کامیار سابیر: ریفراندۆم، خیانەت بوو یان ١٦ی ئۆکتۆبەر؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەم نووسیینە، زۆر بە راشکاویی، دوور لە ترسی فاشیزمی نەژادیی و بێباك لە تەخوینی کوردایەتیی، ئارگیومێنتی ئەوە دەکات کە سەرجەم پرۆسێسی ریفراندۆم لە ساڵی 2017 دا، خیانەتێک بوو لە گەلی کوردستان کرا.
بە پێچەوانەوە، هاوکاریی و تەنسیقی ئەو هێزانەی پێشمەرگە، یان ئەو قیادانەی یەكێتیی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کردیان کە دواتر رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری لێکەوتەوە و هێزەکانی دەوڵەتی فیدراڵ، دەستیان بەسەر شاری کەرکوک و زۆریینەی ناوچە جێناکۆکاندا گرتەوە، نەک هەر خیانەت نییە، بەڵکو موجازەفەیەکی سیاسیی و عەسکەریی زۆر جەرییئانە، عەقڵانیی و بگرە ئینسانییش بوو. جەرییئانە بوو کە رێگە نەدرا، حەماقەتەکانی کوردایەتیی و کەرەکەری ریفراندۆم، بەهۆی دنەی موخابەراتیی و لۆبییە بیزنسمانەکانەوە، لەسەر ورگی کەرکوکییەکان و شاری کەرکوک، رەشبەڵەکی طائیفیی بگێڕن. عەقڵانیی بوو، چونکە کەرکوکی لە وێرانکردنێکی هاوشێوەی حەڵەب، پاراست. ئینسانییش بوو، چونکە دەیان هەزار عەرەب، کورد و تورکمان، سوننە و شیعە، مەسیحیی و موسڵمان، بێ دیین و کاکەیی، پێشمەرگە و حەشدی شەعبیی و… تاد، وەکو کارە کۆرپە، سەر دەبڕان و قەسابخانەی زۆر گەورەی سوننە بەرامبەر شیعە و بە پێچەوانەوە، رووی دەدا و جەیشە جەڕاڕەکان و میلیشیا جەڕاڕەکانی شیعە و سوننە، کەرکوکیان وەکو شوێنی ستراتیژیی تەراتێنەکانیان و تاقیکردنەوەی بازووە عەسکەرییەکانیان، هەڵدەبژارد.
لیسا شییرین( لیزا= Lisa Shearin )، نووسەری ئەمێریکیی لە کتێبی Bewitched & Betrayed دا، پێوایە، ئەگەر گەمەکە بەرێتەوە، ئەوە خیانەت نییە. لەسەر ئەم کاتەگۆرییە، هەمیشە حیزبی براوەی کوردیی لە گەمە موخابەراتییەکانی خۆیاندا، کاتێ عەمالەتەکانیان، سەرکەوتوو بووبێت، ئەوە ئەم عەمالەت و خیانەتەیان بە خزمەتکردنی نیشتمان و گەلی کوردستان، ئەژمارد کردووە. 31ی ئاب، تا رادەیەکیش رادەستکردنی شەنگال، بە داعش، لە دوو ساڵی یەکەمدا، بە بیانووی ئەوەی پێشمەرگە شەڕی داعش بۆ هەموو جیهان دەکات، لە لایەن حیزبی ئۆریجناڵی کوردایەتییەوە، چونکە خیانەتێکی براوە بوو لە دیدی خۆیەوە، بە وەطەنییات، دەفرۆشرێنەوە. خیانەتیش کاتێ مانایەکی عەقڵانیی و سیاسیی هەیە کە هێزێکی لۆکاڵیی دەست لەگەڵ هێزێکی دەرەکیی تێکەڵ بکات، سەروەریی نیشتمان و بەها نیشتمانییەکان بفرۆشێ بۆ ئەجێندای موخابەراتیی و پارە پەیداکردن. چۆن دەکرێ لە وڵاتێکدا، هێزی فیدراڵیی بگەڕێتەوە کەرکوک، دز و چەتە و مافیاکانی نەوت کە کوردن دەربکات، ئەمە بە خیانەت بزانیت، بەڵام تاڵانکردنی کەرکوک و نەوتەکەی، نانەوەی شەڕی طائیفیی و نەژادیی، خیانەت نەبێت؟ دزەکان و مافیاکان بەس لەبەرئەوەی کوردن، موویەکی لەشت رەق نەبێت، بەڵام سوپای عێراق کە بە دەستوریی دەبێت لە کەرکوکدا بێت، بەلاتەوە خیانەت بێت!
لەسەر فیکری سیاسیی و پرەنسیپی سیاسیی، لەسەر تێگەیشتنی واقیعی سیاسیی کورد و مەعریفەی سیاسیی، کەسی نوخبە یان رۆشنبییر، هەرگیز نابێت، دوای مۆب و عەوام بکەوێت. سەودای پۆپۆلیزمی شەقام بکات و دوای رەعییەت بکەوێت. بۆ نموونە، زۆریینەی رەهای کوردەکانی ئێران، بە حوکمی ئەوەی لە خورافاتەکانی کوردایەتییە سابڵاغییەکەدا چەقیون، تەنانەت ئەو کوردە ئێرانییانەی نزیکیشن لە پەکەکەوە، شتێک لەولای ئەو دێمۆکراتانەوەن کە بەکۆنترۆڵێکی موخابەراتیی، لە هەولێرەوە، گەرم دەکرێن و تەکبیری روخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن. بە یەک قەولی موخابەراتیی تورکیا بێت یان سعودییە، پێشمەرگەکانیان دەنێرنەوە بۆ سەر سنوور و تەقوتۆق لەگەڵ گەورەتریین هێزی سیاسیی و عەسکەریی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەن. هەموو ئەوانە ئاساییە کە زۆریینەی عەوامی کوردایەتیی، ببن بە بەشێک لە حیلفێکی طائیفیی ( سوننیی-عەرەبیی-تورکیی- لۆبیی زایۆنیزم و… تاد) لەبەرامبەر حیلفێکی تری طائیفیی کە پانئێرانیزم لە پشتییەوە وەستاوە، بەڵام کاتێ کەسێکی نوخبەی وەکو عەباس وەلیی، دەکەوێتە هەمان هەڵەی ستراتیژیی، سیاسیی و فیکرییەوە، ئیتر غەڵیظی ئەم کوردایەتییە و تەخوینەکەی تێدەگەیت، چەند کاریگەر و بەهێزە؟ چاوپێکەوتنەکەی لە خوارەوە دادەنرێت.
راستە، ئێمە لە کوردستانەکەی خۆماندا( کوردستانی عێراق) دەیان هەزار نوخبەی موهەڕیج، موبایەعەچیی، عومدەی فەلسەفەی کوردایەتیی و رانتخۆری تەنگە قەویی زۆرمان هەن، بەڵام تێکەوتنی عەباس وەلیی لە پاقلەکەی کوردایەتیی کە زۆر کەس بەهۆی عاطیفەی شەخصیی و کوردبوونەوە، بەسەریدا تێپەڕیوە، خیانەتێکی ئینتیڵێکچواڵییە. عەباس وەلیی، بەشی هەرە زۆری قسەکانی دروستن و واقیعیین، بەڵام کاتێ دێتە سەر مەسەلەی کەرکوک، رۆژی 16 ی ئۆکتۆبەر بە خیانەت لەقەڵەم دەدات! ئیتر دۆ و دۆشاوەکە تێکەڵ دەکات. جێگەی خۆشحاڵییە لە کاتێکدا، زۆریینەی رەهای کوردەکانی ئێران (بە تایبەتیی حەشیمەتی سەر بە دێمۆکراتەکان و ئەوانەی مەعاشی بنەماڵەکانی ئەم دیو، دەخۆن) کەوتوونەتە ناو مەعمەعەی دەوڵەتی کوردیی و ریفراندۆمەوە، کاک عەباس، دێت رەخنە لە کۆی سیستەم و دەسەڵاتی کوردیی دەگرێ و تەواوی هەڵە ستراتیژییەکان بە قەولی خۆی، لە ئەستۆی “ئاغای بارزانیی”، دەنێت.
دەبێت ئەوەمان لەبییر نەچێ، سەرجەم بۆچوونەکانی کاک عەباس، گەنجانی کوردستان بە وردەکاریی زیاتریشەوە گوتویانە، من پێموانییە شتێکی زیاتری گوتبێت کە گەنجانی کورد، ئەوانەی لەم دەسەڵاتە تاڵانیی و گەندەڵەی کوردستان بە گاڵە هاتوون، نەیانگوتبێت، بەڵام ئەویش وەکو زۆریینەی عەوام، وەکو زۆریینەی پاڵەوانەکانی کوردایەتیی، لە ژێر عاطیفەی سیاسییدا بێت یان ترس لە دێوەزمەی تەخوین، رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر بە خیانەت لە قەڵەم دەدات؟ بگرە زیاتریش دەڕوات و ئەو غوبنە سونییەی لە شیعە هەیەتی، ناشارێتەوە و ئەنتی ئێرانیی و ئەنتی شیعیبوونەکەی، هایلایت دەکاتەوە. ئەمانەیش، وەکو چیی، دەکات؟ وەکو ئەکادیمیست و نوخبەیەکی بێلایەن!.
روودواوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری 2017، ئەگەر مافیا و دزە گەورەکانی ئەم حیزب کردبێتی یان ئەو حیزب، کوڕانی ئەم بنەماڵە کردبێتیان یان کوڕانی بنەماڵەکانی تر، جانتا هەڵگرەکانی نێچیرڤان کردبێتیان، یان ئەو پییرە میلیشیایانەی سەریان بۆیاغ دەکەن، کوڕانی پۆشتەوپەرداخی بنەماڵە نەوتفرۆشەکانی کوردستان کردبێتیان، یان بەرپرسی چەند فەوجێکی پێشمەرگە کردبێتیان، یەک حەقیقەتێکی سیاسیی و مێژوویی گەورەی تێدایە کە کەرکوکی لە شەڕێکی حەتمیی و وێرانکارییەکی گەورەی بە حەڵەببوون، پاراست. تەنانەت، کوردستانی عێراقی لە شەڕێكی طائیفیی و نەژادیی گەورە پاراست (لانی کەم لە ئێستادا). ئاخر لە کاتێکدا، دەستوری عێراق کە پاڵەوانەکانی ئەم کوردایەتییە بە هەر 10 پەنجەیان مۆریان کرد و خەڵکیان تەعبیئە ( مۆبەڵایز) دەکرد بۆ دەنگدان، ئەو دەستورەی سنوور و قانونی بۆ هێزە چەکدارەکانی عێراق و کوردستان، داناوە، چۆن، دەبێ خیانەت بێت؟ لە کوێی دونیادا بووە، حکومەتی فیدراڵ، هێزە عەسکەرییەکانی بە داگیرکار لە قەڵەم بدرێت، لە وڵاتی جاهیلەکانی کوردایەتییدا نەبێت؟ ئەم لێکدانەوە هەرزەکارانەیە، نەک هەر ئیسلامییەکان و کۆمۆنیستەکانی گرتەوە، بەڵکو نوخبە و ئینتێلێكچواڵەکانیشی گرتووەتەوە.
لە راستییدا، ریفراندۆمەکەی کوردستان، بەهەموو ستاندەردە لۆکاڵییەکان، ئیقیلیمییەکان و جیهانییەکان، نەک هەر حەماقەتێکی زۆر گەورە بوو، نەک هەر ئینتیحارێکی سیاسیی، عەسکەریی و ئابووریی بوو، بەڵکو خیانەتێکی نیشتمانیی گەورە بوو لە گەلانی کوردستانی عێراق و بگرە لە دەستوری عێراقیش کرا. دەستورێک کە بارزانیی، تاڵەبانیی و نەوشیروان موصطەفا، لە رائیدەکانی دەقگرتن و جێکەوتکردنی بوون. خیانەت بوو لەوەی کە قەضییەیەکی سیاسیی گەورەی وەکو کوردستانی عێراق، بکرێ بە خولیای ئایدیۆلۆژیی و بەرچاوتەنگیی ئابووریی کۆمەڵێ سیاسیی ساقیط و فاشیل، کۆمەڵێ لۆردی کوردایەتیی کە جگە لە کۆکردنەوەی دەیان میلیارد دۆلار، هیچ غەم و هەمێکی ئەو خەڵکەیان نە بووە و نە هەیە. خیانەت بوو کە ئەنجوومەنێک لە تاجیرەکانی نەوت، ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمیان، بە شەخصەنە کرد و دوای هەواوهەوەسی موخابەراتیی و گەمەی لۆبییەکانی زایۆنیزم و سەرە تاتکێکانی حیلفی سوننیی کەوتبوون. خیانەت بوو، کارتی مافی چارەی خۆنووسی گەلی کوردستانیان، بۆ ئەجێندای حیزبێک، پیاوێک و کۆمەڵێ مافیای نەوت، لە قوماردا، دۆڕاند. لەباری قانونیی و عەلاقاتی نێودەوڵەتیشەوە، خیانەت بوو، بەهۆی پشتییوانیی میت و پیاوەکانی ئەردۆغانەوە، هەروەها بەهۆی پشتییوانیی رانتخۆرەکانی جوولەکە و لۆبییەکانی زایۆنیزمەوە، لەگەڵ پەمپدانە طائیفییەکانی حیلفی سوننیی –عەرەبیی، بۆ ئەوەی ئینتیحارێکی سیاسیی، لەو چەشنە بەسەر گەلی کوردستاندا بهێنرێت، شەڕ لەگەڵ سوپای عێراقدا بکرێت کە پارتیی و یەكێتیی فەرماندەی عەسکەریی پلەبەرزیان لە سوپای عێراقدا هەیە.
ئەم تەخوینکردنە کە بۆ پارتیی دەچێتە سەر، بەم هەموو لەکە و پینەیەوە، بەم هەموو پرۆکسییبوونە ئیقیلمییەوە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە یەکێتیی تەنانەت، خاوەنی گوتاری داکۆکییکردن لە خۆیشی نییە. خاوەنی گوتارێک نییە کە تەخوینەکانی پارتیی، وەکو تڕی بن گۆم بتەقێنێت. ئەو یەکێتییانەی بەیعەتیان داوە بە بارزانیی، کەس رەخنەی لێیان نییە، چونکە ئەوان بەشێک بوون لەو گەمە موخابەراتییە، بەڵام شەریکە دزەکانی نەوت لە بنەماڵەی تاڵەبانییش، نوطقیان بەستراوە. هاوکات، پرتەوبۆڵە، گینگڵی نەژادیی و قوڕپێوانی ناسیۆنالیستانەی ( گۆڕان، “نەوەی نوێ”، کۆمەڵی ئیسلامیی و گرووپەکەی بەرهەم صاڵحیش، لەگەڵ ئەو هەموو حەماوەیەی نوخبە رەیعخۆرەکان، حیزب و کەسایەتییە نەتەوەییەکان، ئیسلامییەکان و چەپەکان ) کە هەموویان بە یەک ئاواز، رەجمی ئەوانە دەکەن کە 16 ئۆکتۆبەریان خوڵقاندووە و تەخوینیان دەکەن، بەڵگەیە بۆ گوتاری بەهێزی ئیستیحماری کوردایەتیی، بەڵگەیە بۆ ئەو فاشیزمە نەژادیی و فاشیزمە طائیفییەی لە ناسیۆنالیزمە پێترۆڵیۆمەکەی پارتیی و کوردایەتییە پرۆکسییەکەیدا هەیە و ئەوانی تری هەمووی لە کون، ناوە. هاوکات، ئەوانەی دەکڕوزێنەوە بۆ ئەوەی 51% ی خاکی کوردستان، لە مەغزی شاعیرانەیدا بە ئاودا دراوە، نە دەزانێ خیانەت تەعریف بکات و نە لە کۆنتێکستی ماددەی 140 و دەستوری عێراقیش تێدەگات. سوپای عێراق بەهۆی هەلومەرجێکی سەختی عەسکەرییەوە کشاوەتەوە لەسەروبەندی داعشدا، بەپێی دەستور دەبێ بگەڕێتەوە! ئیتر ئەمە کەی داگیرکارییە؟ دواتر ئەی کوردایەتیی بۆ ئەوەندە ئازا نەبووە لە 14 ساڵی رابردوودا، ئەو ناوچانە بەپێی دەستور بگێڕێتەوە! .
لە شەستەکاندا، بارزانیی باوک، وێڕای ئەوەی بەیدەقی ئێرانی شاهەنشاهیی بوو، لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتی عێراقیشدا، دەستی تێکەڵ کردبوو، بەناو شاری سلێمانییدا، بەناو هێزەکانی حکومەتدا، پێـشمەرگەی پارتییان دەنارد بۆ سەر پێشمەرگەکانی ( ئیبراهیم ئەحمەد، تاڵەبانیی، عەلی عەسکەریی و شاوەیس…تاد) و راویان دەنان بەرەو ئێران هەڵیان دەبڕیین، کەچیی هێشتا بوقەکانی کوردایەتیی ئەو سەردەم، تاڵەبانییان بە جاش لە قەڵەم دەدا و خۆیشیان بە ئەکبەر وەطەنچیی( بە قەولی تورکمانەکان) ئەژمارد دەکرد. ئێستایش، پاش پەنجا ساڵ، هەمان قەوانی کوردایەتیی عەشایەریی و موحەسەن، دژی کوردایەتیی ئەفەندییەکان، دووبارە دەبێتەوە. سوپا سالارەکانی جەیشی عێراقیی، بەشێکیان پارتیین و سەرپەرشتیی بەشێک لە جەبهەکانی کەرکوکیان دژی پێشمەرگە کردووە و پێشمەرگەی یەکێتییان لە ژێر دەبابەی حکومەتی عێراقدا، فلیقاندووەتەوە. فەرماندە عەسکەرییەکانی پێشمەرگەی پارتییش لە کەرکوک پێش ئەوانەی یەکێتیی، قوچاندوویانە، کەچیی لە بازاڕی پڕ لە سەخافەتی کوردایەتییدا، گرووپێک لە قیادییەکانی یەکێتیی جاشن و خیانەتیان کردووە، بەڵام حیزبی ئەکبەر وەطەنچیی و هەموو ئەوانەی بە کوردایەتیی تەخدیر بوونە، بە رۆشنبییر و عەوامەوە، بە راست و چەپەوە، هەموویان، قاچ لە ئاوی کوردایەتییە ئەصیڵەکە دەخشێنن و پڕ بە گەروویان دەقیڕێنن و ١٦ی ئۆکتۆبەر بە خیانەت لە قەڵەم دەدەن!
لە کۆتاییدا، ئەوانەی بە قسەی کوردایەتیی خیانەتیان کردووە، وێڕای ئەوەی بەشێکن لەم سیستەمە گەندەڵە، وێڕای ئەوەی لە لۆردانی نەوت دزیین ئەژمارد دەکرێن، بەڵام باوەڕم بەوە هەیە، ئەوانەی ریفراندۆمیان کرد، ئەوانەی بەهۆی حەماقەتی سیاسیی و فیکرییەوە بووبێت، یان بەهۆی جەهل و پارەی رەیعەوە بووبێت کە دەنگیان دا بە ریفراندۆم و تەقدیسیان کرد، لەم خیانەتەدا بەشدارن کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە. خیانەتی کوبرا( کبری)، ئەوەیە کە نەوت و غازی کوردستان بدزیت و پارەی مووچەی خەڵکیش دابین نەکەیت. خیانەت ئەوەیە کە عەمیلی موخابەراتی تورکیا”میت” بیت و چاوساغیی بۆ جەندرمە بکەیت و ئەجێندای پیاوە نەخۆشەکە” ئەردۆغان” جێبەجێ بکەیت، بە سوپای وڵاتەکەی خۆت کە دروستت کردەوە و دەستورەکەیت پەسەند کرد و وەکو باوکی رەحمەتییان، خۆیان بە عێراقیی ئەصیڵ دەزانی، کەچیی بۆ ئەوەی خۆیان حاکمی موطڵەقی کوردستان بن، ئامادەن هەزار کەرکوک و هەزار کوردستانیش وەکو جرج لە تاقیکردنەوەکانی خۆیاندا، تاقیبکەنەوە، بۆ ئەوەی باڵادەستییان بەسەر دارایی نەوت و بودجە و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا هەبێت. بە هەزاران ئارگیومێنتی تریش، بەڵی خیانەتی گەورە، ریفراندۆم بوو، لەبەرامبەریشدا، ١٦ ئۆکتۆبەر، راستکردنەوەی باڵانسی هێز بوو، بەهاوکاریی هێزە ئیقیلیمییەکان و بە موبارەکەی ئەمێریکا. تۆی جوندی مەجهولی کوردایەتییش، هەر لە گووپت بدە و بڵێ لە ١٦ ی ئۆکتۆبەر، خیانەت کرا!