جیهاد موحەمەد: ئایا چوونە سەر پارلەمان دەستی ئاژەوە گێڕیی بوو یان.؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوێنی ئێوارە و شەوەکەشی، دوای دەست لە کارکێشانەوەی مەسعود بارزانی، کۆمەڵێک لە گەنجەکانی جەماوەری پارتی جگە لەوەی پەلاماری ڕابوون مەعروفیان دا و نەیانهێشت کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەی تەواو بکات، بەدار و چەقۆ و بەردەوە پەلاماری کۆشکی پارلەمانییان دا بە ویستی لێدان و سوکایەتیکردن بە پارلەمانتارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی و مێدیاکارن کە لەوێ ئامادەبوون. بەم بابەتە وەک هاوڵاتییەک دەمەوێت ڕای خۆم و خوێندنەوەی خۆم لەسەر ئەو ڕووداوە و چەندین ڕووداوی لەو وێنەیە کە پێشتر ڕووییانداوە، لە سلێمانی و هەوڵێر و شارەکانی دیکەی کوردستان بخەمە ڕوو بۆ ئێوەی خوێنەری ئازیز.
ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان و بەرپرسەکانییان کە حیزبیین و نیشتیمانیی نین، بەناو بۆ ئەوە دروستبوون کە سەروماڵی خەڵکی بپارێزن و ئارامیی و ئاسایش سەقامگیربکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە خۆیان بوون بە سەرچاوەی ئاژەوە گێڕیی و شەڕ و پێکدادان. بە نهێنی هانی جەماوەرە ناهۆشیار و کەڕ و کوێرەکەی خۆیان دەدەن بۆ کاری تێکدەرانە و پەلاماردانی دامودەزگاکانی حوکمیی و پارلەمان و بارەگا حیزبییەکان، لە دواجاریشدا ڕووی خۆیان بە هەندێک لێدوانی درۆزنانە سپیدەکەنەوە و بەڵتەجییەکانی خۆشیان کە خودی خۆیان گۆشیانکردوون و ڕایانهێناون لە سەر ڕق و کینە و خوێنڕشتن بۆ یەکالییکردنەوەی ململانێ سیاسییەکانییان، یان تۆڵەکردنەوە لە یەکتری، فێرییانکردوون کەی دەیان لێکردن وەک سەگەل پەلارماربدەن و بەربەرییانە دار و چەقۆ هەڵگرن و هەرچ کەسێک لە نەیارانییان کەوتنە بەردەست بیکوتن هەر لە کامێرامانێکەوە تا دەگاتە پارلەمانتارێک کە پارێزەریی یاسایی و پارلەمانتاریی هەیە. کاتێکیش کارە بەربەرییەکەیان ئەنجامدا، لە ژێرەوە و بە نهێنی دەستخۆشییان لێدەکەن بۆ دڵسۆزییان بۆ(گەل و نیشتیمان و حیزب)، پێیان دەڵێن هەتا ئێوەمان هەبن هیچ هێزێک ناتوانێت لەشکۆی سەرۆکێتییمان کەمبکاتەوە، بەڵام وەکوتریش ڕۆژنامە و شاشەی تیڤییەکانییان پڕدەکەن بە لێدوان و بەیاننامەی پڕوپوچی قێزەون و ناوی خۆپیشاندەرەکانی خۆیان دەبەن بە (ئاژاوەگێڕ) و (دەستی تێکدەر) و (تابوری پێنج).
ئەوەی دوێنێ ئێوارە و شەوی 29-10 لە هەولێر و دهۆک و زاخۆ ڕوویدا، لە چوونە سەر پارلەمان و بارەگاسووتاندنی حیزبی هاوپەیمان و حیزبە ئۆپۆزسوێنەکانی خۆیان، لە سلێمانی و گەرمیانیش ئەم کارە قێزەون و یارییە مناڵانە سیاسییە ڕوویداوە، ئەمە کاری یەکەمجاری ئەم حیزب و دەزگا ئەمنییانە نییە کە بەیەکتری دەکەن، هەرچ کاتێک هەستییانکردبێت بە تێکشانێک پەلاماری بەرامبەرەکەیان دەدەن. هەر بۆ نموونە ئەوەی لە کەرکووک لە رۆژی 16ی ئۆکۆتۆبەردا ڕوویدا و چەندین ڕووداوی دڵتەزێن و ناخۆشی بە دوای خۆیدا هێنا، باڵێک لە یەکێتی نیشتیمانی هەستی بە تێکشکان و پەراوێزکەوتن کرد بۆیە ئەو کارە قێزونەی ئەنجامدا. دیسان لە سلێمانی ـ ش یەکێتی و گۆڕان کەی هەستیان بە هەژموونی گەورەی پارتی کردبێت هەوڵیانداوە بە خەڵک تۆڵە لە پارتی بکەنەوە. هەروەها پارتی هەمان تۆڵەی لە یەکگرتووی ئیسلامیی و کۆمەڵی ئیسلامیی و گۆڕان و یەکێتی کردۆتەوە.
تا ئێستا چەندین جار ئەم کارە قێزەونە بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەکان و حوکومەت و وەزارەتی ناوخۆەوە ئەنجامدراوە. یەک هێز لەم هێزانە لە کاتی ئەم ڕووداوانەدا نەک هەر قسەناکەن بەڵکو لە ژێرەوە هانی خەڵکە بەربەرییە گۆشەکراوەکەی خۆیان دەدەن، کەی کارەکەیان تەواوکرد ئەوسا بە قسەی قۆڕ و نابەجێ دەکەوەنە لێدوان: “ئەوە دەستێکی تێکدەر و ئاژەوە گێر بوو”، “چەند کەسێکمان لەو ئاژەوەگێڕانە گرتووە و دەیاندەین بە دادگا”، حیزبە بارەگا سوتاو و هێرشکراوە سەرەکانیش شەرمنانە و بێئابڕوانە دەڵێن”ڕوونکرنەوەمان لە حیزبی دەسترۆشتووی ئەو دەڤەرە و حکومەت دەوێت” لە کاتێکدا کە خۆیان بەشێکن لە حوکومەت و خۆشیان پێشتر هەمان کاری قێزەونییان ئەنجامداوە.
هەندێک جاریش لێدوانەکانییان داواکاریی و تکایە! “هیوادارین شەڕی ناوخۆ ڕوونەدات، چونکە هەموومان دەسوتێین” ،”هیوادارین بە عەقڵ و لۆژیک مامەڵەبکەین”، وەک ئەوەی دووژمنانی گەلی کورد هێرشەکەی کردبێت، یان وەک ئەوەی ئەو خەڵکەی هێرشیکردوەتە سەرییان، خەڵکانێک بن لە دەرەوەی خۆیان. ئاشکرایە لای هەموومان کە شەڕە دزێوەکانی ناوخۆی کوردستان لە نێوان حیزبەکاندا بە فەرمانی سەرۆکی حیزبەکان و فەرماندەی یەکەمی چەکداری دەکرێت کە خودی سەرۆک حیزبەکان خۆیانن.
لە ڕاستیدا، نە بارەگاسووتاندن و نە هێرش و پەلاماری چەند بارەگایەکی حیزبیی یان دامودزگای حوکمیی و پارلەمان، خۆی لە خۆیدا هێندە ترسناک نییە، ڕەنگە کاری وا لە دنیایی سیاسەت و بە تایبەتی لە خۆپیشاندانی خۆپیشاندەراندا زۆر جار ڕووییان دابێت، بە تایبەتی ئەو خۆپشاندانە جەماوەرییانەی کە لە هەستێکی چینایەتیی و جیاکاریی و پەراوێزخستن و برسێتییەوە سەرچاوە دەگرێت، زۆر جار تووندووتیژیی بەخۆیەوە دەبینێت. بەڵام ئەمەی لە کوردستاندا ڕوودەدات، لە بارەگا سووتاندن و چوونە سەر بارەگای حیزب و چوونە سەر پارلەمان و دامودەزگای حکومیی، ترسەکەی لەوەدایە، ئەو حیزبانەی خۆیان حوکمڕانن، ئەو حیزبانەی فراکسوێنی گەورەیان هەیە لە پارلەماندا، ئەو حیزبانەی هاوپەیمانن، ئەو حیزبانەی بە ناوی دیموکراتیی و سۆسیال دیموکراتییەوە دەیان ساڵە تەمەنیان هەیە و خۆیان بە خاوەنی (شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد) دەزانن، هەر کە دمیان کردەوە بەرامبەر بە یەکتری دەڵێن، ئێمە خاوەنی(ڕووبارێک لە خوێنین)، هەر بەم ناوانەشەوە و بەم دروشم و پەرچەمانەوە توانییویانە جەماورێکی بەرینی خەڵکی کوردستان بکەن بە ئەندام و لاینەگر و هەواداری خۆیان، خۆیان ئەم کارە دڕندەیی و قێزەونە دەکەن بەرامبەر بە یەکتری، خۆیان خەڵک و جەماوەرەکەی خۆیان وا ڕاهێناوە کە حیزبی بەرامبەریان، بارەگای بەرامبەریان، ڕای جیاوازی بەرامبەریان، ئەوەی لە گەڵیان نییە، دوژمنن، لە دووژمن خراپترن و بە ناچاری هاوپەیمانن لەگەڵیاندا. ئەم پەروەردەیە ڕێک وەک ئەوە وایە لە قوتابخانەیەکدا مامۆستاکان هانی قوتابیانی پۆلە جیاوازەکان بدەن لە یەکتری و وەک دووژمن وێنایان بکەن لەبەرچاوی یەکتری.
