نەبەز گۆران: رەخنەگرتن لە رێكخەری گشتی گۆڕان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سروشتییە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەمیشە دەنگێكی رەخنەگر، یان نیگەرانییەك هەبێت. چونكە بونیادی ئەم بزوتنەوەیە، بونیادێكە خۆی لەسەر بنەمای رەخنە لە ئەویتری دەسەڵات، ئەویتری حیزب دروستكردوە. لە ئێستادا بەشێكی ئەو رەخنانەی لەناوخۆی بزوتنەوەكە لە ئەدای كاری سیاسیی دەگیرێت، مانای لاوازی نییە، مانای زیندویەتی و زیاتر هەوڵدانە بۆ دونیایەكی باشتر. كۆی رەخنەكانیش دەكرێت پۆلێنیانكەین بۆ سێ‌ بەش.
یەكەم: بەشی رەخنە لە پێناو خەمی گەورە.
دووهەم: بەشی نیگەرانی و رەخنە، بەهۆی چاوەڕانی زیاتر لە بزوتنەوە.
سێهەم: بەشی رەخنە لەپێناو ویستی خۆتدا، یان ئاراستەكراو.
هەر یەك لە بەشی یەك و دوو، دەتوانرێت بكرێنە دینەمۆیەك بۆ بەرهەم هێنانی زیاتری كاری سیاسیی. بەڵام ئەوەی كێشەی گەورەیە لە دونیای رەخنەی سیاسیدا، زۆرجار ویستە تایبەتییەكان، بەرژەوەندییەكانی پشت پەردەكان، مەبەستە جەهەنەمییەكان، تێكەڵ بە دونیای رەخنەی سیاسیی دەبن و، مرۆڤ دەبێت كەمێك وردتر سەیربكات و لەخەمەكان و ویستەكان تێبگات. (من بۆخۆم، هەرگیز ناتوانم هیچ وشەیەك لەسەر دەست پاكی، رابردوو پاكی، ماندویەتی، رێكخەری گشتی گۆڕان بڵێم، بۆئەوەی خوێنەر زیاتر بیناسێت، پێویستە مێژووەكەی بخوێنێتەوە.)
ئەو سێ‌ بەشە پۆلێنكراوەی سەرەوە، ئاماژەیە بۆ قسەكردن لەسەر دیوی روناكی رەخنە. هەموو ئەوانەی لەخەمێكی گەورەوە رەخنە لە هێزی سیاسیی و كارەكتەری سیاسیی دەگرن، دەیانەوێت جوڵە و كردە سیاسییەكان زیاتر بكرێن و، ئاراستەی باشتر رۆیشت وەربگرن و، بەرهەمی زیاتر بەدەست بهێنن. لە بەشی چاوەروانی زۆرتر لە هێزی سیاسیی، ئەمە بۆخۆی پێویستی بە لۆژیكە. چونكە ئێستای هەرێم، ئێستایەكە بەدەستی هێزی كوردی نەخشەكان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا نایەت، ئەوەی ئاڵوگۆڕە گەورەكان دروستدەكات، هێزە كوردییەكان نین، هێزی دیكەی دەرەوەی هەرێمن. بۆیە كاتێك چاوەروانی زۆرت لە هێزێك، یان بكەرێك دەبێت، پێویستە بەر لەو چاوەڕوانییە سەیرێكی وێنە گەورەكە بكەیت و، ئەوكات لۆژیكێك بدۆزیتەوە بۆ چاوەڕوانییەكەت.
لە بەشی سێهەمدا، راستی ئەم فۆڕمەیان زۆر نوێیە لەناو بزوتنەوەكەدا. فۆڕمێكە لەپشت هەموو رستەیەكەوە خەونێكی جەهەنەمی تاكەكەسی خۆی دەردەخات. لەسەردەمی رێكخەری گشتی پێشودا بكەرانی ئەم فۆڕمە جەسارەتی نووسینی رستەیەكیان نەبوو لەسەر بزوتنەوەكە، نەك هەر جەسارەتی رەخنە لەخۆگرتنیان نەبوو، بەڵكو دژی هەموو ئەو رەخنەگرانەش بوون رێكخەری گشتی پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان هاوڕێیەتی دەكردن. ئێستا ئەركەكەی جارانیان و ئەركەكەی ئێستایان لەبیركردووە و، لەناو رووبەری رەخنەدا ئاڵای خۆیان بەرزكردوەتەوە، دەیانەوێت بەو مۆدێلە خۆویست و لەپێناو ویستی تاكەكەسییەدا، رەخنە بگرن! بەڵام لەراستیدا ئەمانە رەخنەگری راستەقینە نین و خەمی گەورەشیان نییە، بەڵكو شەڕە لەپێناوی شوێندا. (كۆمیدیایە خۆت بەرەخنەگر بزانیت، بتەوێت هەموو شتێك دەبێت بەو جۆرەبێت تۆ بیری لێدەكەیتەوە و گەر بەو جۆرەنەبێت، ئیدی پێتوابێت رووبەری سیاسیی وێران بووە!)
ئەوەی پێویستە رەخنەی لێبگیرێت، بەبروای من ئۆرگانەكانە. پێشوتر وتارێكی رەخنەیم لەسەر دوو لە ئۆرگانەكان نووسی، ئێستاش پێموایە ئۆرگانی پڕجوڵە، ئۆڕگانی زیندو، هێزی پڕجوڵە و هێزی زیندوو دروستدەكات. بەڵام فەرامۆشكردنی رەخنە لە ئۆرگان و پڕدان لە بكەرێك و گەمارۆدانی بەنەخشەی جەهەنەمی، هیچ واتایەكی نییە جگە لەشیوەنكردن بۆ شوێن.
بە دیوە گشتییەكەدا، ئەوەی زۆر گرنگە لەسەری بوەستین رەخنەگرتنە لە مۆدێلی سیاسیی. لە ساڵی شەستەكانەوە تا ئەم چركە ساتە، لەم باشووری كوردستانەدا دوو مۆدێل سیاسەتكردن هەیە، ئەم دوو مۆدێلە بەبێ‌ جیاوازی هەموو ئەوانە دەگرێتەوە كە لەناو حیزبی كوردیدا كاردەكەن و كاریانكردوە. ناكرێت یەكێك جیابكەینەوە و ئەویتر خۆی بە مۆدێلی نوێ‌ بزانێت. هێشتا مۆدێلێكی نوێ‌ لە سیاسەتكردن و جیاواز لە مۆدێلی شەستەكان نەهاتووەتە ئاراوە. ئەو نەوەی نوێیەش كاتێك دەچێتە ناو رووبەری سیاسییەوە هەمان مۆدێل دووبارە دەكاتەوە! (هەندێكجار مۆدێلەكە بەخراپترین شێوە دووبارە دەكاتەوە.)
هەتا نەوەیەك نەیەت ئەم دوو مۆدێلە تەجاوز بكات، ناكرێت قسە لەسەر رووبەری نوێی سیاسەتكردن بكەین. بەڵام بەشێك لەو نەوە نوێیە لەبنەرەتدا لەنەوەی پێشو بەرژوەندی خوازتر، خۆ پەرستر، شەیداتر بۆ شوێنەن، ئەم دیوەیان نابینی تا شوێنی خۆیان دەگرن! كاتێكیش دەكەونە وتاردان كردەكانی خۆیان بیردەچێت و دەیانەوێت بەرستە ئەویتر گوناهباربكەن و بانگەشەی مۆدێلی نوێ دەكەن! بەڵام كە خۆیان دەبینی لە ناو رووبەرەكە و سەیری كردەكانیان دەكەیت، بەقوڵی و خەستی مۆدێلە كۆنەكە دووبارە دەكەنەوە و سەرت سوڕدەمێنێت لە جیاوازی نێوان كردەكانیان و قسەكانیان! بۆئەوەی نەبینە بەشێك لەم شەپۆلە شاشەییە، سەیری كردە دەكەین نەك قسە. رەخنەگرتن لە هەر بكەرێك، یان هەر هێزێكی دیكە، پێویستە رەخنەبێت لەسەر جوڵە و كردەكان و مۆدێلی سیاسەتكردن، نەك رەخنەبێت لەپێناوی ئەوەی من شوێنم دەوێت، گەر شوێنم نەبێت قسە دەكەم!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت