له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج : عه‌بادی و په‌رتكردنی كورد.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌ شوێنێكدا دۆستێك پرسێكی وردی وروژاند، ئه‌و باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ خه‌ریكه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی پرسی نیشتمانی بوون و نانیشتمانی بوون بۆ په‌رتكردنی كورد به‌ كار دێنێت، واته‌ به‌ ناوی نیشتمانی و نانیشتمانیه‌وه‌ ده‌یه‌وێت كورد له‌ت و په‌ت كات، راستی ئه‌مه‌ دوو باره‌ بوونه‌وه‌ ی سیاسه‌ته‌كانی رابردووی حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عێراق بووه‌ به‌رانبه‌ر كورد، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ كورد بیزانێت، ئه‌وه‌یه‌ نه‌بۆ عه‌بادی نه‌بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كوردیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه‌، شتێك نیه‌ به‌ناوی كوردی باش و كوردی خراپ ، واته‌ ئه‌وان وه‌ك یه‌ك سه‌یری هه‌موو كورد ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ كوردی گوێ‌ رایه‌ڵ و گوێ‌ له‌ مستیان هه‌بێت، ئێستا عه‌بادی له‌ هه‌مو لازیاتر به‌و سیاسه‌ته‌ كار ده‌كات، ئه‌و قسه‌و بیرو ڕایانه‌ی له‌ باره‌ی بودجه‌و موچه‌و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌ریده‌بڕێت، ته‌واوی ده‌چێته‌ چوار چێوه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌وه‌ ، بۆ عه‌بادی یاریه‌كه‌ زیاتر زه‌لیل كردن و خۆ به‌ ده‌سته‌وه‌ دانی كورده‌، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێی سیاسه‌تی ” په‌رتكه‌و زاڵبه‌” وه‌ ده‌كات.
له‌م دۆخه‌ ناجۆره‌ی ئێستادا كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌نێو قه‌یرانێكی قوڵدایه‌و رۆژ به‌ رۆژیش كێشه‌ ئابوریه‌كان كه‌ڵه‌ك ده‌بن و له‌ نێو خۆشدا هه‌وڵێكی زۆر هه‌یه‌ بۆ تێكدانی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و شێواندنی پێكه‌وه‌یی ئاشتیانه‌، به‌ سوكایه‌تی كردن به‌ حزبه‌كان، چین و توێژه‌ جیا جیاكان، لێدان له‌ كه‌سایه‌تیه‌كان، دروستكردنی فایل و ناووناتۆره‌، كه‌ هه‌ندێ‌ جار حزب و كه‌سانی باڵای حزبه‌كان له‌ پشتیه‌وه‌ن، وای كردووه‌، نه‌یاره‌كانمان ئاسانتر یاریمان پێبكه‌ن، عه‌بادی و ده‌ورو به‌ره‌كه‌ی و ئه‌وانه‌ی لێوه‌ی نزیكن له‌و ڕوه‌وه‌ هه‌موو دژیه‌كی و ناته‌باییه‌كی كورد ده‌قۆزنه‌وه‌و قسه‌ی له‌ سه‌ر ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت درزو كه‌لێنه‌كان گه‌وره‌تر بكه‌نه‌وه‌، ئه‌زمونداره‌كان به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێن ئه‌وه‌سه‌ره‌تایه‌كی ترسناكه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌، یان راكێشانی سۆزی كورد بۆ لای عێراق.
هه‌ندێك هه‌ڕه‌شه‌ی موچه‌ خۆران له‌ هه‌رێم و ئاماچه‌ دان به‌ ڕووكردنه‌ به‌غدا، تێكشكاندنی كه‌سێتی كورد له‌ به‌رده‌م پاره‌داو له‌ بیر بردنه‌وه‌ی كێشه‌گه‌وره‌كه‌ی كه‌ كێشه‌ی ئازادی و بوونه‌، زۆر به‌ وردی له‌ ناوخۆی هه‌رێم و به‌غدا كاری له‌ سه‌ر ده‌كرێت، كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ ڕابردوودا هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ هۆی گه‌نده‌ڵی و نادادی و سته‌م و ناجۆریه‌وه‌ دۆخێكی نائومێدانه‌و به‌دگومانانه‌ی له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی هه‌رێم و ده‌ربازبوونی له‌ قه‌یران دروستكردووه‌ و، زۆركه‌م خه‌ڵك بڕوایان وایه‌ به‌م ده‌سته‌ حوكمڕانیه‌وه‌ ده‌توانرێت له‌م دۆخه‌ ده‌رچین، ئه‌مه‌ش به‌ قازانجی عه‌بادی و به‌غدا شكاوه‌ته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی بۆ من وه‌ك هاوڵاتیه‌كی كورد ، وه‌ك قوربانیه‌كی ده‌ستی سته‌مكاری ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی به‌غدا گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌كه‌ ڕێ‌ له‌م ته‌قه‌لاترسناكه‌ی عه‌بادی و ده‌سته‌و دایه‌ره‌كه‌ی بگیرێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ له‌ سه‌ر حسابی چاوپۆشی له‌ گه‌نده‌ڵی و نادادیه‌كانی ناوخۆ نا.