دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: ئایا ئەبێ جنێوى سوک بەوەزارەتى تەندروستى وحکومەت بدرێ تا وەڵامى هەبێت؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەوى سێ شەممە ڕێکەوتى چواردەى نۆڤەمبەرى ساڵى دووهەزارو حەڤدە سەردانى نەخۆشخانەى فریاکەوتنى سلێمانیم کرد وەک هاوەڵى نەخۆش، نەک وەک پزیشکێکى نەشتەرگەر سەر بەوەزارەتى تەندروستى، ئەوەى من بەچاوى خۆم بینیم، چ وەک پزیشک، چ وەک هاوەڵى نەخۆش قابیلى قبوڵ نییەو لەگێڕانەوە نایەت؟.
ئامانج لەبینینى نەخۆش چاکبوونەوە نەبوو، وەک لەوەى خۆدەربازبوون بێت لەبەرپرسیارێتى ئەخلاقى پزیشکى؟ ئامانج لێى هەڵخەڵەتاندن و چاوبەستى نەخۆش و هاوەڵەکەى بوو لەلایەن وەزارەتى تەندروستى ببورن لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەو حکومەتەى لەکۆى چەمکەکانى ژیان شکستى هێناوە .
لەچ بارودۆخێکدا بینیوتانە ڕاپۆرتى پزیشکى سەرەتایى کە دەزگاى پۆلیس و دادگاکان پشتى پێدەبەستن لە یەکلابوونەوەى هەندێک لەکێشەکان بوونى نەبێت؟ ئێستا لەنەخۆشخانەی فریاکەوتنى سلێمانى کەلۆدى یەک ملیون هاوڵاتى لەسەرە بوونى نییە؟ ئەمە ئەوپەڕى داڕووخانى سێکتەرى تەندروستى یە؟ ئەگەر ئێوەى پاڵەوانى حیزب تواناى بەڕیوەبردنى کەرتێکى هەستیارى وەک کەرتى تەندروستیان نی یە؟ بڕۆن وازبێنن؟ بەرۆکى پزیشک و کارمەندانى تەندروستى بەردەن.
لەمێنتاڵتى و ناخى ئێوەى بەرپرسانى حیزبى تەندروستى و حکومى سەرەتاکانى ئەلف و بێى بەڕیوەبردنى تەندروستى و نەخوشخانەکان بەدی ناکرێت، بەهەموو پێوەرەکان لەزانستى تەندروستی بێئاگاو نەزانن، تکاتان لێدەکەین تەنیا بۆ جارێک وەک مرۆڤ بیربکەنەوە، چیدى ژیان و تەندروستى کۆمەڵانى خەڵک و ژینگە تێکەڵ بەبازرگانى مەکەن؟ بەڕێوەبردنى تەندروستى زانستە نەک بازرگانى، تەندروستى میللەتێک مەخەنە مەترسیەوە لەبەر گیرفانى ئەم کاک و ئەوخاڵ و ئەو مام؟.
بۆ زانیارى، خزمەتگوزارى تەندروستى لەو دۆخە داڕوخاوەى دواى ڕاپەرین سەدقاتى ئێستا باشتر بووە هەر لەبەر ئەوەى کەرتى تەندروستى بەبازرگانى نەکرابوو.
ئەوەى ئەگوزەرێ دوور و نزیک پەیوەندى بەلایەنە مرۆڤایەتیەکەى زانستى پزیشکیەوە نەماوە؟ دوور و نزیک پەیوەندى بەمافى نەخۆش و زانستى بەڕیوەبردنى تەندروستی و نەخۆشخانە نەماوە؟ بەبۆچوونى من لەئێستادا شتێک نەماوە بەناوى وەزارەتى تەندروستى و خزمەتگوزارى پزیشکى وتەندروستى.
ئەوەى من بینیم شکاندنى شکۆى نەخۆش و هاوەڵەکانێتى، شکاندنى شکۆى سامانى مرۆیى تەندروستى یە بۆ پیشەکەى، شکاندنى شکۆ و تەندروستى گشت کۆمەڵگایەکە بەهەموو چین و توێژەکانیەوە.
زۆر لەمیژەوە بەهەموو شێوازێک” بەنوسین، بەیاداشت، بەتوێژینەوە و لێکۆڵینەوەى زانستى، بەتاوتوێکردنى بارى تەندروستى لەگەڵ بەرپرسان” هۆشدارى خراپى ڕەوشى تەندروستی کوردستانمان بۆ دەسەڵاتى سیاسى و حکومڕانى هەرێمى کوردستان ڕوونکردۆتەوە.
ئاماژەمان بەنەبوونى سیاسەتیکى تەندروستى گونجاو داوە، ئاماژەمان لەخراپ مامەڵەکردنى بەرپرسانى وەزارەتى تەندروستى و ودەزگاو دامەزراوە لاوازەکانى داوە بەرامبەر بەپرسى تەندروستى هاوڵاتیان، بەداخەوە مێش میوانیان نەبووە، تەنانەت تاکە هەڵوەستیەکیان لەسەر ئەو هۆشداریە زانستایانەى ئێمەمانان و شارەزایانى تەندروستى نەکردووە بۆ باشکردنى ڕەوشى تەندروستى و گەڕانەوەى شکۆ بۆ سێکتەرى تەندروستى و کۆمەڵانى خەڵک.
لەوە ئەچێت تاجنێوى سوک بەحکومەت و وەزارەتى تەندروستى نەدەیت نەکەونە کاردانەوە وەڵام، بەڵام سەرەڕاى ئەوەش ئێمەى پزیشک و کارمەندى سێکتەرەکە خۆمان بەدوور دەگرین لەڕەخنەى نابەجێى سوک و ناشرین و ئابڕووبەر، ئێمە دادوەرنین تابەوردەکارى گەندەڵیە ئابووریەکاندا بچین کە هۆکاریى گشت شکستەکانى کەرتى تەندروستیە، ئەوە هەڵدەگرین بۆ مێژوو داهاتوو کاتیک یاسا سەروەر بێت.
لەم شەوانەدا پۆستیکى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانیم بینى کە بە ڕاستگۆیانە باسى بارودۆخى تەندروستى دەکرد، بەڕاستى بەزەیم پێداهاتەوە باس لەوە دەکات: مقیم مانى گرت مقیم ئەقدەم فشارى کەوتە سەر قادەمى هەناوى زووهاتن هاوکاریەکیان وەرگرت جراحەو کسور هاتن تەهدیدیان کرد هاوکاریەکیان وەرگرت ……………….بەقەدەر هەموو موقیم ئەقدەم لەئێوارەوە خەریکم جارێ هیچم بۆ نەکراوە بێ وەعدى نییە ڕووى وەزعەکە ڕەش بێت ئەوەندە داواى پارەمان لەخەڵک کرد ڕەزامان قورس بووە ……….. دواتر دەنووسێت ئەم پرۆسەى پارە تەوزیعکردنە لەدوو ساڵى ڕابردوو هەمووى خەتاى من بوو پینەوپەڕۆى کێشەکانم پێ کرد حەللى جەزریمان نەکرد هەوڵ دەدەم هاوکاریەکى مقیم بکەم هەرچونێک بێت و……هتد .
ئەم پۆستە ئەگەر مانایەکى هەبێت ، ماناى ئەوەیە نەک سیستمى تەندروستى خراپ و لاوازە، بەڵکۆ شتێک نییە بەناوى سیستمى تەندروستى، شتیک نییە بەناوى پێشڕەوایەتیەکى تەندروستى کاریگەرو سەرکەوتوو، شتێک نییە بەناوى دارایى و ئابوورى تەندروستى، شتێک نییە بەناوى دابەشکردنى دەسەڵات و کار و بەرپرسیارێتى سەرەڕاى بوونى جێگرێک و چەند یاریدەدەرێک، هەموو دەسەڵاتە کارگێڕى و دارایى و زانستیەکان خراونەتە سەبەتەى حیزبە دەسەڵاتدارە بازرگانەکانەوە.
سێکتەرى تەندروستى سێکتەرێک نییە بەسواڵ و سەدەقەى خەڵکى بڕوات بەڕێوە! بەڕێوەبەرى گشتى لەپۆستەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات” ئەم پرۆسەى پارە تەوزیعکردنە لەدوو ساڵى ڕابردوو هەمووى خەتاى خۆى بووە، لەبرى چارەسەرى ڕیشەیى پینەوپەڕۆى کێشەکانى کردووە” ئەم پرۆسەى پارە تەوزیعکردنە خۆى لەخۆیدا نایاساییە و دژ بەبنەما زانستیەکانى بەڕیوەبردنى تەندروستیە.
ئەمە جۆرێکە لەسڕکردن و هەڵخەڵەتاندنى پزیشک و کارمەندان بۆ ماوەیەکى کاتى نەک هەتاهەتا، سێکتەرى تەندروستى بەدابەشکرنى پارەى لابەلا ناڕوات بەڕێوە، بەڕێوەبردنى دارایى تەندروستى یەکێکە لەبنەما سەرەکیەکانى بەڕیوەبردن کە پێویستى بەهەڵسەنگاندنى زانستى سەرچاوەکانى داهات و چۆنێتى خەرجکردنى هەیە، پێویستى بەکەسانێکە تۆزێک لەزانستى بەڕێوەبردنى تەندروستى و نەخۆشخانەکان بزانن ئەگەر شارەزاییەکى تەواویشیان نەبێت.
من وەک پزیشێکى سەر بەوەزارەتى تەندروستى وەک بەرپرسیارێتى ئەخلاقى چیدى بێدەنگ نابم، وەک پیشەى جاران بەهەموو شێوازێکى مەدەنى یاسایى لەژێر ناوى” چاوبەست و جادوى وەزارەتى تەندروستى” زنجیرەیەک بابەتى تەندروستى زانستى ئەخەمە بەردیدى خەڵکى، بەڵکو وەزارەتى تەندروستى بەئاگا بێتەوە و کاردانەوەى هەبێت، هەرچەندە سور ئەزانم وەزارەتى تەندروستى هیچى تازەى پێ نییەو ناشتوانێت هیچ گۆڕانکاریەکى ئەرێنى بکات چونکە لەڕاستیدا هیچى بەدەست نییە، وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان لەشکستدا خنکاوە.
کاتى ئەوە هاتووە بڕۆن بەرۆکى ئەم سێکتەرە هەستیارە بەربدەن کەپەیوەندى بە ژیان و تەندروستى جەستەیى و دەروونى کۆمەڵانى خەڵک و ئاژەڵ وژینگەوە هەیە، کاتى ئەوە هاتووە لەگەڵ حکومەتى شکستخواردوى هەرێمى کوردستان دەست لەکار بکێشنەوە، ئەوەى لە سێکتەرى تەندروستى ڕوو دەدەات هیچى کەمتر نییە لەسێکتەرەکانى ترى وەک نەوت وسامانە سروشتیەکان، دارایى وباج داهاتەکان و… هتد. چونکە سێکتەرى تەندروستى مامەڵە لەگەڵ مرۆڤدا دەکات لەوپەڕى کاتى پێویستیدا، کاتێک ژیان ئەکەوێتە مەترسیەوە، مرۆڤیش بەنرخترین سامان و سەرماەیە تەنانەت لەزێڕو زیویش بەنرخترە بۆ ئەوانەى لەژیان و ژین و ژینگە گەیشتوون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت