ئەحمەد ڕەزا: ڕەخنەگرتن لە مێنتەلێتیی گوتاریی ڕوناکبیریی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سکاڵاو ماتەمگێڕیی بە کۆمەڵ
ڕوناکبیر لە هەمووان لەپێشترە بۆ شیوەنگێڕان و دەربڕێنی سکاڵاکان بە پێی وەزیفە پیشەییەکەی، لەگەڵ ئەم ڕاستییەشدا، جیاوازیی ڕوون هەیە لە نێوان دەربڕینی هەستی ڕەخنەگەرایی و شوێنکەوتەیی، کە بە هیچ جۆرێک ئاسۆگەیەک دەرناخات و لەپاڵ شیوەنگێڕییەکی گشتگیردا، دەربڕینی ئەمیش ئەبێت بە بەخۆدا کێشانێکدا لە ناو ئاپۆرای بەخۆداکێشانەکاندا.
ئەم توێژە لاکاتی سەرهەڵدانی هەر کارەساتێکی شیوەنگێڕیدا، گەر لە بونیاددا کارنەکات و بە دوای سەرچاوەی سەرهەڵدانی کێشەکاندا نەگەڕێت، لە بازنەیەکی بچووکدا گیر ئەخوات و بەو پێشڕەوایەتییەی پێیدراوە، ئەکەوێتە یاری کردن بە وشەو ڕازاندنەوەی بۆ سوێ خستنە دڵی ئەوانی ترەوەو بینینی ڕۆڵی پێشڕەوایەتییەک، کە لە ڕاستییدا لە گۆشەگیریی و شکستی پێشڕەوایەتی زیاتر نییە.
لەمساڵدا کۆمەڵێک لە شێوەنگێڕیی بە کۆمەڵ لە هەرێمدا ڕوویدا، کە زۆرینەی ڕوناکبیران نەیانتوانی ڕۆڵێکی کاریگەری تیا ببینن لە شوێنکەوتەیی زیاتر. لەگەڵ ئەوانیتردا شیوەنگێڕو هەر وەک وەک ئەوانیتریش سکاڵاکارێکی نێگەتیف بوون.. لە بازنە بچکۆلەکاندا ئەخولانەوەو خوێندنەوەو گوتاری ئەوانیش لە خوێندنەوەو گوتاری دیوەخان و چاخانەکان تێپەڕی نەکرد.
ئەقڵیەتی ڕۆمانسییانە زاڵە بەسەر گوتاری ئەو توێژەداو بە هەموو ناڕەزایی و سکاڵاکانەوە، لە گوتاری جووتحزبایەتیی دەرنەچوو. ئەمەش بەردەوامییدانە بەو گوتارە ناسیۆنالیستییەی نزیکەی سەدەیەکە کەللـە سەرمان ئەخاتە بەرداشی کوردایەتییەوە، بە بی گەیشتن بە هیچ ئامانجێکی ڕوون، جگە لە تۆمەت بەخشینەوەو نەخویندنەوەو سڕینەوەی ئەویتر، بە خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆژییانەی ڕیاڵیی.. تەنانەت لە ڕووداوی سروشتیشدا، ئەقڵیەتەکان بە هەمان گوتارەوە دینەوە سەر خەت و خوێندنەوەیەکی تەقلیدیی بێ پێز ئەکەن و سەرەنجام لەناو غەڵبە غەڵبی گشتییدا ون ئەبن.
کێشەی سەرەکیی گوتاری ڕوناکبیریی کوردیی، خۆبینینەوەی ماتەمگێڕیی گشتییە، وەک ئەوەی ڕوناکبیریی کوردیی لە بۆتەیەکی بچوکی شیوەنگێڕیدا وەزیفەیەکی پێدرابێ و بەردەوام بە دوای ڕووداوەکاندا خوێندنەوەی هەبێت، بۆ خۆ لە حوزن و ماتەم هەڵکێشان.. ئەم پەتایە نەوە بە دوای نەوەدا وەک بۆماوەیی ئەگوێزرێتەوەو گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی تیایدا دەرنەکەوتووە. گریان بۆ خەونە لەدەستچووەکان و شیوەن بۆ ڕووداوەکان و نەفرەتکردن سیمای دیاری ئەم ئەقڵیەتەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت