ئەحمەد ڕەزا: پیلانە خوێناوییەکەی عێراق چۆن شکستی هێنا؟.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

نەوەی نوێی سیاسیی لە یەکەم پرۆسەدا، پیلانی دەوڵەتێکی دڕندەی خۆ بە براوەزان و بەهێزی وەک سوپای عێراقی لە ڕێگەی لۆژیک و دابڕانێکی مەعریفییەوە لە نەوەی تەقلیدیی پێش خۆی شکست پێهێنا.
سەرەتا حکومەتەکەی عەبادی و هاوکارانی بیریان لەوە ئەکردەوە، کاردانەوەی سیاسییە پیرەکانی کورد لە بەرامبەر بینینی هێزێکی گەورەدا” تەواوی هێزی ئاڵتونیی و دژەتێرۆرو فیرقەی نۆی زرێپۆش و پۆلیسی فیدڕاڵیی و حەشدی شەعبیی”، وەک دەیەکانی پێشوو سنگ دەرپەڕاندنە فشۆڵەکەو عینادی کردن و بەرگرییەکی کەمخایەنە. بەمەش کەرکوک و شارەکانیتر بە دەردەکەی موسڵ ئەچن..

ئەم پیلانەی عێراق داڕێژراوی تورکیاو ئێران و عێراق بوو بە خوێندنەوەی ئەقڵی چەقبەستووی کورد، بۆ سڕینەوەو لە بەین بردنی یەکجارەکیی قەوارەی ئیداریی کورد لە عێراقدا.. بەڵام بە پێچەوانەی ئەو وێناکردنەی ئەو دەوڵەتانەوە، نەوەیەکی نوێ لە ڕێگەی دایالۆگ و تێفکرینی قوڵیی سیاسییەوە، ڕێیان لەم پیلانە خوێناوییە گرت، بێباک لەوەی دەنگە نەسازەکان بە هەر جۆرێک تۆمەتباریان ئەکەن، بە دڵنیا بوونەوە لەوەی ئەوەی بە شەڕ لە دەست ئەدرێ، ئەبێ بە شەڕ وەربگیرێتەوە، کە نا هاوسەنگییەکی ڕوون هەیە، ئەوی بە دایالۆگیش لەدەست ئەدرێ، بە دایالۆگ بەدەست دێتەوە، کە لەوەدا هاوسەنگیی هەیە، وەک نمونەی خانەقین، کە پاش یەک مانگ لە داگیرکردنی، هێزەکانی عێراق بە تەواوەتی چۆڵیان کردەوەو هێزەکانی هەرێم گەڕانەوە شوێنی خۆیان بە بێ خوێنڕشتن..

لە داهاتووشدا ناوچەکانیتریش بە هەمان شێوە ئەو ئەزمونەی تیادا دووبارە ئەبێتەوە، کە ئەمەش یەکەمین دەسکەوتی سیاسیی کوردە، توانیبێتی بە ئەقڵ چارەسەری کێشە گەورەکانی بکات و بەر بە ماڵوێرانیی بگرێت.. ئەمەش سەلماندنی دەرکەوتنی نەوەیەکی نوێ و جێکردنەیەکی تازەیە، لەبەرئەوەی کورد ئەبێت بە ئەقڵیەتێکی جیاوازەوە بۆ داهاتوو خۆی ئامادە بکات..

ئەبێت بگەینە ئەو دەرەنجامە لە ئەزموونی سەد ساڵەوە جارێکیترو دەیان جاریتریش ئەقڵیەتی پیری کوردیی، بەردەوام ئەم هەرێمە بە هەڵەدا ئەباتەوە..