نەبەز گۆران: چیرۆكی ریفراندۆم كۆتایی هات.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ریفراندۆم بەرلەوەی پرۆسەیەك بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجێك، بڕیارێكی سیاسیی و یاساییە. ئەمڕۆ سەرۆكی حوكومەت لە لێدوانێكدا لە (پاریس) كۆتایی بە دیوە سیاسییەكەی ئەو چیرۆكە هێناو، پێشوتریش دادگای فیدراڵی (عێراق) كۆتایی بە دیوە یاساییەكەی هێنا. (هەڵبەتە گروپی ریفراندۆم لەبری ئەوەی نوێنەر بنێرنە دادگای فیدڕاڵی و بەرگری بكەن لە دۆسییەكە، لەناو میدیاكاندا لێدوانی فریودەرانەیاندەدا.) هەردوو دیوە یاسایی و سیاسییەكەی گەیشتە كۆتایی، بەڵام باجەكانی ئەو هەڵە سیاسییە گەورەیە هێشتا بەتەواوەتی نەدراون.
بۆ هاوڵاتییەكان روونە حوكومەتی هەرێم داڕزیووە. توانای ئابووری لەو پەری خراپیدایە، توانای دامەزراوەكانی خۆی، هەر یەك لە كەرتەكانی پەروەردە، تەندروستی، كشتوكاڵ و… هتد. لەدۆخێكدایە چارەسەركردنی پێویستی بە زەمەنێكی زۆر و دەستەیەكی پاك هەیە. لەرووی دیبلۆماسییەوە تەواوی ئەو پشتگیریانەی لێیدەكرێت، پشتگیرین بۆ مانەوەی لە چوارچێوەی عێراقدا.(گەمارۆدان بەشێوەی دیبلۆماسی)
هەوڵە دیبلۆماسییەكان بۆ فشارخستنە سەر ناوەند، پێناچێت بەم خێراییە كاریگەری ئەرێنی جێبهێڵن. بیركردنەوەی ناوەند ئەوەیە كە دەیەوێت كاتبكوژێت تا پاش هەڵبژارندنەكان. هەرێمیش لە دۆخێكی هێندە خراپدایە، لەبری چارەسەری بنەرەتی كێشەكان، جارێكی كە دیدگای ئایدۆلۆژیی حیزبی و، دیدگای گروپگەری زیندوو بوەتەوە. (هێشتا كەسانێك هەن لەم دۆخە خراپەی ژیانی خەڵك باسی هەڵبژاردنی ناوخۆ دەكەن و هەڵبژاردن بە چارەسەر دەزانن، وەك ئەوەی خەڵك كێشەی نەبێت، تەنها كێشەی خەڵك دەنگدانبێت بۆ حیزب! ئەمەش خۆدزینەوەیە لە كێشەكان و فریودانی خەڵكە.)
دۆخەكە وادەریدەخات چاوەرواندەكرێت تاقمی ریفراندۆم لەرووی سیاسییەوە بەتەواوەتی پەراوێز بكەون، ئەما شوێنگرەوەكانیان ئومێدی گەورەیان پیاهەڵناچنرێت. شوێنگرەوەكانیان نەوەی سێبەرن، ئەو نەوەیەن تەنها لەرووی روخسارەوە لەوانەی پێشو جیاوازن، لەرووی بیركردنەوەوە سەر بە هەمان قوتابخانەی ئایدۆلۆژیی نەوەی پێشوون. بەم دیدگا كۆنەوە كەمپینكردن و فشاردروستكردن بۆ سەرناوەند، ناكاتە ئەوەی چاوەورانی شتی گەورە بكەین. فشاری وڵاتانی ئەوروپا كەمتر كاریگەری هەیە، لە فشارەكانی ئێران و ئەمریكا. (كێشەكان لێرەن، لەشوێنی دیكە نین.)
بەهۆی هەڵەی ئەمریكایەكانەوە ئێرانییەكان بوونەتە خاوەنی عێراق. لەناو خۆی هەرێمیشدا كاریگەرییەكی باڵایان هەیە. بۆ پەرپەرچدانەوەی ئێرانییەكان، ئەمریكا سەرلەنوێ‌ خۆی كۆدەكاتەوە. پێناچێت ئەمریكا بیەوێت ساڵی نوێ‌ لەم ناوەچەیە ساڵێكی ئارام بێت و ئێرانییەكانیش دەركیان بەم جوڵانە كردوە. ئەمریكا هەمیشە دوو جوڵەی هەیە، جوڵەیەكیان هەركاتێك كۆمپانیا زەبەلاحەكانی خۆی ناردە هەرشوێنێك، ئەو شوێنە دەبێتە بازار و ئاوەدانی، هەركاتێكیش چەك و كەرەستەی سەربازی ناردە هەرشوێنێك، چاوەروانی شەرێك دەكرێت لەو شوێنە. ئێستا ئەمریكا سەرقاڵی ناردنی كەرەستەی سەربازییە بۆ ناوچە كورد نشینەكان. ئێرانیش لەسەر سنوور، سەرقاڵی دامەزراندنی پایەگای سەربازییە، كەوایە دەبێت چارەوان نەبین ساڵی ئایندە ئارامبێت.
ئەمانە هەمووی نیشانەن بۆ شكستی حوكمرانی دەستەیەك، كە ئەم دەستەیە نەیانتوانی لەهەرێمدا حوكمرانییەكی باش بكەن. هەڵەكانی ئەوان، باجەكەی هەمووان دەیدەن. ئەمریكا كێشەی نییە میلەتەكان چ باجێك دەدەن، گرنگ ئەوەیە نەخشە درێژخایەنەكەی خۆی سەربگرێت، ئێرانییەكانیش بەهەمان شێوە. حوكومەتی ئێستای هەرێم پێی وایە بەپشتگیری وڵاتانی ئەوروپی دیمەنەكان دەگۆڕێت! لەكاتێكدا ئەوهەنگاوانە پێش رۆژئاوا، پێویستە لەشوێنی نزیكتر بهاورێن. بۆ ئەوەی بەتەواوەتی لە مانای ئەم رەنگە سیاسیانە تێبگەین، پێویستە لەگەڵ خودی رەنگەكان مامەڵە بكەین. رەنگەكان دوو جۆرە: ئەمریكا و ئێران.
چارەسەری بنەرەتی بۆ هەرێم گەران نییە بە وڵاتانی ئەوروپیدا، گەرانەوەیە بۆ تیۆرییەكەی (داود ئۆغڵو) واتە: (سفركردنەوەی كێشەكان، لەگەڵ دراوسێكان و دۆستەكانی پێشوو.) ئەم تیۆرییە لە توركیا سودی لێبینرا، ئەما ئێستا باشترین تیۆرییەی سیاسییە بۆ هەرێم سودی لێببینێت. دەبێت كێشەكان سفربكرێنەوە لەگەڵ، توركیا، ئێران، عێراق، سوریا، پاشان هاوپەیمانانی كورد لە دەرەوەی دراوسێكان. بەبێ‌ پشتبەستن بەم تیۆریە جوڵەی سیاسیی بۆ دروستكردنی دوژمنی نوێ، تەنها هەرێم باجەكەی دەدات. هۆكەی ئاسانە، چونكە تەواوی دەوروبەر و هاوپەیمانان دەوڵەتن و وەك دەوڵەت تەماشا دەكرێن، سروشتی دەوڵەت وایە گەرلاوازیش ببێت بەهێز دەبێتەوە، بەڵام هەرێم لەناو چوارچێوەیەكی بچوكدایە، بە فشارێكی دیكە هێندە لاواز دەبێت هەڵسانەوەی قورس دەبێت و پێویستی بە مێژوویەكی دورو درێژی خوێناوی دەبێت.
پێویستە لای گروپی ریفراندۆم ئاسایی بێت، بەشێوەی یاسایی و سیاسیی چیرۆكی ریفراندۆم كۆتایی هاتووە، بەڵام ناكرێت ئەوەمان بیربچێت، كۆتایی تەواوەتی ئەم چیرۆكە پێویستی بە باجدانی زیاتر هەیە و، پێویستی بە ماندوو بوونی سیاسیی و ئابووری زیاتر هەیە، تا جارێكی كە هەرێم بگەرێتەوە شوێنێكی باش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت