عەبدولرەحمان عەلی: لەنێوان نەوت و نۆک، حکومەت و مێروولەدا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەم حکومەت و دەسەڵاتدارانەی هەرێم لەو ساتەوەی شەیدای سوتەمەنی بەگشتی و نەوت بەتایبەتی بوون و بوشنە عاشقێکی چاوبازو سەرسەختی ئەم شلەمەنیە نازدارەو بەتەواوی وازیان لەو هەموو مەعشوقە دێرینانەی پێشوی خۆیان هێناو بۆساتێکیش نە دڵیان بۆیان لێیداو نەنامەیەکی تیرئاساشیان ئاڕاستەکرد. کە نەوت هاتەکایەویاری تازە دەرکەوت و خۆی نمایشکرد ئیتر کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و…. هتد، بوونە مایەیەکی بێ هەیبەتکراوو لەگۆشەیەکدا هەڵگیران.
لەدنیادا نەبوەوناشبێت وڵاتێک یان هەرێمێک لەپێناو سەرخستن و بوژاندنەوەی سەرخان و ژێرخانی ئابورییەکەی تەنها پشت بە تاکە سەرچاوەیەکی دیاریکراو ببەستێت و بیکاتە بنەمای یەکەم و کۆتایی بۆ کۆکردنەوەی داهاتی ئەو وڵاتە یان هەرێمە.
گەر حکومەتی هەرێم بچوێنین بەئوتومبێلێک کەلەسەرچوار تایە دەڕوات وتایەکانیشی بریتی بێت لە سێکتەرەکانی سوتەمەنی، کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتیاری و یەدەگەکەشی گەر هەیبێت سێکتەری بازرگانی بێت، ئەوا ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕووندەبێتەوە کە تایەکانی ئوتومبێلەکە پێش بەڕێکەوتنی پەنچەروتەقیون و تەنانەت هەندێکیشیان کەوتونەتە سەر ویل و توانای ڕۆشتنشیان نەماوە. کەحاڵیشت گەیشت بەوئاستە دەبێت چاوەڕێی هەموو ئەگەرو ئاستەنگەکان بکەیت بەڕووداوو پێشهاتەجۆراوجۆرە خوازراوو نەخوازراوەکانیشەوە. لێرەوە دەمەوێت بچمە سەر ناونیشانی بابەتەکە کەڕەنگە لەڕووی ناوەوە زۆر لێک دوربن، بەڵام لەڕووی ناوەڕۆک کەمەبەست لەپلان و بەها ئابوریەکەیەتی هاوتەریبن یان نا. حکومەت وبەرپرسەکانی هەرکەئاشنابوون بەنەوت ئیتر لەهەموو سێکتەرەکانی ترتۆران ، ئەمما تۆرانێک بەتامی دابڕان و جیابونەوەی یەکجارەکی .
ئیتر نازانم گوێیان نەگرت لەڕاوێژکارو شارەزا ئابورییەکانیان یان ئەوانیشیان بەبۆنی سوتەمەنی و نەوت وڕوکاس کردبوو، کەبەبێ سڵمینەوەو بە دەنگی بەرز پێان بڵێن گەڵۆ ناکرێت هەموو هێلکەکانتان بخەنە سەبەتەیەکەوە کەناوی نەوتەو ئەوەش حاڵیەتی کەجگەلەوەی ئەم میللەتەی توشی نەهامەتیەکی بێ وێنەکرد لەسەردەستی دەوڵەتمەدارەکانی، کەسیش خۆزگا بەحاڵی ناخوازێت و حەزیش بەبیستنی ناوەکەشی ناکات. لەبەرهەم هێناندا هێندەی چۆنێتی و چەندێتی سەرچاوەی داهاتەکە گرنگە هێندە گرنگ نیە نەوت یان نیسک و نۆکە. گەر بێین نەوت ونۆک لەڕووی بەهای ئابورییەوە بەراورد بکەین لەئێستای بازاڕەکانی دونیادا ئەوەمان بۆدەردەکەوێت کامیان بەبەهاتروبەنرخترن، بۆنمونە:
نرخی یەک تۆن نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا لەنێوان ( 200 ــ 230 ) دۆلاری ئەمریکیدایە، بەڵام نرخی یەک تۆن نۆکی دەنگ گەورە لەنێوان ( 2000 ــ 2300 ) دۆلاردایە، نرخی تۆنی نۆکی دەنک بچوکیش لەنێوان ( 1200 ــ 1300 ) دۆلاردایە کەجیاوازی نێوانیان هێندەی ئاسمان و ڕێسمانە ، تەنانەت تۆنێک نیسکیش بایی ( 1000) دۆلارو بەرەو ژوریشە. لەم گۆشە نیگایەوە دەردەکەوێت کە مەرج نیە هەموو کات و ساتێک پشت بەستن بەتاکەسەرچاوەیەک بۆ کۆکردنەوەی داهات بمانگەیەنێتە کەناری ئارامی خۆشگوزەرانی.
بەعسیەکان بەو شۆڤێنی و دڕندەییەی خۆیانەوە کشتوکاڵیان بە نەوتی هەمیشەیی پێناسەدەکرد، کەچی دەسەڵاتدارانی کورد کارێکیانکرد نەک کشتوکاڵیان پوکانەوە بەڵکو نۆک و نیسکی خۆماڵیشیان لێکردینە هەنارە شیرینە و مەگەر لەبۆنەیەکی تایبەتداپێی ئاشنابین و تامی بکەین، ئاخەرپێم ناڵێن چ لۆژیکێکی تێدایەو بەویژدانی کێ ڕەوایە تەنها ( 10 ) ساڵ پێش ئێستالەم هەرێمی کوردستانەو لەنێو خاکی خۆمان و بەدەست و بازوی جوتیاری خۆماڵی ساڵانە لانی کەم ( 5000 ) پێنج هەزارتۆن تەنها نیسکیان بەرهەم دەهێنا کەچی لەئێستادا ( 5 )کیلۆش بەرهەممان نیە، ئەمە بۆنۆکیش نزیکە لەڕاستی ،لەکاتێکدا لەم وڵاتەی کەناوی عێراقە ساڵانە لانی کەم ( ٥۰۰۰ ) پێنج هەزارتۆن نۆک دەهاڕدرێت و تەنها دەکرێتە خواردنێک کەناوی ( فەلافل ) ـە.
بۆیە گەربەراوردێکی حکومەتی هەرێم و مێروولە بکەین ئەوا ڕوون و ئاشکرایە کەمێروولەکە لەبواری دانانی پلاندا زۆر لەحکومەت پێشکەوتوترو بەپلانترە چونکە مێروولە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا دەستدەکا بەکۆگاکردنی تەدارەک و پێداویستیەکانی دوو وەرزی دواتر واتا پایزو زستان، بەڵام حکومەت ڕێک پێچەوانەی ئەو لەوەرزی زستاندا چارەکە موچەی هاوین و پایز تەنانەت بەهاری خانەنشینان دابەش دەکات.
بۆیە هێندە بەسە بوترێت نەوت و سوتەمەنی نەک خۆشبەختی پێ نەبەخشین، بەڵکو بۆ زۆرینەی زۆری خەڵکی بوە بەدبەختی،و دواتریش نەگبەتی و نەهامەتی، بۆیە دەگەڕێینەوە بۆ ناونیشانی نوسینەکەو دەڵێین ئێوە لەپێناوی نەوتدا هەمووشتێکتان بێ قیمەتکرد تەنانەت نیسک و نۆکی پڕ بەهاو بەقیمەتیش، وە نەشتان توانی لەچارەکە سەدەی فەرمانڕەوایەتیتاندا چاوێک لەمێرووش بکەن لەپلاندانان.