ئەم حاڵەتی دووژمنکاریەی نێوان ئەم حیزبانە، هێندە ترسناکە کە شۆڕبۆتەوە بۆ ناو خێزانەکان، بۆ ناو قوتابخانەکان، بۆ ناو دامودەزگا حکومیی و وەزارەتەکان، بۆ ناو خودی پارلەمان و دامەزروە یاساییەکان، بۆ ناو خودی ڕێکخراوە ناحکومیی و مەدەنییەکان. ئەم شۆڕبوونەوەیە وەک ئاماژەم پێدا ترسەکەی لەوەدا کورت نابێتەوە کە چەند بارەگایەک دەسوتێنرێت و تەواو، بەڵکو ترسکەی لەوەدایە کە کۆمەڵگە لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە، دووژمنایەتی و ڕق و کینە دەچێنێت لە ناو خەڵکدا و برەو بە تووندووتیژیی دەدات.
بۆیە بەڕای من پێویستە لەسەر هەموو کەسێکی بە ئاگا،لەسەر هەموو ڕۆشنبیر و نووسەر و ئەدیب و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕیكخراوە مەدەنییەکان زۆر بە تووندی بچنەوە بە گژ ڕەفتاری بەربەرێتیی ئەم حیزبانە و ئەم دووڕوویە لە کاری سیاسییاندا. ئەوانەی بارەگای حیزبەکانییان سوتاند لە گەرمیان و سلێمانی و هەوڵێر و زاخۆ، ئەوانەی پەلاماری پارلەمانییان دا، ئەوانەی بوون بە سوتەمەنی شەڕی ناوخۆ، ئەوانەی ڕۆژنامەنووسەکان و پیاو ئازا سیاسییەکانی کوردستانیان تیرۆرکرد، ئەوانە ئاژەوە گێڕێک نین لە دەرەوەی حیزبەکانی کوردستان و بە تایبەتی لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی نین، بەڵکو ئەوانە گۆشکراوی دەستی پارتی(دیموکراتی)کوردستان و (یەکێتی)نیشیمانی کوردستانن.
دیسان دەمەوێت ئەوەش بڵێم، هێندەی 31ی ئاب و 16ی ئۆکتۆبەر دوو ڕووداوی فروفێڵی سیاسیی قێزەونی پارتی و یەکێتین هێندە خیانەت نییە، ئەگەر ئەم کارە سیاسییانە خیانەتە، ئەی چۆن ئەم خیانەتانە قبووڵ دەکرێت، ئەی چۆن لێپرسینەوەی یاسایی و سیاسیی لەسەر ناکرێت و نادرێن بە دادگا، ئەی چۆن پێکەوە یەک حکومەت دروستدەکەن. بە بڕوای من ناوبردنی ئەم ڕووداوە سیاسییە قێزەونانە بە خیانەت بۆ هێورکردنەوەی باری دەروونی خەڵکی گشتیی و ئەو دروشمە”کوردایەتی”یە درۆزن و ساختەچییەیانە، تا خەڵکی ئۆخی بکەن کە یەکێتییەکان بە پارتییەکانییان گوت خیانەتیان کردووە، هەروەها پارتییەکانیش بە یەکێتییەکانییان گوت خیانەتیانردووە، خیانەت پێناسەی خۆی هەیە. ئەم مامەڵە سیاسییە قێزەونانە ستراتیژییەتی هەردوولایانە، ئەگەر بەم جۆرە سیاسەت نەکەن، ڕەنگە بچوکبنەوە، رەنگە نەتوانن یەکتری زیندووکەنەوە و بەردەوام هەمژموونیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا گەورەبێت و بتوانن بە ناوی کوردایەتییەوە خەڵ بخەڵەتێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت