کارا فاتیح: لە بیرت ناكەین, هەمیشە دڵماندایت.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كە دەڵێیت لە بیرت ناكەین، یان بە كەسێك دەڵێیت بیرت دەكەم، ئەو كاتە بیرت دێتەوە بۆ ئەوەی بیری بكەیت، یان بیرت دێتەوە بە كۆ بیری بكەین، بیركردنی كەسێك بۆ ئەوە نییە ڕابگەیەنرێت، بكرێتە هەرا، بۆ ئەوانی تر جاڕ بدرێت، بیركردن دوای جەبری دابڕان دێتە ئارا، لەوەوپاش بەهێزیی سونبولەكانی یاد لە نەستی مرۆڤدا كاریگەریی خۆیان لە ئاگایی مرۆڤ دادەنێن و لە ڕێی هەستەكانەوە دەبنە بەشێك لە كاراكتەری ئەو كەسە، كردار گوزارشت لە بیركردن دەكات، نەك بیرۆكە… بە بۆچوونی فرۆید بیرۆكە لە پانتاییی ئاگایی (الشعور)دا سیفەتێكی كاتیی هەیە و ناتواتێت هەمیشەیی بێت، لەحزەیەك دەردەكەوێت و دواتر ون دەبێت، دەیشكرێت هەمدیس بێتەوە بەڵام خەسڵەتێكی هەمیشەییی نییە و بەشێك نییە یان بەشێكی سەرەكی نییە لە كاراكتەر و كەسێتی.
پرۆفایلێكی زۆر لە فەیسبوك وێنەی سەركردەیەكە و لێ نووسراوە لە بیرت ناكەین، هەمیشە لە دڵماندایت… لە بیرت ناكەین واتە بیرت دەكەین، لێرەدا بیرت دەكەین كردارێكە بەردەوام ڕوو نادات، بەڵكو بەردەوام ڕادەگەیەنرێت، كارێكە لە ناو هۆشیاریدا نییە و لە دەرەوەی هۆشیاریدا دێت و ئامانجی تر دەیسەپێنێت، چونكە ماهیەتی (كردن) تێیدا زاڵە تا (بوون)، ماهیەتی (كردن) پرۆسەی لەبیربوون، كە پرۆسەیەكە سەرەتا لە نەستدا ڕوو دەدات، لە ماهیەتی (بوون) دادەماڵێت و لە ناو هۆشیارییەوە دەهێنێتە دەرەوە و دەكاتە پرۆسەیەكی داسەپاو و وەك دەمامكێك لە دەرەوە بەسەر هۆشیارییدا دەدات، بۆیە كە دەڵێیت لە بیرت ناكەیت، لە ڕاستیدا خەریكی لەبیركردن و لەبیرنەكردن نییت، بەڵكو خواستێكی دەرەكی یان نواندنێك هەیە، ئیتر موجامەلە و وەڵائـ و خۆبردنەپێش بێت، یان هەر جۆرێك لە گەمژەیی، ئەم ڕاگەیاندنە بە سەر هۆشیاریدا دەدات و دەكەوێتە جاڕدان. پرۆسیسەكانی (بوون) خۆبەخۆن و لە ناوەوە بەرەو دەرەوە دێن و جووڵە و ڕوودانیان لە ناو هۆشیاریدایە (لەبیربوون یەكێكە لەوان) دواتر هەر خۆی لە كەناڵ و ڕێی جۆراوجۆرەوە خۆی ڕادەگەیەنێت، بێ ئەوەی خۆی قسە لە ڕوودانی خۆی بكات و پێویست بكات جاڕی بۆ بدات.
بە شێوەیەكی تر دەتوانین بڵێت دەستەواژەی (لە بیرت ناكەیت، هەمیشە لە دڵماندایت) بە سیفەتی دەمامكە درۆزنانە و نواندنئامێزەكانی، پرۆسەیەكە لە وێنەی پەرچەكردار نەك كردار، هەر خۆی بۆ خۆی دەبێتە پەرچەكرداری (بیركردن و لەدڵدابوون) واتە مانای حەقیقیی ئەم دەستەواژەیە (لە بیرت ناكەیت، هەمیشە لە دڵماندایت) بە تەواوی ئەوەیە كە (لەبیرمان كردوویت و لە دڵماندا نیت) بەڵام نامەوێت بیری خۆم ئازاد بكەم و دڵی خۆم بۆ دونیا بكەمەوە، لێرەوە كاری ڕاگەیاندن و جاڕدانی (لە بیرت ناكەیت، هەمیشە لە دڵماندایت) تەنینەوەی پرۆفایلی زۆرێك، بۆ ڕاكردن و بە واقیعی وەرنەگرتنی (لەبیركردن و لە دڵدا نەبوونە) بەڵام بەو پێیەی بیركردنەوەی هزرێك كە هەر بە شوێن خۆبەكەمزانین و كۆیلەیەتی و پاشكۆییی عەقڵەوەیە، گەر هیچیشی دەست نەكەوێت، بەردەوام لە ڕێی دەستەواژەگەلی وەك (لە بیرت ناكەیت، هەمیشە لە دڵماندایت) ئەم هەستانەی خۆی دەمەزەد دەكاتەوە و بە بیانووی ڕێز بۆ سەركردە و شتی تر، بیر و دڵی خۆی دەخاتە ژێر پێوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت