ئارام قادر: کۆمەڵگای دیکتاتۆرەکان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیکتاتۆر لە وشەی لاتینی (دیکتاتۆس) وەرگیراوە و بەمانای خۆسەپێن یان بڕیاردەر، دیکتاتۆر سەرکردەیەک یان هێزێکە دەسەڵات کۆنتڕۆڵدەکات و یاسا پشتگوێدەخات، خۆی بڕیاردەری هەموی شتەکانە و حیساب بۆ کەسی تر ناکات، دیکتاتۆر و کۆمەڵگا بەردەوام لە پەیوەندیدان و کار لەیەکتری دەکەن، دیکتاتۆر پێویستی بە کۆمەڵگایەکی گۆێڕایەڵە و کۆمەڵگاش پێویستی بە سەرکردەیە، دیکتاتۆرەکان بەردەوام وەک سادیزمێک چێژ لە ئازاردانی خەڵک وەردەگرن، بەشێکی کۆمەڵگاش وەک مازۆخیزمێک چێژ لەئازادانی خۆی وەردەگرێت، دیکتاتۆرەکان بەردەوام خەریکی خەڵەتاندنی خەڵکن لە ڕێگەی هەڵسوکەوتەکانی بەردەوام وێنایەکی نەرمونیان و کۆمەڵایەتی نیشان دەدات، واتا وەک چۆن دەڵێین منداڵ دیکتاتۆرێکە و هەمو شتێک دەکات و هیچ قانونێک نایگرێتەوە، بەهەمان شێوەش دیکتاتۆریش منداڵێکە بەردەوام دەیەوێت هەموو شتەکان هی ئەو بن، وەک منداڵ هەندێ جار دەگریات بۆ ئەوەی دەوروبەری بگەوجێنێت و بیانخەڵەتێنێت.
پەروەردە کاردەکاتە سەر دروستبونی دیکتاتۆرەکان، باوکێک لەماڵەوە دیکتاتۆرە بەڵام لە فەرمانگەکەی بۆ بەڕێوبەرەکەی دەچەمێتەوە، مامۆستایەک لە پۆلدا زانیارییەکانی خۆی بەزۆر دەچەسپێنێت بەسەر قوتابیەکانیدا بەڵام لەبەرامبەر بەڕێوبەری قوتابخانەکەی دەکەوێتە سەر ئەژنۆ، بەڕێوبەری قوتابخانەش بەرامبەر وەزیری پەروەردە چێژ لە چەمانەوە و کەوتنە سەر ئەژنۆ دەبینێت، وەزیریش بۆ سەرۆک چەماوەتەوە، دەبینن سەرۆکێکی دیکتاتۆر گەلەکەی خۆی دەچەوسێنێتەوە بەڵام بۆ سەرۆکی وڵاتێکی تر دەبێتە پرد و کۆیلە، واتا بەردەوام دیکتاتۆرێک دەچەمێتەوە بۆ دیکتاتۆرێکی تر، لێرەدا مامۆستا و باوک وەک ستەمکاری سیاسی نابینین بەڵکو وەک سیفەتی دیکتاتۆرە کە خۆسەپاندنە، دیکتاتۆرەکان بەردەوام خەریکی تێر کردنی چێژەکانی خۆیان، وەک ئەپیکۆڕیەکانی یۆنان دەیانگوت چێژەکان باشترین چاکەن.
کۆمەڵگا پڕە لە دیکتاتۆری ناو ماڵەوە و قوتابخانە و مزگەوت و فەرمانگە و هاوڕێیان و وەرزش هتد.ئەمانە سیفەتی خۆسەپاندنیان هەیە کە سیفەتێکی دیکتاتۆرە، دیکتاتۆرەکانیش بەردەوام بۆ دیکتاتۆرێکی گەورەتر چەماونەتەوە، دەکرێت لە ڕێگەی پەروەردەیەکی تەندروستەوە ڕێگری لە دروستبونی دیکتاتۆرەکان بکرێت، چونکە پەروەردە فێری ویستن و نەویستنی دیکتاتۆرمان دەکات، بۆئەوەی کۆمەڵگایەک چێژ لە دیکتاتۆریەتی ناوخۆی وەرنەگرێت پێویستە پەروەردەیەکی باشی هەبێت، کۆمەڵگا پڕە لە دیکتاتۆر و لە کۆتایشدا سەر بۆ دیکتاتۆری سیاسی نەویدەکەن، چونکە دیکتاتۆری سیاسی لەهەمویان ترسناکترە، وەک کالیگۆلاکی ئیمپڕاتۆری ڕۆما دیکتاتۆریەکەی گەیشتە ئاستێک داوای خوایەتی دەکرد بەڵام مردن ڕێگەی نەدا، واتا دیکتاتۆر تێرنابێت گەر ڕێگری لێنەکرێت، پەروەردەیەکی باش کۆمەڵگایەکی باش دروستدەکات و ڕێگە لە دروست بونی گەراکانی دیکتاتۆر دەگرێت، ئەو کۆمەڵگایانەی دێکتاتۆری بچوکیان زۆرە لە کۆتایدا دیکتاتۆرێکی سیاسی دروستدەکەن و وەک بت دەیپەرستن، دژایەتیکردنی عەقڵیەتی دیکتاتۆری حەقیقەتێکی گەورە و گرانە لەم ناوچەیەدا، وەک نیچە دەڵێت بەرگریکردن لە حەقیقەت قورسترین جۆری بەرگریکردنە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت