ئاریتما موحه‌ممه‌دی: پاڵێك به‌ره‌و ئاره‌سته‌ی خۆناسین! به‌شی یەکەم.

نه‌بوونی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و گوتاری هاوبه‌شی كوردستانیی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كولتووره‌ كه‌ داگیركه‌رانی كوردستان به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورددا سه‌پاندوویانه‌ و به‌ چه‌شنێك شكۆی تاكی كوردستانیان شكاندووه‌ كه‌ سه‌رله‌نوێ ڕێخستنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیی تاكی […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

نه‌بوونی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و گوتاری هاوبه‌شی كوردستانیی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كولتووره‌ كه‌ داگیركه‌رانی كوردستان به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورددا سه‌پاندوویانه‌ و به‌ چه‌شنێك شكۆی تاكی كوردستانیان شكاندووه‌ كه‌ سه‌رله‌نوێ ڕێخستنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیی تاكی كورد پێویستی به‌ هه‌وڵی كولتووریی و په‌روه‌رده‌ی به‌هێزی كۆمه‌ڵایه‌تیی و نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و كولتووره‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر بزاڤیی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئاساییشی نیشتمانیی كوردستان.
هه‌ر گه‌لێكی بنده‌ست خه‌بات و تێكۆشانه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای دڵسۆزیی، هه‌ست و خۆشه‌ویستیی بۆ خاك و گه‌له‌كه‌ی بێ، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و به‌ربه‌ستیی مه‌زن ڕووبه‌ڕوو ده‌بێ. هندێك له‌و كێشانه‌ هه‌ڵقوڵاوی ناخی خۆدی هه‌مان كۆمه‌ڵگان و به‌شێكیتریش له‌ شێوه‌ ڕوانینیی سه‌ركرده‌كان بو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. چونكه‌ زۆرجار به‌هۆی نه‌بوونی زانستی پێویسته‌وه‌ به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كان هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ قه‌یران به‌ قه‌یران چاره‌سه‌ر بكه‌ن، یانخود به‌شێك له‌ قه‌یرانه‌كان بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی به‌شێكی دیكه‌ له‌سه‌ركرده‌كان، ئه‌مه‌ش لێكه‌وته‌وه‌ی قه‌یراناویی لێ ده‌بێته‌وه‌.
بێگومان دڵسۆزیی و خۆشه‌ویستیی بۆ گه‌ل و نیشتمان گه‌لێك گرینگه‌ و وه‌ك به‌ردنی بناغه‌ی پێشخستنی وڵات پێناسه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌ له‌ ناخی هه‌موو تاك و سه‌ركرده‌ و پێكهاته‌یه‌كی ئه‌م وڵاته‌دا به‌دی بكرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی كه‌ ئاماژه‌م پێیكرد به‌بێ زانستی پێویست ناتوانێ به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانیی نێوان پێكهاته‌كانی وڵات بپارێزێت و پێكه‌وه‌ گرێ بدات، هه‌روه‌ها ناتوانێ به‌رژه‌وه‌ندیی نێوان ئه‌م وڵاته‌ و جیهانی ده‌ره‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێ بدات. بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ر دڵسۆزیی و خۆشه‌ویستییه‌ك بۆ نیشتمان هاوته‌ریب و یه‌كسان بێ له‌گه‌ڵ زانستی خزمه‌تكردن، به‌رپرسیارێتیكردن، هه‌ڵسه‌نگاندن، خوێندنه‌وه‌ و ئاره‌سته‌كردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان به‌ قازانجی نیشتمان.
وڵات كاتێك تووشی قه‌یران ده‌بێ كه‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی خاوه‌ن دوو ستراتیژیی جیاوازی سیاسیی و سه‌ربازیی و نانیشتمانی بن و هه‌ركامه‌یان پێداگریی له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ی خۆی بكات، به‌بێ ئه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كۆی گشتیی نیشتمان و پێكهاته‌كانی له‌به‌رچاو گرتبێت. به‌تاییبه‌ت بۆ وڵاتێكی وه‌ك كوردستان كه‌ سه‌دان ساڵ ئه‌زموونی بنده‌ستیی هه‌یه‌. هه‌روه‌ها به‌ نه‌یاری فاشیستیی ده‌وره‌دراوه‌ و په‌راوێز خراوه‌. هاوكات ئه‌زموونی دوو ئیداره‌یی و شه‌ڕی نێوخۆویشی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش دۆخه‌كه‌ پتر ئاڵۆز و كاره‌ساتبارتر ده‌كات. چونكه‌ وڵاتانی دیكه‌ به‌ئاسانیی ده‌ست ده‌خه‌نه‌نێو كێشه‌كانه‌وه‌، به‌تاییبه‌ت كه‌ كورد توانای درووستكردنی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی نییه‌ و هێزه‌ سیاسییه‌كانیشی له‌ژێر گۆشار و كاریگه‌ریی وڵاتانی هاوسێ دان.
ئێمه‌ وه‌ك كورد چ له‌ مێژوودا و چ له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی خه‌باتی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان به‌رده‌وام تووشی دووبه‌ره‌كیی بووینه‌ و لایه‌نه‌كان و هێزه‌كان یه‌كتریان به‌” خیانه‌تكار” تۆمه‌تبار كردووه‌. ئه‌مه‌ش له‌ ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵناسییه‌وه‌ ده‌كرێ به‌و چه‌شنه‌ شرۆڤه‌ بكرێ كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كیی دووبه‌ره‌كییه‌كان و”خیانه‌ته‌كان‌” ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شكاندن و به‌كۆیله‌كردنی كه‌سایه‌تیی تاكی كورد له‌لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه.
سه‌رله‌نوێ ڕێكخستنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیی تاكی كورد ته‌نیا به‌ په‌روه‌رده‌ و كولتوور به‌ده‌ست دێ، كولتوور و په‌روه‌رده‌ش پڕۆسه‌یه‌كی دوورودرێژه‌ و پێویستیی به‌ پشوودرێژیی هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌بێ سه‌كرده‌كانی كورد خاوه‌ن ئه‌و زانست و خۆشه‌ویستییه‌ بۆ نیشتمان و گه‌له‌كه‌یان بن كه‌ بتوانن ئه‌و په‌روه‌رده‌ و كولتووره‌ له‌ كوردستان جێگیر بكه‌ن، یانخود هه‌وڵه‌كان بۆ درووستكردنی كه‌سایه‌تییه‌كی شكۆداری تاكی كوردستانیی بخه‌نه‌ چوارچێوه‌ی كرداره‌وه‌.
به‌ڵام له‌ ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا دوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵیان بۆ گۆڕینی ئه‌و كولتوور ڕۆخاوه‌ی تاكی كورد نه‌داوه كه‌ ڕژیمی به‌حسی ئێراق سه‌پانده‌بووی به‌سه‌ر گه‌لی كوردستان دا‌، چونكه‌ ئه‌و حیزبانه‌ له‌و كولتووره‌ بۆ ڕێخستنی حیزبیی و ‌ده‌سه‌مۆكردنی گه‌ل كه‌ڵكیان وه‌رگرت. هه‌روه‌ها ئه‌و كولتووره‌ هۆكاری سه‌ره‌كیی گه‌نده‌ڵییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و حیزبیی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستانه‌. بێگومان ئه‌و كولتووره‌یه‌ له‌مپه‌ری سه‌ره‌كیی به‌رده‌م ئاساییشی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌رێمیشه‌.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
ئاریتما محەمەدیی

ئەرشیڤی بەڕێز: ئاریتما محەمەدیی