تیشکۆ زەند: کورد لە بەردەم هاژەیی دەریادا. بەشی یەکەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کورد بوون نە لەنگیەو نە تاوان، ئەوەی ئەم پێناسەیەی ناشرین کرد، ناتەبایی و نەبوونی یەک ووتاری سیاسی کوردبوو، کەم تا زۆر لەسەر ئەم ڕووداوانە نووسراون و هەم باسکراوە، ئەوەی جێگایی شەرم و تێڕمانینە شرۆڤەیی هەڵە بۆ ئەو شیکاریانە کراوە کە بەدۆزی سیاسی کورد نامۆن یان چەوتن، چوونکە بە هۆی نەبوونی هوشیاری کۆمەڵایەتیەوە ئەو بۆشاییە سیاسیە دروست بووە کە نەوە دوای نەوە دەبێت باجەکەی بدات، ئەم شانۆگەریی ئەندام سیاسیانەی کوردیش کام تا زۆر لێرە و لەوێ شان ئارداویی بوون و دەبێت هەر هەموویان بە پێی کەیسەکەی خۆیان بەرپرسیارێتی ئەو تاوانە بگرنە ئەستۆ یان هیچ نەبێت لووت ڕەشبوونی خۆیان بەیان بکەن، هەر وەک چۆن پێناسەی ئازایەتی و وێنەگرتنی خۆیان لە جەبهەکان بڵاودەکردەوە.
لێرەشدا تاوانباری یەکەم لەم ماڵ وێرانیەدا کۆمەڵگایە، کە بە هەموو کەم و کوڕیەک و خەساندنێکی نەزۆکی ئەوان ڕازین و زۆرێکیش لەوانە بوونەتە زووڕنا ژەنی پینەکردنی هەڵە و تاوانی ئەوان، ئەگەر کۆمەڵگا هوشیاربێت سستەم نابێتە سووری بەر لەشکر و کۆمەڵگاش مێگەل، کورد دەڵێت: چی بچێنیت ئەوە دەدروویتەوە، هەمیشە ئێمەی کورد هەڵەمان بە هەڵە چارەسەرکردووە بۆیە تەنگژیەکان لە هەڵکشان و دۆزەکەشمان لە داڕماندایە.
من بە پێچەوانەی زۆر بابەت و نووسینیتر شرۆڤەی ئەو ڕووداوانە دەکەم کە کەسانیتر خوێندنەوەیان بۆی نەبووە، وەک:
1- ئەمریکا لە هەر دوو چەنگی کەنداوی یەکەم و دووەمدا کە نزیک پێنج هەزار شەهید و بیست هەزار سەربازی بیناریدا، نزیک دوو تلیۆن دۆلاری لە کیسەی باجی خەڵکی ئەمریکیدا خەرج کرد، ئێستا ئەمریکا چۆن ڕێگا دەدات بە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی نەوت بۆ پەنجا ساڵ واژوو لە گەڵ تورکیادا بکات، کە تورکیا لە هەر دوو جەنگی یەکەم و دووەمی کەنداودا ڕێگای نەدا بە ئەمریکا کە هەم زەوی و هەم ئاسمانی بەکار نەهێنێت، تورکیا بە هەزاران کۆمپانیای سوودمەندی لە کوردستانیشدا هەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی نەوت بۆ بیست ساڵ لە گەڵ ڕۆزڤێڵتی ڕووسیدا دەکات، کە ڕووسیاش دژ بە ئەمریکا بوو بۆ هەردوو جەنگی کەنداو و شەڕی ئەلقاعیدە، بێگومان ئەم هەڵە زەقانە لەسەر کوردی باشوور دەکەوێت، کە کەتیش.
2- تێکدانی پلانی دووەمی ئەمریکا، کە پلانەکەی لە دەریای سپی ناوڕاستەوە (ڕۆژئاڤا) دەستپێدەکات بۆ کوردستانی باشوور و… هتد، (بڕوانە ئەم سەرچاوانە، سوریا و هەژمونی ناوچەکە، ئاوێنە بە 3 زنجیر و کوردستان پۆست بە 4 زنجیر، مانگی یەکی 2013 نووسینی بەندە).
3- خاڵێکیتری نەخوازراو کە سەرانی کورد گۆشەگیر نەبوون پێیەوە، ئەویش پارێزگاری لە نەکردنی ئەمنیەتی دانیشتنەکانی نێوان کورد و ئەمریکا، کە پاش ماوەیەکی کورت نەیار و دووژمنی هەردوولا بە زانیاریەکانیان زانیەوە (پارێزگاری نەکردنی بەرژەوەندیە هەنوکەیەکان، بوونەتە کۆسپ بۆ جێبەجێنەکردنی پلانەکان).
4- داوانەکردنی داش بە داشی بەرژەوەندیە سیاسیە ڕەهاکانی کورد، لە دانووساندا ئەگەر زۆرتر داوانەکەیت لە بەرامبەرەکەت، نابێت کەمتر داوابکەیت یان بە کەمتر ڕازیبیت.
5- شینەکردنەوە و هەڵسەنگاندنەکان بۆ هەر کۆنسێپتی پلان دانانێک کە شرۆڤەیی گۆڕان کاریەکان بگرێتە ئەستۆی خۆی.
6- ناتەبای نێوماڵی کورد کە گەورەترین درزی خستە نێو پرۆسەی هەژمونەکانەوە، کە ڕەنگبێت پلانی پرۆسەکان دووابخات یان بیر لە دروستکرنەوەی پرۆسەی پالانی تر بکرێتەوە کە ئەوەش کاتی دەوێت بە پێی گۆڕانکاریەکان (بڕوانە نووسینەکانم لە فەیس بووک لەسەر یەکڕیزی نێوماڵی کورد).
