کاوسین بابەکر: تەپەی پێی خێوی کۆنگرە دێت!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کۆنگرە لەهەموو حزب و ڕێکخراوێکدا وەک وێستگەیەکی بەخۆداچوونەوەو خۆڕێکخستنەوە، زەرورەتی ژیانی هەرحزب و ڕێکخراوێکە، هەڵسەنگاندنی چوارساڵ کاری ژیانی حزبە، رێکخستنەوەی هەڵوێست و دونیابینی حزبە بەرانبەر بە ڕوداوو ئاڵوگۆڕەکانی مەیدانی سیاسی و داڕشتنەوەی بەرنامەو دونیابینی حزبەکە بەپێی دەرهاویشتە سیاسی و سەربازی و ئابوریەکانی قۆناخەکە. لەهەمانکاتدا بەپێی پرەنسیپەکانی دێموکراسی دەستاو دەستکردنی دەستەڵات و نوێبوونەوەی سەرکردایەتی و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ سەرجەم ئەندامانی حزب، بۆ نوێکردنەوەی بیرو تواناکانی سەرکردایەتی و هێنانی خوێن و تەوژمی نوێیە.

یەکێتی و کۆنگرە
دەبوایە یەکێتی بۆ کۆنگرەی پێنجەم خۆی ئامادەبکات کەچی کۆنگرەی چوارەمیش هێشتا مشتومڕی لەسەر دەکرێ! ئەوانەی لەبەرژەوەندی تایبەتیدا نقوم بوون، نەک چوارساڵ بەڵکو لەوەتەی یەکێتی هەیە سەرکردایەتی ئەو حزبەن و بۆ تاقە یەک دەورەش نەهاتونەتە خوار، کۆنگرە وەک خێوێک دەبینن کە بۆ مەرگی سیاسی ئەوان هاتبێ!
مرۆڤ گیانەوەرێکی میزاجی سەیرە، ئەو گەنجەی تا دوێنێ ملی لەسێدارە دەسوو بەگژ کاریی نەکردەدا دەهاتەوەو بەچەند چەکێکی ڕزیو و نانەڕەقەی شوانان بەغدای هێنابووە لەرزە، ئێستا ئەژنۆی لەترسی کۆنگرە شکاوەو ببڕای ببڕای نایەوێ کۆنگرە بگیرێ، لەپەرێزی خۆی رانابینێ ملی بخاتە بەردەم تیغی و یژدانی ئەندامانی حزبەکەی! دەزانێ خەم و خولیای لەدەوری کۆمپانیاو بەرژەوەندیا کەسیەکانی چڕبۆتەوەو چاویی یەکێتی لاواز نابینێ، ئەو یەکێتیەی بە 19 ساڵ تەمەنەوە بوو بەتاقە ڕکابەری پارتی خاوەن 56ساڵ تەمەن لەساڵی  1992داو نیوەی دەنگەکانی بۆ خۆی برد! کەچی ئێستا لەسایەی سەری ئەمانە بۆتەوە بە18کورسی بەرانبەر  بە 38کورسی ئەو حزبە!
کەسی نادێموکرات هەر ئەوەندە کاریی بەدێموکراسیە تا بەپەیژەکەیدا سەردەکەوێ بۆ دەستەڵات، کەسەرکەوت شەقێک لەپەیژەکەدەدا بۆئەوەی کەسی تر جێگەکەی لەق نەکات، ئیدی دێموکراسی وەک ووشەیەکی جوان لەنێو زماندا دەمێنێتەوەو هیچ کەس بەقەد خۆی ئەو ووشەیە خەرج ناکات!
دەزانم هیچ حزبیک لەکوردستان ئازایەتی ئەوەی نییە پرەنسیپەکانی دێموکراسی پیادەبکات و دەستاو دەستکردنی دەستەڵات لەحزبدا پیادەبکات و بیکات بەنەریت، سەیرکردنی لیستی سەرکردایەتی حزبەکان بەئاسانی پێت دەڵێ ناوەکان هەرهەمان ناویی چەندان ساڵی لەمەوبەرن بەکەمێک دەستکاریەوە، خۆ بەرپرسە یەکەمەکان هەر هیچیان نەگۆڕاون!

تکایەک بۆ سەرکردەکان
ڕووتان لیدەنێم و تکاتان لێدەکەم، ئێوە هێندێکتان خۆتان دەزانن ئیدی دەبێ دابەزن و تواناکانتان چۆڕەبڕو خەمەکانتان لەخەمی حزب و نیشتمانەوە گۆڕاوە بۆ خەمی دەستکەوت و کوڕوکچ و دەستوپێوەندەکان، جورئەت بدەنە بەر خۆتان و لەقیتارەکە دابەزن و کۆنگرەیەکی پاک و خاوێن ببەستن و نەخۆتان و نەهیچکەس ڕێ پێمەدەن دەستی تێوەربدات، خۆتان بەهەموو کەم و کوڕیەکانتانەوە مێژوویەکی پراوپر لەخەبات و گیان بازیتان هەیە، چیتر ئەو شانازیەتان کاڵ مەکەنەوە بەمانەوەتان وەک بەردی خڕ لەسەر ڕێی پێشکەوتنی یەکێتی و پرۆسەی سیاسی، خەرمانەی خەباتی خۆتان لەوە زیاتر مەشەمزێنن، با خوێنی تازەو بیری تازەو توانای نوێ بێتە ناو یەکێتی و ئێوەش بە ئەزمونی زۆری خۆتان پشتگیرو هاوکار بن بەمەش هەم خۆتان هەم مێژووتان لەڕق و توڕەیی جەماوەر قوتار دەکەن و خەڵک ئاشت دەکەنەوە، هەم یەکێتی دەبەنەوە سەر سکەی سەردەمی زێڕینی مام جەلال.