ئیبراهیم عەباس: هەڕەشەکردن لە ئەمریکا چ واتایەک ئەگەیەنێت؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تەلەفۆنێکی رێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەس بوو، مەسعود بارزانی رازی ببێت لە 48 کاتژمێردا دەسەڵاتەکانی رادەست بکاتەوەو واز لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بهێنیت!. ئەم پێشهاتەش دوای ئەوەهات لە 16 ئۆکتۆبەرەوە بەفەرمانی خودی بارزانی لە 51٪ خاکی کوردستان بێ تەقە بۆ حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق جێهێڵرابوو. بەڵام تەنها یەک هەفتە پاش ماڵئاوایی بارزانی لەسەرۆکایەتی هەرێم لە رادیۆیەکی ئەمریکی هەڕەشە لە ئەمریکا ئەکات بەوەی گوایە بەپەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتۆن ئەچنەوە؟!.
ئەم هەڕەشانەی بارزانی و ناوهێنانی رووسیا کە گوایە هەڵوێستی بەرامبەر لێکەوتەکانی ریفراندۆم باش بووە، مایەی ئەو نائومێدییە گەورەیەیە کە خودی بارزانی و موئەسەسەکەی تێکەوتووەو هەڕەشەکەش هیچ بەهایەکیان نییە، ئاخر هەرهیچ نەبێت لە ئێستادا وا سەیری بارزانی ئەکرێت کە سمبولی ئەو شکستانەیە کەبەسەر کوردەکاندا هاتووەو ناکارامەیی ئەو بووە هۆی کرانەوەی دەرگای شکستە گەورەکان بەسەر کوردەکان و لەدەستدانی پشیتیوانی ئەمریکا و خۆرئاوا کە بەم هۆیەوە کوژانەوەی ئەستێرەکەی بەرەو کۆتایی ئەچێت.
ئەی کەوابێت ئەو هەڕەشانە لەم کاتەدا چی دەگەیەنێت؟! بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوەندە بەسە کە ئاماژە بەوە بکرێت هەرکاتێک بارزانی دەرگای نائومیدییەکانی بەسەردا ئەکرێتەوە، پەنا ئەباتە بەر راگەیاندنەکانی ئەمریکاو زۆرن ئەو ویستگانەی لە نائومیدیدا پەنای بردۆتە بەر ئەم کارانە، کە دیارترینیان ساڵی 2007 بوو، کاتێک ئەردۆغان و ئاک پارتی داوای دابەزاندنی کۆماندۆیان لەسەری رەش ئەکرد، ئەوسا بارزانی لە رۆژنامەیەکی بەناوبانگی ئەمریکا وتی ” 3000 سێ هەزار پێشمەرگەم بۆ ئەردۆگان بەکوشتداوە، لەوە زیاتر چیان لە ئێمە ئەوێت؟”.
رەنگە هیچ نائومیدێک بەقەدەر ئێستا گەورە نەبێت، ئاخر لەشانسی بارزانی چوارساڵ سەرۆکایەتییەکەی سەرۆک ترەمپ سێ ساڵی ماوەو بەیاساش ئەتوانی خولێکی تری چوار ساڵی سەرۆک بێت، لەکاتێکدا بارزانی ماوەی خۆ پاڵاوتنی بۆ خولی تر نەماوەو چوار ساڵیش بە ناشەرعی سەرۆکی هەرێم بوو، هەر بۆیە نائومێدی ئەمجارەی خنکێنەرە، بەتایبەت کە دۆخێک لە کوردستان هاتۆتە پێش کابینەی ئێستای حکومەت راگوزەرو ئەبێت ئەم حکومەتە لەناوخۆو لەگەڵ بەغداش هەڵەکانی بارزانی راست بکاتەوە.
لەبەر ئەم هۆکارانە هەڕەشەکان جگە لە خولانەوە لە بازنەیەکی بۆشدا هیچ ئەنجامێکی تریان نابێت و هەرێمی کوردستان بۆ قۆناغی دوای بارزانی هەنگاو ئەنێت، ئەو قۆناغەی ئاماژەکانی دەرکەوتوون و رۆژ بۆ رۆژ بەکردەوە ئەستێرەی بارزانی رووەو کزی ئەچێت و هەگیز نەکات ماوەو نەفریاش ئەکەوێت و نە لە دەسەڵات و پۆستیشدا ماوە تا لەسەر دژایەتی واشنتۆن پەیوەندی لەگەڵ رووسیا ببەستێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت