سامانی وەستا بەکر: کورد لە قۆناغـی ڕکەبەرەوە بۆ قۆناغـی پشتیوان یان پارسەنگیـر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە ڕۆژھەڵاتـی ناوین یاریگایەو سیاسـی و دەسەڵاتدارەکانیشـی یاریپێکراو نەک یاریکەر! وە داڕێژەری پلانـی یارییەکان لەدەرەوەی سنورەکانـی ڕۆژھەڵاتـی ناوین نەخشەو پلانـی یارییەکە دائەڕێژن، سەرەتا ئەگەڕێن بەدوای گروپێک یان زیاتر کە ڕووبەڕووی یەکیان بکەنەوە خۆ ئەگەر نەبوو ئەوا خۆیان لەڕێـی جیاجیاوە خاڵـی ناکۆک و دژ لەنێوان ئەو گروپ و هێزانەیا ئەوروژێنن کە لەمێـژەوە بوونـی هەبووەو بێچارە ماونەتەوە، لەگەڵ هەڵایسانـی ناکۆکـی و یارییەکەیا “جەنگ” ڕاستەوخۆ خۆیان وەک فریادڕەس و ناوبژیوان دائەبەزنە نێو گۆڕەپانەکەوەو تا دواین خاڵـی پلانەکەشیان جێبەجـێ نەکرێ فیکەی کۆتای لێنایەن. بەڵام هەندێ جار ئەبینین کە “یاریپکراوێک” یاریزانێکـی باش بەتوانای خۆی سوود لەو پلانە وەرەگرێ کە بۆ گەمەکە داڕێژراوەو هەندێ دەستکەوت بەدەستئەهێنـێ لە ڕێـی جوان یاری کردن و پشاندانـی هەڵکەوتووی خۆی بۆ نمونە “دوبەی”، وە هەندێ جاریش گروپێکـی یاریپێکراو ئەبێتە یەدەگ و لە هەندێ شوێنا یاری پێئەکرێ بۆ بەرژەوەندییەک و کارێکـی تایبەت و هەرگیـز ناتوانێ ببـێ بە یاریزانـی سەرەکـی بەهۆی ناکامڵـی جەستەو مێشک و سوود وەرنەگرتن لە ڕاهێنان و ئەزموون بۆ نمونە “کورد”.
کورد ستراتیـژی نیشتمانـی نیە بەڵکو لەبری ئەوە ستراتیـژی گەورەکردن و باڵادەستکردنـی حیزب و خێڵ و بنەماڵە و تاکە کەس بوونـی ھەیە جا بەھەر نرخێکیشبـێ، لەبەر ئەو هۆکارە لەدوای پەیمانـی سایکس پیکۆو زۆر پێش ئەویش لەسەردەمـی مێرنشینە کوردییەکان و لە کاتەوەی “کۆرشـی هەخامەنشـی” کوڕی مەندانەی کچـی ئەژدیهاک کە بە هاوکاری هارپاک کە یەکێک بوو لەسەرانی دەوڵەتی ماد ئەژدیهاکـی باپیرو چوارەم شای مادی کوشت و بنەی ئیمپراتۆریەتـی فارسـی دامەزراند، تاکو هێرشـی ئەسکەندەری مەکدونـی و دەرکەوتنـی ئیسلام و دروست بوونـی ئیمپراتۆریەتـی عەرەب و پاشان هێرشەکانـی تەتەرو هۆلاکۆ و دەمەزرانـی ئیمپراتۆریەتـی تورکـی عوسمانـی،کورد تەنها ئەوەی لەدەستهاتووە بەپێـی بارو ڕۆژ هەرجارە و لەلایەکـی کوردستانا مێرنشینێکـی بچوکـی پێکهێناوەو هێڵە ستراتیژییە مەزنەکەی تیۆری دامەزرانـی دەوڵەتی کوردی لە ڕۆژەڤـی هیچ حیزب و گروپ و سیاسییەکا بوونـی نەبووە!
تیۆری حیزبایەتـی کوردی لە سەد ساڵی ڕابردووا ئەوەمان لا ڕژدو بێگومان ئەکاتەوە کە ئەو تیۆرەی حیزبـی کوردی لەسەر دامەزراوە لە مەودای دوورو نزیکا نیشتمانـی نەبووەو لە ستراتیژی ھیچ یەکـێ لەحیزبە کوردییەکانـی کوردستانـی گەورەیا بەکردار کار بۆ تیۆرییە نەتەوەی و نیشتمانییەکان نەکراوە جا ئەگەر ئەوە لە کۆنگرەو بەنوسراویش لای ھەندێ لە حیزبەکان بوونـی ھەبـێ، لە ئێستایا و لەم سات و کاتە هەستیارو پڕ بایەخەدا کاتـێ کورد نیوەی خاکەکەی بەزیاوە لە باشوری کوردستان لەدەستاوە و هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە ئەچن کە هەمان شت لە ڕۆژئاوای کوردستانیش دووبارە بێتەوە کەچـی ئەبینین هەر حیزبەو بەتەنیا یان لەگەڵ یەک دوو حیزبیتـرا خەریکـی جێبەجـێ کردنـی ستراتیـژێک و سیاسەتێکـی تایبەت بە بەرژەوەندی حیزبەکانیان کە ئەبوو لە ئێستایا ستراتیـژی نیشتمانـی زاڵبـێ و کۆی حیـزبە کوردییەکان دوور لە بەرژەوەندی حیزبایەتـی بە دوای ڕێگەچارەیەکا بگەڕانایەو خیتابێکـی یەکگرتوویان بایە بە گوێـی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیا کە ئەوە ئەبێتە پەیامێک بۆ هێـزە هەرێمییەکان کە چیتـر نێوماڵـی کورد بـێ سەروبەرو پاشەگەردان نیە وە بۆ پشت شکان و بەرژەوەندی حیـزبی و کەسـی دوای ئەجندای داگیـرکەرانـی کوردستان ناکەون و یەک و یەکگرتوو کار بۆ ئامانجە نیشتمانییەکان ئەکەن، وە ئەبێتە هەنگاوی یەکەمیش بۆ هێـزە نێو دەوڵەتییەکان تا لە داڕشتنەوەی سیاسەت و نەخشانـی جوگرافیای ناوچەکەیا وڵاتێک بۆ کورد بەهەند وەرگیـری چونکوم زلهێـزەکان هەمیشە بۆ پاراستنـی بەرژەوەندییە ئابوری و ستراتیـژە درێژ خایەنەکانیان هاوپەیمانـی لایەنێک هەڵەبژێرن کە یەک دەنگ و کۆبن بۆ جێبەجێکردنـی پلانەکانیان بە کەمتـرین تێچوو کورتیـن ترین کات.
لە مێـژووی شانۆی سیاسـی کوردییدا هەمیشە ئێمە ئەکتەرێک بووین بەرجەستەی ئەو ڕۆڵەمان کردووە کە سیناریۆکەی وەرگیـراو بووەو دەرهێنەری کارەکەش بێگانەیەکـی شارەزا لە کەسایەتـی سیاسـی کورد و ئاشنا بە عەقڵـی خێڵەکـی کۆمەڵگەی کوردی و زانا لە دابەشکردنـی ڕۆڵ لە بەرژەوەندی دراودسێکانمان لە کێشوەرەکانیتـر و دراوسـێ سنور پارێزە پارچەکراوەکەی کوردستان!
لە دوای کۆتای هاتنـی شەڕی سوریا شەڕی زلهێـزەکان دەست پێئەکات لەسەر داڕشتنەوەی سنورو شوێن پێـی خۆیان وە بەتایبەت هەر سـێ زلهێـزی هەرێمـی ئێـران و تورکیاو سعودیە، ئەمە وێڕای ھەڵبـژاردنـە پەرلەمانییەکەی داھاتووی عێـراق کە کورد جارێکیتـر شانسـی ڕۆڵ بینینـی ئەبـێ بۆیە گرنگە ڕۆڵـی ئەمجارەی کورد سینارستێکـی پرۆفیشناڵ بینوسـێ و ئەکتەری بەتوانای نیشتمانـی و خۆماڵـی ڕۆڵـی تیا بگێڕن و دەرھێنەرێک لە ئاستـی ھۆلیودا سەرپەرشتـی کارەکان بکا و ڕێگە بە ھیچ ئەکتەرێک نەیرێ لە تێکستـی نوسراو لابات و لە حیوار بچێتە دەرەوە..
ھەڵبژاردنـی ئەمجارەی عێراق وەک پێشووتر نابێ ھیچ کاتێک ھێندەی ئەم ھەڵبژاردنەی ئەمجارە گرنگ نابـێ و گرنگیشـی پێنایرێ چونکوم جەنگـی کۆتایـی داعش بەرەو تەواو بوون ئەچـێ و ھەردوو بلۆکـی ئێرانـی و ئەمریکـی شەڕیکـی سەخت ئەکەن بۆ سەرخستنـی کاندیدی دڵویستـی خۆیان و سەرکەتن و بردنەوەی ھەر بەرەیەک لەو دوو بەرەیە بەواتای یەکلای بوونەوەی عێراق دێت بۆ یەکێک لەو دوو جەمسەرە دژ بەیەکە بە پێچەوانەشەوە بە شکت بۆ ئەویتریان ئەژمارەکەرێ کە یان ئەبـێ گۆڕەپانی یاری کردنی سیاسـی و ئابوری عێراق بەجێبھێـڵـێ یان ئەبـێ بە ڕۆڵێکـی لاوەکـی بـێ توانا ڕازی بێت ھەر لەبەر ئەو ھۆکارە پێش ئەوەی کورد ھەر ھەنگاوێک ھەڵگرێ بە ئاڕاستەی نزیک بوونەوە لە ھەر یەکێک لەو دوو بلۆکە ئەبـێ ووردو درشت و باش و خراپ و لەدەستدان و دەستکەوتی ئەو ھەنگاوانە بە ووردی دراسەبکرێ خۆ ئەگەرنا ئەوا دوورنیە دوای ھەڵبژاردن کۆتای بە حوکمی 26 ساڵەی کورد لە ھەرێمێکـی نیمچە سەربەخۆیا بھێنرێت و بگەڕێینەوە سەردەمـی ئۆتۆنۆمـی.
ھەڵبژاردنـی ئەمجارە ڕکابەرایەتـی لە نێوان سونەو شیعەو کوردا نابـێ چونکە کورد و سونە کەم تا زۆر پاشەکشێـی سیاسیان کردووە و ئێستا قۆناغی ڕکابەرایەتیان بەجێھێشتووە بۆ قۆناغێکی نوێ کە ئەکرێ ناوزەند بکرێ بە “قۆناغی پشتیوانی یان پارسەنگ گیـری”، ھەڵبژاردنـی ئەمجارە لە نێوان دوو باڵـی شیعە مەزھەبایە کە یەکێکیان شیعە مەزھەبێکـی توندڕەوە کە بە مەنتقـی ھێز خواستەکانـی بە ئەنجام ئەگەیەنـێ و یەکێکیتریان شیعە مەزھەبێکـی کەمێک میانڕەوترە کە مەنتقـی گفتوگۆ یەکێکە لە بژاردەکان بۆ بەئەنجام گەیاندنی خواستەکانیان..
باڵـی یەکەمـی شیعەگەری توندڕەو بە سەرۆکایەتـی نوری مالکـی سەرۆک وەزیرانی پێشوو وە جێگری سەرۆک کۆماری ئێستا و لەژێر چەترو فەرمانـی ئێرانا ئەبن، هەرچـی باڵی دووەمیشە شیعەگەرێکـی مام ناوەندوو کەمێک میانڕەو ئەبن کە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانـی ئێستا سەرۆکایەتـی ئەکا و لەژێر چەتری ئەمریکا ئەبن..
ئەوەی کە ئەبێ کورد بیکا و گرنگە لەم هەڵبژاردنانەیا ئەوەیە کە کورد دوور کەوێتەوە لە کێشمە کێش و شەڕی بۆماوەی سونە و شیعە وە شیعەی توندڕەو شیعەی کەمێک میانڕەوتر بەڵکو ڕاکێشانـی سەرنجـی هەر لایەکە بەلای خۆیا لەڕێـی خوێنەوەی ستراتیژ و پلانەکانی هەر لایەکیان، گەڕان بەدوای بۆشایـی و خاڵی لاوازی هەر یەکێک لەو لایەنانە، کەشف نەکردنی ڕۆژەڤی کورد بۆ هەڵبژاردنەکان، یەکگرتووی و یەک دەنگی کورد، دروستکردنی دەستەیەکـی هاوبەش لە کۆی حیزبە کوردییەکان کە هیچ دەموچاوێکـی کۆنـی تیانەبـێ کە پێشتر کاری هاوبەشـی لەگەڵ هێزە دەسەڵاتدارەکانی عێراقا کردبـێ تا لایەنـی بەرامبەر بە ئاسانـی نەتوانـێ کار لەسەر خاڵە لاوازەکانیان بکات بۆ نمونە گەندەڵـی، خیانەت نەکردن لەیەکتر کە ئەمە ترۆپکـی لاوازی کوردبووە لە کۆن و لە ئێستاشا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت