە، وەك سەرۆك كۆماری عێراق، دەسەڵاتەكانی كەمدەبنەوە و دەبێتە سەرۆكایەتییەكی تەشریفاتی.
ئێستا لایەنەكان سەرقاڵی قسەكردن و رێككەوتنن بۆ ئەم میكانیزمە. پاشان درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حوكومەت، بەواتای درێژكردنەوەی دەسەڵاتە كۆنەكە نایەت. بە پێچەوانەوە گەر بە جەسارەتەوە قسە بكەین، لە ئێستادا هیچ لایەنێكی كوردیی ئامادەیی تەواوی نییە بچێتە هەڵبژاردنەوە، لەبەر چەند خاڵێك.
یەكەم: لیستی دەنگدەران پێویستی بەپاككردنەوەیە و، ئەو حكومەتەی لە ئایندەدا كاردەكات، یەكێك لە ئیشەكانی پاككردنەوەی لیستی دەنگدەراندەبێت.
دووهەم: دۆخی ئاڵۆزی هەرێم و عێراق، دۆخێك نییە بتوانرێت هەڵبژاردنێكی تەندروستی تێدابكرێت و، ئەوەی لە ئێستادا بنەمای یەكەمی كاركردن و خەمی لایەنەكانە، گفتوگۆیە لەگەڵ بەغداد بۆ باشتركردنی ژیانی موچەخۆر و هێنانی برەپارەیەك بۆ هەرێم، نەك هەڵبژاردنێكی ناتەندروست.
راستە دەبێت هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت و ئەوە بنەمایەكی دیموكراسییەی و هەموومان بروامان پێیەتی، لێ‌ كە دۆخەكە بەم شێوەیە بێت دواخستنی باشترێكە لە كردنێك بەو شێوە ناتەندروستەی دەسەڵاتی پێشو دەیكرد. لە رووی یاساییەوە هەرچۆن یاسایەك هەیە بۆ درێژكردنەوە، یاسایەكیش نییە درێژكردنەوەكە لە شوێنێكدا بوەستێنێت، ئەركی پەرلەمانە بەو یاسایانەدا بچێتەوە و تۆكمەیان بكات و چیتر یاساكان لەبەرژەوەندی حیزبی دەسەڵاتدا نەبن.
_ جیاواز لەوە، پێدەچێت سڕكردنی ریفراندۆمەكە فشاربێت. دەزانین شەوی رابردوو ئەمریكاییەكان فشاریان دروستكردوە بۆ سڕكردنی و حوكومەت بەناچاری ئەو بەیاننامەیی دەركرد. هەڵەی سڕكردنەكەش ئەوەیە، ئەم كارتە گەرچی زۆر لاوازە، تەنیا كارتە بەدەست حوكومەتی ئایندەی هەرێمەوە تابتوانێت وەك مامەڵەیەك لەكاتی گفتوگۆدا لەگەڵ بەغداد بەكاری بهێنێت، ئەوكارتە لەكاتی گفتوگۆكاندا بسوتێنرێت باشترە تا لە پێش گفتوگۆكاندا. راستە بەغداد فشاردەكات پێش گفتوگۆكان بسوتێنرێت، ئەما هەرێم دەبێت كەرەستەیەكی بەدەستەوە بێت و بەو جۆرەش نەكەوێتە ژێر هەموو داخوازییەكانی بەغداد بۆ ئەوەی بتوانێت كاتی گفتوگۆكان لانیكەم كارتێكی بەدەستبێت، گەرچی لاوازیش بێت.
_ ئەو شەڕە بچوكانەش لە سنووری هەولێر دەكرێن، راستی هیچ لە ئاڵوگۆڕی نەخشەكە ناگۆڕێت. لەبری ئەو شەڕانە و بەكوژدانی گەنجی ئەم وڵاتە، رێگای دیكە هەیە. بە پێی رێككەوتنەكە ئەوان بۆیان نییە بێنە ناو شاری هەولێر، گەر جوڵەیەكی واش بكەن، هەرچۆن ئەمرۆ هاوپەیمانان و ئەمریكا لەگەڵیانن، ئەوكات دژیان دەبن و وێنەكە دەگۆڕێت. ئەركی ئەوانە ئەو شوێنانە بخەنەوە ژێر دەستی خۆیان كە بۆیان دیاریكراوە. كەوایە ئەو هەموو ناوچانە چۆڵكران و درانەوە دەستیان، بۆدەبێت لەسەر چەند مەترێك شەڕبكرێت؟ گەر بریاربوو شەڕبكرێت دەبا لەوشوێنانە بكرێن كە پێویستبوو بكرێن و نەتانكرد و چۆڵتانكردن. ( نەخشەی دواتری ئەمریكا نەهێشتنی هێزی میلیشاییە لە عێراق، پاش ئەوەی هێزی پێشمەرگە دەخرێتەوە ناو سوپای عێراق، بەناوی پاسەوانی هەرێمەوە كە لە دەستووردا هاتووە، هێزە ملیشیاكانی حشدیش هەمان چارەنووسیان دەبێت.)
_ كاتێكیش باس لە روخساری نوێی دەكرێت، بەكورتییەكەی ئەمەیە. ” هاوپەیمانان، دراوسێكان، عێراق، نایانەوێت بەهیچ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ دەستەی ریفراندۆم و دەستەی سەركردایەتی داش عێراقەكە بكەن.” دوای دەست لەكاركێشانەوەی (بارزانی) دۆخەكە بەرەو باشتربوون دەروات و فشارەكان لەسەر هەرێم كەمتر دەبنەوە و، ئەم هێزە كوردیانە دەتوانن روخساری نوێ‌ دەست نیشانبكەن بۆ گفتوگۆ و بۆ خۆ بەرێوەبردن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت