عه‌دنان كۆچه‌ر: بارزانى‌و روخانى پرده‌كان.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

به‌هارى عه‌ره‌بی عه‌لى عه‌بدوڵڵا ساڵحى خست، هه‌روه‌ك چۆن حوسنى موباره‌ك له‌ میسرو بن عه‌لیش له‌تونس كه‌وتن، به‌ڵام ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ له‌سێ ئه‌زموونى جیاوازدا خۆى به‌رجه‌سته‌كرد، یه‌كه‌میان به‌هۆى كۆڵنه‌دانى له‌پرۆسه‌ى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت هه‌فته‌ى پێشوو به‌كوشتن كۆتایی به‌ژیانى هات‌و دووه‌میش وه‌ك بكوژێك كه‌وته‌ زیندانه‌وه‌و سێهه‌میش وه‌ك دیكتاتۆرێكى راكردوو، تونسی جێهێشت‌و نه‌یهێشت نشتیمانه‌كه‌ى بكه‌وێته‌ گۆمى خوێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ چاره‌نوسێكه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وان قه‌زافی پێیگه‌یشتوو، رۆژێكیش دێت به‌شار ئه‌سه‌د هه‌ر له‌سه‌ر كه‌لاوه‌ى ته‌لاره‌ روخاوه‌كانى درعاو حه‌ماو حه‌له‌ب ئه‌و ئازاره‌ بچێژێت، قه‌ده‌رى ئه‌و ناوچه‌یه‌ وایه‌، ئه‌وانى دیكه‌ش رۆژێك دێت، به‌هۆى ملهوڕی‌و گوێنه‌دان به‌ گه‌له‌كانیان ده‌بێت روبه‌ڕووى هه‌مان قه‌ده‌ر ببنه‌وه‌.
ئێستا بارزانى به‌هۆى سه‌ركێشی ریفراندۆمه‌وه‌، له‌لایه‌ن عێراق‌و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ كه‌نارخراوه‌، ئه‌و پرۆسیسی داماڵینه‌ى بارزانى له‌رۆڵ‌و كاریگه‌رى، ئه‌گه‌ر هاوشێوه‌ى ئه‌زموونى حاكم‌و قائیده‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بیش نه‌بێت، له‌راستیدا له‌رووى مامه‌ڵه‌كردنى داهاتووى له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌ى دوورنییه‌ هاوشێوه‌ ببێته‌وه‌، ئه‌وده‌م بژاره‌ده‌كه‌ له‌به‌رده‌م خۆی ده‌بێ‌و به‌س، داخۆ كام ئه‌زموونی حزبی قائیدى به‌رله‌خۆى دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، ده‌بێته‌ بن عه‌لى‌و كوردستان وه‌ك تونس له‌پاوانخوازى‌و ئه‌گه‌رى به‌یه‌كدادان رزگارده‌كات، یانیش وه‌ك عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵح‌و به‌شار ئه‌سه‌د، پشوو نادات تا هه‌رێم نه‌كاته‌ گۆمى خوێن‌و كوشتارگه‌ى گه‌وره‌.
یاده‌وه‌رى هه‌موومان چیرۆكه‌كه‌ى بارزانى تێداماوه‌ته‌وه‌، ئه‌وده‌مه‌ى له‌ساڵى نه‌وه‌ده‌كان، له‌باسكردنى ئه‌زموونى ده‌وڵه‌تدارى دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ “ئێمه‌ ته‌نها ده‌توانین پرده‌كان بڕوخێنین”، له‌راستیشدا ئه‌زموونى ده‌وڵه‌تدارى له‌ قۆناغى بارزانیدا ته‌نها روخانى پرده‌كان بووه‌، له‌پردى متمانه‌ى نێوان خه‌ڵك‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆ پردى نێوان په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و پردی نێوان پارت‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، ئێستاش له‌پاش كه‌نارگیركردنییه‌وه‌ سه‌رقاڵى دووباره‌ روخاندانه‌وه‌ى پردى دیالۆگى نێوان هه‌رێمى كوردستان‌و به‌غدایه‌، چونكه‌ ئه‌و ده‌یهه‌وێت هه‌میشه‌ سه‌نته‌رى حوكمڕانى‌و بڕیارى سیاسیی بێت، ئێستاش گه‌ره‌كیه‌تى له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و، هه‌رێم‌و به‌غداد نه‌كه‌ونه‌ رێككه‌وتن، له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ تادێت به‌هۆى كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر بڕیارى سیاسی حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ زیاتر ده‌كات، كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى‌و خه‌ڵكى كوردستان‌و حكومه‌تى ناوه‌ندى له‌هه‌رێمى ده‌خوازن. چونكه‌ له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ترسی بارزانى په‌یوه‌ندى به‌گۆڕانى باڵانسی هێزى ناو پارتى‌و بنه‌ماڵه‌وه‌ هه‌یه‌و ده‌یهه‌وێت به‌هه‌ر چه‌شنێك بێت رێگری له‌ به‌هێزبوونى ركابه‌ره‌كانى بگرێت.
ئێستا عێراق‌و هه‌رێمى كوردستان تادێت له‌ بێده‌نگیه‌كى قوڵدا ده‌ژین، به‌پێی دانیشتنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمیش بێت، پێناچێت هه‌رێم مل بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غداد بدات، له‌كاتێكدا نه‌ك تواناى دانى مووچه‌ى نییه‌، به‌ڵكو سه‌رقاڵى كه‌مكردنه‌وه‌و پاشه‌كه‌وتكردنى موچه‌ى هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیشن، ئاماژه‌كانیش ئه‌وه‌ ده‌ڵێن كه‌ خواستى بارزانى بۆ درێژه‌دان به‌و دۆخه‌یه‌‌و نایهه‌وێت هه‌رێم‌و عێراق بكه‌ونه‌ گفتوگۆیه‌كى هاوسه‌نگ‌و سه‌نگینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م تێفكرینه‌ مه‌ترسیداره‌ دواجار بۆمبێكى ته‌وقیتكراوى پڕ مه‌ترسییه‌، چونكه‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر سیاسه‌تی برسیكردن‌و بێ نانكردنى خه‌ڵك‌و كۆمه‌ڵگا ده‌شێت هه‌رێم بكاته‌ یه‌مه‌ن یا لیبیاو قائیدو حزبه‌كانیشمان به‌ده‌ردى قائیده‌كانى ئه‌وان ببات.