بەهرۆز جەعفەر: ئەگەر دکتۆر بەرهەم سەرۆکی عێراق بوایە.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئێستا لە بری لە نێوان جادریەو ناوچەی سەوزدا بێت و بچێت، لە واشنتۆن و لەندەن ئەبو، لەبری بێتەوە سلێمانی لە مۆسکۆ و تاران ئەبو، مەگەر شەش مانگ پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەرهەم ساڵەح پێی نەوتن ئەم هەرێمە تووشی بێنەو بەرە مەکەن و، بڕیاری سەربەخۆیی لە هیچ شوێنێکەوە نییە لە بەغدا نەبێت؟.
لەواقیعدا، من دەنگم بە ڕیفراندۆم نەداوە تا بچم بە دواداچوون بۆ ئەنجامی دەنگەکەم بکەم، دەنگ نەدانم بۆ ڕیفراندۆم مانای وانییە شێت و خولیای مافە نیشتیمانیەکانی کورد و ئارەزووی دەوڵەتێک بۆ کوردستان نەکەم، بەڵکو ئەو حەزو خولیایەی بۆ ڕیفراندۆم هەبو، حەزێکی شێتانە بو، نەک ژیرانە، لەکاتێکدا ئەزانین سێ ڕێگە هەیە بۆ ئەوەی سەربەخۆیی چێ بکرێت: یان جیابونەوە بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە دەوڵەتی دایک ( کەس لەخۆیەوە ژان نەیگرێ بڵێ عێراق دەوڵەتی دایک نییەو چی وچی، باسی واقیع ئەکەین) واتە ئەو دەوڵەتەی لێی جیائەبێتەوە دانی پیا بنات، وە یان دان پیانانی لە لایەن 2 /3 زۆرینەی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش واتە لەو پێنجە سێ دانەیان، وە یاخود پاڵپشتی سۆپەر پاوەر کە سەرکردایەتی سیستەمی تاک جەمسەری جیهانی ئەکات ئەویش ئەمریکایەبە هاوپەیمانی لەگەڵ بەریتانیا. کورد بە مانگێک پێش ڕیفراندۆم ئەیزانی هیچ کام لەم سیانە چێ نابێت (کە ئەڵێم ئەیانزانی، لە نزیکەوە پێمان وتن). پارتی هیچ شتێکی بە دەستەوە نەمابو پێشکەشی بکات ووتی با ڕیفراندۆم بکەین!. بوونی ئەو دوو حزبە لە ژیانی سیاسیی کوردستاندا بەمشێوەیە زیادەیە، ئادەی پێمان بڵێن “ئێوە بۆچی هەن؟!”.
ئێستا کە ناوی دکتۆر بەرهەم دێنین، مەبەستم ئەوە نییە بازاڕی موزایەدە یان حزب و موئامەرە خۆش بێت، یان پاڵپشتی کەسێ لە دژی کەسێ بکەین، ئەمما وەک ڕووناکی ڕۆژ لێمەوە دیار بوو ئێستا ئەگەر دکتۆر بەرهەم سەرۆک کۆماری عێراق بوایە، یان هیچ نەبێت پۆستێکی تەنانەت شەرعی ئەوتۆی لە هەرێمدا هەبوایە، ئێستا قەناعەتی بە لەندەن و واشنتۆن کردبو، مافەکانی کورد لە عێراق دا زامن بکەن، هەر هیچ نەبێت ئاسمان و زەوی کوردستان ئازاد بکەن مافی جووڵەکردن بدرێتەوە بە کوردستان.!. هەر هیچ نەبێت بەرهەم ساڵەح هەوڵەکانی خۆی ئەخستەکار و، ئۆفەرێکی ئەدا، ئێمەو مانانیش لە ئاستی ڕای گشتی جیهانی دا پاڵپشت بە هەوڵەکانی پاڵێک مان بە شتێکەوە ئەنا، بەلای کەمی سەدان توێژەر و ڕاوێژکار و باڵوێزو میدیاکاری ئەم جیهانە وەک ئاو لە شوێن بێڵی بەرهەم ساڵەح ئەڕۆیشتن. !. سەرکردایەتی کورد ناڵێن ئێمە لە بەر مەعمەعەو دەستکەوتی تایبەتی و حزبی خۆمان شکستمان هێناوە لە گفتوگۆ، ئەڵێن دەوڵەتی عێراق باوەڕی بە گفتوگۆ نییە.!.
مەخابن!. چی لەگەڵ ئەو ئەقڵیەت و مێنتاڵیەتەی پارتی دیموکراتی کوردستان ناکرێ و ناوترێ، ئێستاش وا تێگەیشتون کوردستان هەموو شتێکی هی ئەوانەو، هیچ کەسی تر مافی نییە لە دەرەوەی ئەوان بەردێ بخاتە سەر بەردێ، کەس نابێ لە خێرو بێری ئەو ووڵاتە بپرسێ، ئەوان نەبێت، ئەوانیش ئەوانە بوون کە ئەم دۆخەیان خووڵقاند!.
خەڵکی کوردستان، شیاوی ئەوە نییە بدرێتە دەست قەدەرێکی خراپ، سوکایەتی بە هەموو بەهاو پیرۆزییەکانی بکرێت، شکستی ئەو نوخبە حزبی و بێ ئاگایەی کوردستان شکستی گەلی کورد نییە. پێویستە کوردستان هەڵبسێتەوە، ئەو هەستانەوەیەش پێشەکی پێویستی بە فەتح کردنێکی ناوخۆیی هەیە. ئیمڕۆکە برادەرانی یەکێتی نیشتیمانی تەنها خەمیانە کۆنگرە بکرێ و ببنە مەکتەبی سیاسیی، پارتی دیموکراتی کوردستان یش تووشی فۆبیایەکی ناوخۆیی و عێراقی بووەو، خەمی پێگەی خۆیەتی نەک کوردستان.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
بەهرۆز جەعفەر

ئەرشیڤی بەڕێز: بەهرۆز جەعفەر