ئیبراهیم عەباس: ئەوانە کوردن، لێیان بگەڕێن بابمرن.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە نۆڤەمبەری 1976 بومەلەرزەیەک لە پارێزگای وانی دا لە باکووری کوردستان، بوومەلەرزەکە بووە هۆی کوژرانی 6000 شەش هەزار کەس و برینداربوونی 8000 هەشت هەزار کەس و 250،000 دووسەد و پەنجا هەزار کەسیشی بێ خانوو و ماڵ هێشتەوە.
لەم کارەساتەدا دەسەڵات و دامەزراوەکانی تورکیا نەک هەر کۆمەکی لێقەوماوەکانیان نەکرد، بەڵکو لەوەش زیاتر بە ئاشکرا گرفت و تەگەرەیان ئەخستە بەردەم گەیشتنی کۆمەکە مرۆییە جیهانییەکان.
دەسەڵاتدارانی تورک لە کاتی قسەکردن لەگەڵ رێکخراوە دەوڵەتی و ناودەوڵەتیییەکان کە کۆمەکی قوربانییەکانیان ئەکرد، ئەیانووت “ئەوانە کوردن، لێیان بگەڕێن بابمرن، بەم شێوەیە ژمارەیان کەم ئەبێتەوە”.
رووداوەکەی شەوی 2017/11/12 کاتێک بومەلەرزەیەکی بەهێز رۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستانی گرتەوە و لە پارێزگاکانی کرماشان و کرمان تا سەرپێل زەهاو، زیاد لە 500 پێنج سەد کەس بوونە قوربانی و زیاد لە 5000 پێنج هەزار کەس بریندارو بەهەزاران کەس بێ ماڵ و خانوو مانەوە، بومەلەرزەکە بووە کارەساتێکی گەورە بۆ کوردەکانی رۆژهەڵات لەساتەوەختێکدا کە فەرماندارو دەسەڵاتدارانی ئێران نەک هەر کۆمەکی هەموو لێقەوماوەکان ناکەن، بەڵکو وەکو ئەگوترێت رێگریش ئەکەن لە گەیاندنی کۆمەک لە هەرێمی کوردستانەوە. هەر ئەوەندەشنا لەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، خەڵکی سەرپێل زەهاو ئەڵین تەنانەت بێڵێک نییە جەنازەکان لە ژێر داروپەردووی رووخاوی خانووەکان دەربهێنین و سەدان کورد ئێستا لە کرماشان و سەرپێڵى زەها و قەسرى شیرین و سەلاسی باوەجانی و داڵاهۆ و جوانڕۆش لە تەنیش خانوو و شوقە رووخاوەکانیان لە دەرەوە بێ هیچ پێداویستییەکی ژیان ماونەتەوە و شەوانە لەدەشت ئەخەون. لەکاتێکیشدا حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رۆژی 13 نۆڤەمبەر و چەند کاتژمێرێک دوای روودانی بومەلەرزەکە، بە هێلیکۆپتەری سەربازی گەیشتە شوێنی روودانی بومەلەرزەکە، بەڵام ئەم سەردانەش نەبووە هۆی هاوکاری و کۆمەکی دەوڵەت بۆ خەڵکی لێقەوماوی رۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەمەیە حاڵی کوردەکان لەدەست داگیرکاران و ئەم مێژووە هەمیشە دووبارە ئەبێتەوە، لە هەرێمی کوردستیانیش سەرکردەکانی کورد هۆکاری ئەم بەدبەختی و نەهامەتیانەن کەبەسەر خەڵکی کوردستان دادێت و ئەوە ئەوانن ناهێڵن کوردەکان پشوویەکی دوور لەشەر و جەنگ بدەن.