عەبدولڕەحمان عەلی: دان و ستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دانوستاند پڕۆسەیەکە بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشەگەلێک لەنێوان دوو وڵات، هەرێم، پارتی سیاسی و… هتد.
لە پرۆسەکەدا وەک لەناوەکەی خۆیەوە هاتوە لەپێناو گەیشتن بەچارەسەر دەبێت دەستبەردارو سازش لەهەندێ داواو خواستی خۆت بکەیت کەبەمە دەوترێت دان لەنێو پڕۆسەکەدا، ئەمەش لەپێناو بەدەستهێنانی هەندێ دەستکەوت و ئامانج کەبەمەش دوترێت ستاندن. بەبڕوای من گەر بەرپرسان و سەرکردایەتی سیاسی کورد بەیەک تیم و یەکگرتویی نەچنە پرۆسەی دانوستاند لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا، ئەوا نەک ناتوانرێت هیچ لەناوەند بسەنرێت بەڵکو بە پێچەوانەوە بەردەوام دەبێت لە پێدانی زیاتر لەپڕۆسەی دانوستاند.
بۆیە پرۆسەکە جگە لەوەی پێویستی بەیەکڕیزی و یەکگروویی نێو ماڵی کوردو ڕوڵبینینی دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێم هەیە، پێویستیشە جگەلەو دەم وچاوە سواووچەند بارەبوەوانە کەپێشر دانوستانیان کردوە خەڵکانی نوێ و دەرەوەی پارتەکان و پسپۆڕی بوارەکانی دەستوری و دارایی و کارگێڕی و… هتد، بەشدارییان پێبکرێت.
چونکە لەساڵانی ڕابردوودا هۆکارێکی گەورەی سەرنەکەوتنی ئەو وەفدی دانوستانانەی کەهیچیان بۆ نەسەندوین لەپڕۆسەکەدا بەڵکو بەپێچەوانەوە هەر لێیان سەنراوە هۆکارەکەی ئەوەبوە کەکەسانی شارەزاو پسپۆڕ لەنێو پڕۆسەکەدا نەبوون یان زۆر کەم بوە ئەمەجگە لەوەی لەلایەن دوو پارتی دەسەڵاتدارەوە بەبێ خواستی خۆمان و کۆدەنگی گشتی وەفدو لیژنەی دانوستانکارییان پێکهێناوەکە هێندەی لەخەمی دەستکەوتی حیزبی و کەسیدابوون، نیو هێندە لەخەمی گشتی خاک و خەڵکی کوردستاندا نەبوون.
وە ئەم پارتە سیاسیانە ماوەی (12 )ساڵیشە کە دەنگدراوە بەدەستوری عێراق و لەکاتی خۆیشیدا لەپارتە عەرەبیە عێراقیەکان زیاتر خەڵکیان هاندەدا بۆ دەنگدان پێی، کەچی هێندەی وێڵی بەدەسهێنانی سێ ( پ ) کەدابوون کە بریتین لە پۆست و پایەو پارە، چارەکە هێندی ئەوە بەدوای جێبەجێکردن و جێگیرکردنی مافەدەستورییەکانی کەلەنێو دەستوری عێراقدا هاتوە بونایە ئێستا نەدەکەوتینە ئەو هەلەکە سەمایەوە کە نازانرێت بەرەو چ ئاقارێکمان دەبات و چ ئایندەیەک چاوەڕێمان دەکات. بەهیوای بەدەستهێنانی مافە دەستوری و یاساییەکانی و خەڵک و خاکی کوردستان و کۆدەنگی لەپێناو بەدیهێنانیاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت