عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: پێشبینی بۆ دانیشتنەکەی سبەی پەرلەمان و ڕۆژانی دواتریش.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سبەی 29-10-2017 ، بڕیارە پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ژمارە 4 ی ئاسایی خۆی بکات گەر جارێکی دیکەش دوانەخرێتەوە.
سبەی کەبڕیارە نامەیەکی بارزانی کە بۆ پەرلەمانی کوردستانی ناردوە بەو تەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دکتۆر جعفر ئیمینیکی بخوێنرێتەوەو دوای سڕکردنی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم تاکاتی هەڵبژاردنی داهاتوو، دواتر دەسەڵاتەکانی دابەشبکرێت بەسەر دامەزراوەکانی پەرلەمان، حکومەت و ئەنجومەنی دادوەری. بۆیە بەبڕوای بەندە دەبێت پێشبینی ئەم پێشهاتانەبکرێت و ڕەنگە کاریشیان بۆکرابێت، کەبریتین لەمانە:
1- دوای خوێندنەوەی نامەکەو سڕکردنی سەرۆکایەتی هەرێم، لەوناوچانەی کەپارتی تێیدا باڵادەستە کۆبونەوەی جەماوەری ڕێکبخرێت بۆ مانەوەی بارزانی لەپۆستەکەیدا یان داوای بەمەرجەعکردنی بکرێت کەپەنابردن بۆکارێکی لەوشێوەیە گەڕانەوەیە بۆچوارگۆشەی یەکەم و گەڕانەوەشە بۆسەدەکانی پێشوو.
2- پێدەچێت تەنها دەسەڵاتێک بدرێتە پەرلەمان ئەویش بەسەرۆکایەتی نەک تەنها سەرۆک ئەویش واژۆکردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی کەدەکرێنە یاسا بەواژۆی دەستەی سەرۆکایەتی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها گێڕانەوەی دەسەڵاتی دانانی دادوەرەکان بۆئەنجومەنی دادوەری.
ئیتر هەموو دەسەڵاتەکانی تری کەپێشتر سەرۆکی هەرێم لەکاتی بەڕێوەبردنی پۆستەکەی بەیاسایی مومارەسەی دەکرد، بگێڕدرێتەوە بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەمەش دەردەکەوێت کەگواستنەوەی دەسەڵاتەکان لەبارزانیەوە دەگوازرێتەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت.
3- گەر دەسەڵاتەکان بەو شێوەیە دابەشبکرێت کەئاماژەیان بۆکراوە، دەردەکەوێت کەئەمە پێشترو بەڕێککەوتنی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی ویەکگرتوو بڕیاری لێدراوەوتەواوبوە، وە ڕێککەوتنی ئەو سێ فراکسیۆنەش لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیەوه پشتڕاسکراوەتەوە، بەڵام گەر بەوشێوازە ڕێککەوتبێتن ئەوە کارەساتە و ئەو فراکسیۆنانە و پەرلەمانتارەکانیشیان بەرپرسن لەبچوککردنەوەی پەرلەمان، کەبەپێی یاسا شوێنی یەکلاکردنەوەی هەموو پرسە چارەنوسسازەکانە.
4- پێشبینی دەکرێت سبەی گەرهەمووشی نەبێت ئەوا دەستپێک وسەرەتای دانیشتنەکە بەداخراوی ئەنجامبدرێت دوور لەچاوی کامێراو ڕاگەیاندنەکان، کە ئەوەش جگە لە بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان پێشێلکردنی مافی هاوڵاتیانی کوردستانە، کەنەهێڵدرێت ئاگایان لەنوێنەرەکانی خۆیان بێت کەچی دەکەن، وەتاکو ئێستاشی لەگەڵ بێت هیچ پەرلەمانتارێک نازانێت کارنامەی دانیشتنەکە چیەو باس لەچەند بابەت دەکرێت، کەئەمەش کارێکی نالۆژیکی و ناپەیڕەوییە، چونکە پێویستە پێش 48 کاتژمێر لەئەنجامدانی دانیشتنەکە هەموو پەرلەمانتاران لەکارنامەی دانیشتنەکە ئاگادار بکرێنەوە.
بۆیە ئەرکی هەموو فراکسیۆن و پەرلەمانتارانە بەگشت فراکسیۆنەکانەوە کەهەموان لەئاست بەرپرسیارێتی گەورەدابین و کارێک بکەین کەلەقازانجی بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان و سیستمی سیاسی و فەرمانڕەواییدا بێت، نەک بڕیارێک بدرێت کەنەوەکانی ئایندەش گیرۆدە بکەین و مێژوویەکی ناشیرین تۆماربکەین.
وە ناکرێت نامەیەکی بارزانی هێندە گەورەبکرێت و بەبڕیارێکی مێژووییش لەقەڵەم بدرێت، چونکە دەبوایە بارزانی بۆ ئەوەی هەرێم توشی ئەو هەموو تەنگەژەو قەیرانانە نەبوایە لەپێش 19ی ئابی 2015 وە ئەو نامەیەی ئاڕاستەی پەرلەمان بکردایە کەماوەی سەرۆکایەتیەکەی کۆتایی دەهات.