عەبدولڕەحمان عەلی: پلان و پیلانی مەترسیدار بەڕێوەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەداخەوە بۆنی پلان و پیلانێکی مەترسیداری هاوبەش دەکرێت لەلایەن ئەو وڵاتانەی کەکوردو خاکی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، ئەم پلان و پیلانانە هەرگیز بێ هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی زلهێزەکانی دونیا ئەنجام نادرێت، بۆیە ئاماژەکان پێمان دەڵێن زلهێزەکانیش لەگەڵ کۆتایهاتنی گروپی تیرۆریستی داعش ڕەنگە گەلی کورد بەو چاوەی پێش شەڕی تیرۆر ئیتر سەیر نەکەن و ئەو هەموو شانامانەشی بەباڵاماندا هەڵیاندەدا کاتی بوبێت، وە مافەکانیشمان وەک شاخە سەهۆڵینەکان لەنێو بەرژەوەندییەباڵاکانی وڵاتانی هەرێمی ونێو دەوڵەتی هێواش هێواش بەرەو توانەوە بچێت.
ئەم مەترسی وهەڕەشانەش زۆر بەڕوونی لەوتارولێدوانی بەرپرسانی باڵای وڵاتانی تورکیا، سوریا، عێراق، ئێران ڕەنگی داوەتەوەو بەتەواویش هەستیان پێ دەکرێت.
بۆیە باشترین وەڵام و هەڵوێست لەبەرامبەر ئەو هەموو پلان وپیلانە هەمەچەشنانەی ڕووبەڕووی کوردستانی گەورە بەگشتی و باشورو ڕۆژ ئاوا بەتایبەتی دەبێتەوە یەککڕیزی و یەکگرتویی نێو ڕیزەکانی گەلی کوردە بەهەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانەوە لەنێوخۆو تاراوگە.
وە پێویستە زۆر بەڕاشکاوی بیڵێین کە گەر بەزوویی فریانەکەوین و پلان و نەخشە ڕێگایەکی وردو هاوبەش دانەڕێژین بۆ ڕووبە ڕووبونەوەی پیلانی مەترسیداری وڵاتانی هەرێمی، ئەوا لەدواڕۆژدا پەشیمانی دادی کەس نادات و زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایش تەنها و تەنها خاک و خەڵکی کوردستان و ئەو ئەزمونانەیە کەبنیاد نراون، لەئایندەشدا مێژوو ڕەحم بەهیچ کەس و لایەنێکیش ناکات، هەرچەند ئەزمونەکان سەرنج و تێبینی زۆر هەڵدەگرن بەتایبەت ئەزمونی خۆبەڕێوەبەری باشووری کوردستان کەچارەکە سەدەیەکەبەردەوامە.
بۆیە ناکرێت سەرکردایەتی سیاسی کورد هێندە بێ باک و کەمتەرخەم بێت لەبەرامبەر ئەو هەموو پلان و پیلانانەی دژمان دەکرێت، وە بەهێزترین چەکی دەستمان و باشترین هەل و دەرفەت لەئێستادا بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە کە ئاواتێکی لەمێژینەی کوردانە بەگشتی، و لەوێوە نەخشەڕێگایەکی هاوبەش و تۆکمە دابڕێژرێت بۆ پوچەڵکردنەوەی هەموو ئەو پیلانە مەترسیدارانەی لەدژمان دەکرێن.
لەکۆتاییدا هێندە بەسە کەبوترێت سەرەڕای جیاوازی تێڕوانین و بیرو بۆچونەکانمان لەسەر یەکدی و بەڕێوەچونی سیستمی سیاسی، بەڵام بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان و پاراستنی ئەزمونەکان لەپیلانگێڕان، ئەوە دەخوازێت کە تەباو یەکڕیزو یەکگرتوو بین، وەرن باپێکەوە ئەم چوارینەی پیرەمێردی شاعیری مەزن کەدەیان ساڵ بەر لە ئێستا پێی وتوین و فەرامۆشمانکردوە جێ بەجێیکەین، چونکە ئاسودەیی ڕۆحی شەهیدەکان و ساڕێژبونی برینەکانمان تەنها بەوە دێتەدی نەک پەرتەوازەیی و لێکترازان، هەروەک شاعیر دەڵێ:

یەکگرن تاسەرکەون ، یەکگرتن سەرکەوتنە
خۆنیفاق ودوو دڵی عەیبە عارە مردنە
پیاوەتی وغیرەت بەڕاستی پشتی یەکتر گرتنە
یەکێتی سەخت وبەتین هۆی نەمانی دوژمنە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت