لاوک کونجرینی: کۆتایی بیریی کۆنەپارێزیی بەرزانی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

1940-07-22 پاش ئەوەی سەرۆکی وڵاتی فەرەنسا( فيليپ پيتان )، پاریسی ڕادەستی لەشکری ئەڵمان کرد، لەسەر داخوازیی هتلەر چوونە هەمان فارگۆنی شەمەندەفەرەوە، کە لە ساڵی 1918 واژووی خۆبەدەستەوەدانی ئەڵمانیا تیاکرا. کە ئەم فارگۆنە لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە خرابووە مۆزەخانەیەکی پاریسەوە.

پاش جەنگەکە، سەرۆکی وڵاتی خۆبەدەستەوەدەر، لەوتەیەکەدا بۆ بەرگریی کردن لەخۆی، وتی: من لەبەر پاراستنی پاریس ئەو کارەم کرد، ئەوە جەنگەکەش کۆتایی هات و پاریس هەر بە پێوەیە.

لە 16-10دا، ئەوانەی ژیرانە کەرکوکیان لە جەنگی کاولکردن پاراست و نەیانهێشت کەرکوک ببێتە قوربانی ململانێی بەرزانی و ئەمریکا، وەک پاریسییەکان دوای چەندین ساڵ هەست بەو لێپرسراوییە دەکەین.

لە پێش ڕیفراندۆم، زۆر وڵاتی جیهان و ناوچەکە پەیامی خۆیان گەیاندە بەرزانی و سەرانی هەرێم بۆ ئەنجامی ڕێفراندۆم، بەڵام گوێیان نەگرت. بەرزانی بەردەوام بوو. لەئەنجامدا پەرچەکردارێکی زۆر توندی لەپەیامێکدا گەیاندە ئەمریکاو، وتی: هێندە حسابتان بۆ ناکەم. دەبێت بپرسین کە:

ئایا بەرزانی بەچ هێز و توانایەکەوە بەرامبەر ئەمریکا ڕادەوەستێت لە کاتێکدا، قسەکردن لەسەر توانای ئەمریکا لەوێوە دەست پێدەکات، بە هۆی هێزە سەربازیی و داراییەکەیەوە زاڵە بەسەر جیهانداو، بەربەرەکانیشی ئاستەمە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە لەپیش ڕیفراندۆم زۆرێک لە ڕۆشنبیر و ئاکادیمی و سیاسی بەسەرسوڕمانەوە گوێ بیستی بەردەوامی و ئالینگیری بەرزانی بوون لە ڕێی وتارەکانییەوە لەسەروەختی بانگەشەی ڕیفراندۆم. ئەنجامەکەشی بەخراپ شکایەوە، لە پێشەوە بەسەر خودی بەرزانی و دواتر بەسەر هەرێمی کوردستاندا.

لەسەروبەندی ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام بەدەستی ئەمریکا، بوشی کوڕ لەسەر کەشتییەکی جەنگی ئەمریکا وتەیەکی زۆر ئازایانەو ڕاستگۆیانەی وت لە وەڵامی ڕۆژنامەنوسێکدا: ئێمە بەدەیان تریلۆن دۆلارمان لە چەک و تەقەمەنی گەورەدا دەرچوو کردووە، بۆ ئەوەمان دانەناوە لە لاگەرەکانی سەربازیدا ژەنگ لێیان بدات. ئەم قسەیە هەم پەیام و هەم ڕاستگۆیی سەرۆک بووش نیشان دەدات دەرحەق بە ستراتیژی بنیادنانی چەکە گەورەکانی ئەمریکا لەکاتی بەئەنجام گەیاندنیدا.

با بە ڕاستگۆیانە بدوێین: ڕاستە عێراق شەبەحی شیعە بە هەردوو دیودا هەم هی عێراق هەم ئێران باڵا دەستن، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین، گەر ئەمریکا لە عێراقدا 1000 بۆمبی نەوەوی دەرچوواندبێت، ئامادە نییە، لە باڵادەستی عێراق دەست هەڵبگرێت، واتا دەستبەردانی لە عێراق، سڕینەوەی خودی ئەمریکایە.

لە گۆشەی سیاسییەوە بڕوانینە ململانییە خوێناوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە کوردستانەوە، دەبێت لەوە بگەین دەرکردنی ئێران لە هاوکیشە سیاسییەکە، واتایەک بۆ تەنگەشەکان نامێنێت و ئەمریکا بازاڕیی سیاسی کۆتایی دێت. کەواتە گەورەیی توانای ئێران دەبێت بوونی هەبێت، بۆ ئەوەی ئەم بازارە سیاسییەی ئەمریکا گەرم بێت. هەر ئەمەشە لەڕووداوەکەی 16-10 دا جووڵەی ئێران و سەرپەرشتی کردەکە لەلایەن ئەمریکاوە، دەمان خاتە سەر ئەو گومانەی ئەمریکا دەستێکی باڵای هەبێت لە جموجۆڵی ئێران بۆ کردە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.

لە سەروەختی ڕێفراندۆمدا لە ناو ماڵی تاڵەبانیدا دوو پڕژ هەبوو:

1- لەگەڵ ڕیفراندۆمدا بوون، لەوانە قوباد و هێرۆخان.

2- باڤڵ و شانازخان و لاهور و ئاراس.

وەک لەسەرچاوەیەکەوە گوێ بیستی بووم، هۆکاریی باوەڕبوونی هێرۆخان و قوبات تاڵەبانی دەگەرێتەوە، بۆ حەملە سیاسییە چڕەکانی ڕاوێژکارە بیانییەکانی بەرزانی لەوانە کۆشنەر و خەلیل زادە، ئەمانە هۆکاریی کۆمەڵێک درۆ و دەلەسە بوون بۆ باوەڕ پێهێنانیانی بەشێک لە خێزانی تاڵەبانی و، هەروەها سڕکردنی مێشکی سەرانی کۆمەڵێک حیزب و لایەنی بەشەکوردستانی ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا و باکور، دواتر بۆ جەماوەرەکەیان. بەمەرجێک ئەم ڕاوێژکارانە وتەکانی ئەمریکاشیان لا بێ بەها کردبوون و وایان تێگەیاندبوون کە گوێ بە ئەمریکا نەدەن و هەموو شتێکە لەژێرەوە تەواو بووە، واش نەبوو.

گەر لە کەرکووکدا شەڕ بکرایە چی ڕووی دەدا؟

بینیمان لە دوای 16-10 وە، بەداخەوە لەکەرکووکدا کۆمەڵێک ڕۆڵەی ئەم گەلە گیانی خۆیان سپارد، لە کاتێکدا هەموو لایەک دەکرا ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ڕەوشەکەدا بکەن و کوری خەڵکی نەدەن بەکوشت، بیریانە لەوە بکرادەیەتەوە، کە:

1- لەعێراقدا هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بڕیاریی جووڵە بدات بەهێزیی سەربازیی، جگە لەئەمریکا. خۆ بەڵگەیەکی گەورە لەبن دەستایە، گەر هێندە بێ ئاگابین لە دەسەڵاتی ئەمریکا، ئەویش: ئەو هەڕەشەیەی ، کە ئەمریکا لە سەرانی هەرێمیان کرد، کە نابێت بەهیچ جۆرێک هێزی پێشمەرگە بەکار بهێنرێت لە تەنگەشەکانی کوردستاندا، دەنا پەرچەکرداریی خراپمان دەبێت. هەموو لایەک وابەستە بوون بەم بڕیارەوە. بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ هەمیشە ئەو هێزە بوون خوازیاریی ئەوە بوون هێزی چەکداریان هەبێت بۆ بەرگریی کردن، بەڵام لە سەر ڕۆشنایی بڕیارەکەی ئەمریکا، زمانیان لەم دۆسەیە نەدەداو، هەمیشە لەڕێی ئەندام و لایەنگریانەوە، دەکەوتنە بەر ڕەخنە.

2- کەرکووک بەتەواوی نیوە وێران دەبوو.

3- هێزیی پێشمەرگە بەتەواوی لێکهەڵدەوەشایەوە.

4- جگە لەکورد، پێکهاتەکانی تر بە چاوێکی زۆر خراپتر لەمڕۆ دەیانڕوانییە دەسەڵات و هێزی پێشمەرگە، گەڕانەوەی متمانە وا بەئاسانی نەدەبوو.

5-  ئەوەی زیانی دەکرد جگە لەکورد یەکێتی دەبوو، پارتیش ئەم زمانە درێژەی ئەمڕۆی دەیان کیلۆمەتری تر دریژتر دەکرد.

6- بەتەواوی پرۆسەی کورد دەکەوتە بەر هەڵوەشاندنەوە، کورد هیوا بڕاو دەبوو.

لە جەنگدا پاشەکشە لەپێناو کەمی زیاندا ژیرانەترین بڕیارە، بەمەرجێک ئاسۆیەکی تر بەدی بکرێت.

ئێستا دەیبنین جگە لەوەی تا ئەم چرکە ساتە ململانییەکانی هەرێم و عێراق، بەهۆی ملنەدانی تەواو بۆ بڕیارەکانی عێراق و هەنگاوە تۆڵەکانی ئەمریکا لە بەرزانی و پارتی، بۆتە هۆی دەرچوویی بڕیار لەسەر بڕیار بۆ گۆشەکردنی هەرێم. کەبە ڕایی بەندە کاتییەو وابەستەیە بە خشتەی پیلانەکانی ئەمریکاوە دژ بە هەڕەشەکەی بەرزانی و، ئاسۆیەکی ڕوون دەبینرێت بۆ هەرێم، ئەویش:

1- هەرێم ئاهێکی سیاسی نوێی بەبەردا دێت.

2- دیموکراسی و مافی مرۆڤ تا سنورێک خۆی نمایش دەکات.

3- مادەی 140 دەچێتە بواریی جێبەجێکردنەوە.

4- ژێرخانی ئابووری کوردستان گەشە دەکات.

5-  یاساو بنیادی دەستورێکی نوێ دەچەسپێت.

گۆشەی سیاسی کورد لەم هەرێمەدا، بەهۆی هەنگاوە نا بەرپرسیارەکانی بنەماڵەی بەرزانی و پارتی تیشکێکی نوێ سەردەردێنێت و، ڕووناکییەکی تر دەبەخشێت.