7- خەنجەر لێدان لە پشتی یەکتر بۆ بەرژەوەندی تاک ڕەوی و تاک لایەنانە، کە بۆتە بەربەست بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان یان بۆ داڕمانی بەرامبەرەکەت کە زەرەرمەندی ڕاستەقینە هەموو لایەنەکانبوون.
8- ئەو گەندەڵیە بێشومارەیی کە سەری شکۆی کوردی شکاند و ناوە سومبوڵیەکەی پێشمەرگەشی ناشرینکرد (کە بەلای منەوە پێشمەرگە هەردەم شکۆمەندبووە).
* کارکردنی سەرانی کورد لە گەڵ کەسانی هەڵەدا، کە ئەوانە تەنها بازرگانبوون نەک کاربەدەستی دەوڵەتان لە پۆستی بەرزدا.
9- نەبوونی لۆبی کورد لە دەرەوەی ووڵات بە تایبەت ئەمریکا (من لە نووسینەکانی پێشومدا نووسیومە، کورد لە دەرەوە ئۆفیسی هەیە، تەنها بۆ گەشت و گوزاری خێزانی بەرپرسەکانی حیزبەکانە و هیچیتر، کورد دەبێت دەولەت و سیاسەت لێک جیاکاتەوە).
10- هیچ شەرمێکی ناوێت کورد فێری سیاسەتی بەرژەوەندی خوازبێت، هەر ووڵات و لایەنێک دۆستی کوردبوو، پێویست بە شاردنەوەی ناکات با ڕاسگۆبین بەرامبەر دۆزەکەمان.
11- دەزگا دەوڵەتیەکان بکرێنە سستەم بۆ جیاکردنەوەی حیزب لە دەوڵەت، حیزب نابێت خاوەنی بانک و پەرلەمان و دەوڵەت و سەرۆکایەتی هەرێمبێت، ئەگەر وابێت مێژوو هەمیشە دووبارە دەبێتەوە.
12- نەبوونی کەسانی ئەکادیمک لە ناو دەزگا دەوڵەتیەکان و حیزبەکاندا کە کێشەکانی ئاڵۆزتر و ئاڵۆزتر کردووە، مەبەستم نەبوونی کەسی شیاو بۆ پۆستی شیاو، نەک زۆربێ و بۆربێت بۆ دەنگدانی حیزبی.
13- گوێنەگرتن لە ڕاوێژەکانی ئەمریکا کە لە جەنگی دەعاشدا کە دای بە گوێ سەرانی کوردا، ئەمریکا وویستی هێزی پێشمەرگە بکاتە هێزێکی دسپلینی، لەو بەرگە ملشیا حیزبیە دەریبکات، بەڵام بەداخەوە خیزبەکان ڕێگربوون بۆ ئەو داخوازیە، ئەمریکا لە دووای ساڵی 2014 وە وویستی هەر 16 لیواکەی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە خۆی ڕێکی بخات و سستەماتیکی بکات، مەسرەفی هەموو هێزەکان کە سەر بە هێزەکانی 70 و 80 بوون دەستەبەربکات و پڕ چەکیشیان بکات لە گەڵ پێداویستیە لۆجستیەکانیاندا، بەلام بە داخەوە سەرانی هەردوو حیزب دژ ڕاوەستان و کێچ چووە کەوڵیانەوە، پاش سێ ساڵ لەم کێشمە کێشەیەدا سەرانی کورد ڕازیبوون کە لیوای یەک و دوو ئەمریکا مەشق و ڕاهێنان و پڕچەک کردنی بۆکردن، بەلام بەداخەوە لە ڕووداوە دڵتەزێنەکەی 16- 10- 2017 دا هەژمونی حیزبی باڵا دەستبوو بەسەر تەنگژیەکاندا، نەک ئینتمای ووڵاتپارێزی (ئەم تەوەرە زۆر دەکێشێت ئەگەر کات هەبوو باسێکم لەسەری هەیە و خوێنەر بێبەش ناکەم لێی).
من بە ئێستاشەوە زۆر گەشبینم بەرامبەر ڕووداوەکان، ڕاستە چراکەیان کزکرد بەڵام جارێ نەکوژاوەتەوە، ئەگەرچی هەوڵەکان زۆرن بۆ هەموو ڕێگاکان کە دەچنەوە ڕۆم (هەموو ڕێگاکان دەچنەوە ڕۆم، تێرمەڵۆژیەکی سەربازیە) کورد نابێت هەموو سێوەکانی خۆی بخاتە نێو یەک سەبەتەوە، دەبێت فێری تاکتیک و ستراجەیەت بێت، بۆ ئەوەی فێری یاری سەرمێز و ژێرمێزبێت.
بۆچی دەڵێم: کورد لەبەردەم هاژەی دەریادا، گەر خوێندنەوەی تەواوت نەبێت بۆ هەموو پێشهاتەکان و ئەگەرەکان، ئەوە دەست لە گومڕابونی خۆت بشۆ و سیاسەت کاری تۆ نیە، سیاسەت هەمووی هاژەیی دەریایە ئەگەر مەلەوانێکی پڕ لە تەندروست نەبیت، سەرناکەویت بەسەریدا و ڕاپێچی بنی دەریات دەکات و دەبیتە نێجیری نەهەنگەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت