بورهان شێخ ڕەئوف: تەپڵى شەڕ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە مانگى تەموزى ئەمساڵ 2017 بابەتێکم نووسى و بڵاوکرایەوە لەژێر ناونیشانى ڕۆژهەڵاتى ناوین لە سەر دەریایەک لە ئاگر کە باسم لە پێشبڕکێ و خۆ پڕچەککردنى وڵاتانى ناوچەکە کردبوو، ئەوکات پرسی بووم کە ئەم هەموو چەکانە بۆ چیە؟
ڕاستە ئەم چەکانە بۆ جوانى و نمایشکردن نین بەڵکو بۆ قووڵکردنەوەى ململانێ ئتنیکى و ئاینزاییەکانى ناوچەکەیە و بۆ چەسپاندنى هەژموونى زلهێزەکانە بەسەر سەرچاوەکانى وزەدا و بۆ پاراستنى سنوورە کۆنەکانە و سەرکوتکردنى هەموو بزوتنەوە ئازدیخوازو دەنگە ناڕازییەکانى ناوچەکەیەو ڕاستر دەتوانم بڵێم دەنگى تەپڵ و کەڕەناى جەنگ لە ڕۆژهەڵاتى ناویندا دەگاتە کەشکەڵانى فەلەک مەگەر کەڕ بن ئەوانەى نەیبیستن لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو کەڕەکان.
ئەگەر زیاتر وردبینەوە لە ڕوداوەکانى ناوچە کە لە پێشهات و پێدراوەکان سەرەتاى ململانێیەکى خوێناوى قورس لە ئاسۆەوە دیارە لە هەمووى دیارتر و قەبەتر و سەرنجڕاکێشتر دەست لەکارکێشانەوەکەى سەعدەدین حەریرى سەرۆک وەزیرانى لوبنان لە ریازى پایتەختى عەرەبستانى سعودیەوە کە پێشتر باوکیشى سەرۆکوەزیرانى لوبنان بوو لە ساڵى 2005 تیرۆر کرا بە ڕۆژى ڕووناک بوو بە قوربانى ململانێکانى ناوچەکە وادیارە ئەمیش دەترسێت ببێت بە قوربانى هەمان ئاریشە کەلە وتارى دەستلەکارکێشانەوەکەیدا بە ڕوونى ئاماژەى پێداوە.
ئەگەر کەمێک بۆ پێشتریش بگەڕێینەوە بۆ ئابڵووقەى ئابوورى و گەمارۆى دەوڵەتى قەتەر لە لایەن هەندێک لە وڵاتانى کەنداو و میسرەوە بە بیانوو پاساوى هاوکارى تیرۆر لە ناوچەکەدا هەموو ئەوانە ڕێ خۆشکردنن بۆ کردنەوەى بەرەى جەنگ و گۆڕەپانى ململانێ ى زیاتر لە ناوچەکەدا.
بەڵى هەر لە دواى ئەم دەستلەکارکێشانەوەى سەرۆک وەزیرانى دەوڵەتى لوبنان بزوتنەوەى ئەنساروڵاى یەمەن واتە حوسیەکان بە ڕۆکێتێکى بالیستى پێشکەوتوو فڕۆکەخانەى مەلیک خالید لە باکوورى ریازى پایتەختى عەرەبستانى سعوودیە دەکەنە ئامانج کە ئەمە پێشووە چوونێکى مەترسیدارى شەڕى یەمەنە و بێگومان گرژى و ململانێکانى ناوچەکە بەرەو ئاڕاستەیەکى قورسترو توندتر دەبات.

مەبەست چیە لە دەستلەکارکێشانەوەى حەریرى؟
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەڕۆن کە دەستلەکارکێشانەوەى سەعد حەریرى هەنگاوى یەکەمە بۆ گواستنەوەى شەڕو ململانێ لە سوریاوە بۆ لوبنان و لە هەمانکاتدا ناچارکردنى حزبوڵایە بۆ کێشانەوەى بەشێک لە هێزەکانى ئەگەر هەمووشى نەبێت لە سوریاوە بۆ لوبنان کە ئەمەش کردنەوەی بەرەیەکى ترى شەڕە دژى ئێران لە لایەن عەرەبستانى سعودیەوە و دواى ئەوەى سعودیەکان شکستیان هێنا لە ڕووخانى ڕژێمى بەشار ئەسەد و لە هەمانکاتدا ڕاکێشانى ئیسرائیلە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ بۆ ئەو شەڕە لە لوبنان چونکە ئیسرائیلیش ئێران و حزبوڵا بە مەترسى گەورە بۆ سەر ئاسایشى خۆى دەزانێت چونکە ئێستا ئەو حزبە خاوەنى گەنجینەیەکى زۆر ى مووشەکى ئێرانیە و بە تایبەتى لە شەڕى ساڵى 2006 نێوان ئیسرائیل و حزبوڵادا سەرەتاکانى دەرکەوت.
ئێستاش لە دواى تەواو بووى هیلالى شیعى لە تارانە و ە بۆ عێراق و سوریا و لوبنان ئێرانیەکان بە ئاسانى تواناى جموجوڵى سەربازى و کۆمەک گەیاندنیان هەیە بۆ هێزەکانى حزبوڵاى لوبنانى حەسەن نەسروڵا، ئیسرائیلى و ئەمریکیەکانیش هەستیان بەو مەترسیە کردووەو ناتوانن لەوە زیاتر لە ئاست پێشڕەوییەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران بێدەنگ ببن وهەروەها هۆشدارى وڵاتانى کەنداو وڵاتانى تریش بۆ هاوڵاتیەکانیان لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا کە لوبنان جێبهێڵن هەموو ئاماژەو سەرەتان بۆ شەڕێکى چاوەڕوان کراو.
جگە لەوانەش عەرەبستانى سعودیە دەخوازێت سیستمێکى نوێ ى ئیقلیمى دروست بکات لە ناوچەکەدا و بەرەیەکى تر لە گەڵ ئێراندا بکاتەوە ئەویش وەکو ئیسرائیلیەکان دەڵێن دەخوازن ئەم شەڕە ئیسرائیل لە جیاتى ئەوان بیکات بە پشتیوانى وڵاتانى کەنداو و تیشکى سەوزى ئەمریکى.
عەرەبستانى سعودیەدەڵێت دەبێت دەستى ئێران لەم ناوچە ببڕین بەڵام لەماوەى ڕابردودا وا دووساڵ زیاترلە یەمەن هاوپەیمانى عەرەبى شەڕى حوسیەکان دەکات کەچى ئێستا بە هێزتربوون وەکو پێشتر ئاماژەم پێدا لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ڕۆکێتى 1000 کم یان نا بە ریازەوە، لەلایەکى ترەوە پێنج مانگە گەمارۆى قەتاریان داوە لە ڕووى ئابوورییە کەچى هیچ ئامانجێکیان نەپێکاوە هێشتا و هەڵوێستى قەتەر قایمتر بووە سۆزى کۆمەڵگاى نێو دەوڵەتیشى ڕاکێشاوە.
سەرەڕاى ئەمانەش جێنیشینى پادشاى سعودیە بەرەیەکى ترى کردۆتەوە دژ بە ئەندامانى بنەماڵەکەى خۆى بەپاساوى تێوەگلان بە گەندەڵى بەڵام سەرچاوەکانى هەواڵ پێچەوانەکەى دەڵێن کە ئەمانە ڕکابەرەکانى ئەون لە نێو بنەماڵەى پاشایەتى کە جاری یەکەمە دەستەڵات لەو بنەماڵە لە کوڕەزاکانى مەلیک سعودەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت