لوقمان مصطفی: دیاردەی خۆکوشتنن.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مروڤ یەکێکە لە بونەوەرە خوپەرستەکان، ھەر بۆیە زۆر سەختە کاتێک بڕیاری خۆکوشتن دەدات لە دۆخی ئاساییدا، کاتێک کە مرۆڤ دەگاتە ئەو حاڵەتەی کە کار بۆ لەناوبردنی خۆی دەکات بەدڵنیایەوە لە دۆخێکی ناجێگیرو دەروونی ئاساییدا نیە. ھەر لەم ڕوانگەیەوە ھەوڵدەدەم بچمە ناو فەزای تاوان و کوشتن وخۆ کوشتن بە تایبەتی کە لە ئێستادا بە شێوەیەکی مەترسیدار لە هەڵکشاندایە و بەداخەوە بووە بە دیاردە.
ڕاستە بەشێوەیەکی گشتی کوشتن تاوانێکە لەتەواوی یاسای سزاکاندا سزای بۆ دیاری کراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆکوشتن رەفتارێکی ھۆشیارانەیە کە لەلایەن خودی کەسێکەوە بۆ لەناوبردنی ژیانی خۆی ئەنجامی دەدات، بۆیە خاڵی ھاوبەشی خۆکوشتن‌و کوشتن ئەوەیە کە ھەردووکیان دیاردەی کۆمەڵایەتین. بەڵام بە ھۆکاری جیاواز، بۆیە بە ھەردوو دیاردەکە ناوترێت تاوان. چونکە خۆکوشتن لەدەقی یاسایی دا سزای بۆ دیاری نەکراوە، ناشێ بەتاوان دابنرێت، بۆیە لەم ھاوکێشەدا یاسا ھیچ رۆڵێ نابینێت.
رەنگە بە پێچەوانەوە رێگرتن لەکەسێک لەئەنجامدانی خۆکوشتنەکەی پێشێلکاری یان دەستدرێژییەک بێت بۆ ئەو مافەی کە ھەیەتی بۆ لەژیاندابوون. ئەوکەسە خۆی مافی ئەوەی ھەیە کۆتایی بەژیانی خۆی بێنێت، بۆیە ناکرێ یاسا خۆکوشتن بخاتە خانەی تاوانەوەو سزای بۆ دیاری بکات، مادام مرۆڤ مافی ژیانی ھەیە، ئەو مافەیش بەخۆی دەدات کە خۆی کۆتایی بەژیانی خۆی بێنێت، کاتێک خۆکوشتن لەدەقی یاسایدا سزای بۆ دانەنرابێت، ئەو مرۆڤە لەمافی بڕیاردان بەسەر ژیانی خۆیەوە بێبەش دەکرێت، بەڵام ھەر بۆیە سنوردارکردنی دیاردەی خۆکوشتن بەگشتی ئەرکی کۆمەڵگەیە، دەبێت دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە کاربکات بۆ کەم کەمکردنەوەی فاکتەرەکانی خۆکوشتن. بەڵام مەخابن لە ئێستادا بەپێچەوانەوە دەسەڵات بۆتە ھۆکارێک بۆ زیاد بوونی ئەم دیاردەیە.!!
ئەگەر چی پێشترھەموو ئاڕاستەکان باسیان لەوە دەکرد کە کێشە کۆمەڵایەتیەکان و باری ئابوری ودارایی و نەگونجاوی پرۆسەی پەروەردەکردن لە ناو خێزان و سەرجەم دەزگا پەروەردەییەکان و و سەرجەم ھەنگاوەکانی ژیانی رۆژانە ھۆکاری سەرەکی خۆکوشتنبن، بەڵام لە ئێستادا زیاد بوونی رێژەی خۆ کوشتن بەشێوەیەکی مەترسیداربەرەو دیاردە بوون دەچێت، ھۆکارەکانیش لەو ئاراستە تەقلیدیەوە گۆڕراوە بۆ بوونی کۆمەڵێک قەیران، کە ھەندێکیان بە ئامانجی سیاسی دروستکراون، بۆیە دەتوانیین بڵێین بەگشتی نەبوونی سەروەریی یاساو حکومەتی ھاوڵاتیان وای کردوە دەسەڵاتی حزب رابەر بێت بەسەر دەسەڵاتە شەرعیە گشتیەکانەوەو ململانێ حزبیەکان و بەرژەوەندیە حزبیەکان بەشێکن لەسەرچاوەی ئەم قەیرانانە لەپێناو درێژەدان بە دۆخی ھەڵپەسێراوو درێژەدان بە بەرژەوەندیە نادروستەکان. خۆدزینەوە لە بەدەستوریکردنی دەسەڵاتە گشتیەکان و نەبوونی شەفافییەت لە ئیدارەدانی فایلی نەوت و غازو ھەبوونی بێباکیش لەبەرامبەر نیگەرانیەکان، کەمی ھەستی بەرپرسیارێتی لە ئاستی باڵادا دەردەخات. ئەم ھۆکارانە جومگە پێکھێنەرەکانی قەیرانن لە ھەرێمی کوردستان. وایان لە ھزری تاکی مرۆڤی کورد کردووە لەبری ھاوکاربێت بۆ خزمەتی ووڵاتی خۆی کەچی بە پێچەوانەوە ھەتا بۆی بکرێت لە ھەوڵدایە بۆ گۆرینی دەسەڵات ولەناوبردنی ئەم ئەزموونەی کە بە خوێنی شەھیدان و تێکۆشانی ھەموان بەرھەم ھاتووە، ھەر بۆیە لەکاتی بێ ئومێد بونیشدا دەستەوەستان و گۆشەگیر دەبن و پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.!!
زۆر تاوان ھەیە بە خۆکوشتن کۆتایی دێت، کاتێک ئەو کەسە توانای بەرگریکردنی نامێنێ لەڕووبەرووبونەوەی قەیران و گرفت و کێشەکان، ھەر بۆیە کاتێک وڵات لە حاڵەتی شەڕدا دەبێت، ئەوا قەیران دێتە ئاراوەو بێکاری وھەژاری بەرۆکی خەڵکی دەگرێت و تاوان تیایداڕوو لە ھەڵکشان دەکات، ھەروەھادەبێتە ھۆی کاڵبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان وکەھۆکاری زیاتربن بۆ کوشتن یا خۆکوشتن.
ئێستا ھەرێمی کوردستان و شوێنە ھاوسنورییەکان لە شەڕێکی گەورەدان لە گەڵ پاشماوەی چەتەکانی داعش لەلایەک وحەشدی شەعبی لەلایەکیتر، ئەمەش وایکردووە چەک زیاتر بڵاو بێتەوە لەناو ماڵاندا، ھەربۆیە مرۆڤەکان لە ئەنجامی بێ ئەمێد بوون لە چارەسەری کێشەکانیان پەنا ببەنە بەر چەک و خۆیانی پێ بکوژن و کۆتایی بە ژیانی خۆیان بھێنین”. بەداخەوە لە وڵاتی ئێمەدا جێگایەک نیە بۆ ئەوەی کاتێک مرۆڤێک بڕیاری خۆکوشتن دەدات پێش ئەوەی خۆی بکوژێ پەنای بۆ ببات تا چارەسەرێکی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی پەشیمان بێتەوە لەو تاوانەی کە بەرامبەر جەستەو گیانی خۆی ئەنجامی دەدا.
یاسای سزادانی عێراقی نەیتوانیوە سزای کەسی خۆکوژ بدات، چونکە سزا لەسەر ئەو کەسە نیە کەدەستى کردووە بە خۆکوشتن، ( هەولێداوە خۆى بکوژێت.)
تەنها بەپێى ماددەى (408) لەیاساى سزادانى عێراقى ژمارە ( 111) ى ساڵى (1969) هەموارکراو، سزا دیارى کراوە بۆ ئەوکەسەى گاڵى کەسێکى تر ئەدات لەسەر خۆ کوشتن بۆ نموونە:
1- سزا ئەدرێت بەبەندکردن ماوەیەک زیاتر نەبێت لەحەوت ساڵ هەرکەسێک کەسێک گاڵبدات یاخود یارمەتى بدات بەهەر ڕێگایەک لەسەر خۆکوشتن یاخود ببێتە هۆکارى ئەگەر هاتوو خۆکوشتن لەسەر ئەم گاڵدانە ڕووبدات، ئەگەر حاڵەتەکە لەدەست پێکردن ڕابوەستێت سزاکە دەبێتە حەپسکردن.
2- ئەگەر ئەو کەسەى خۆى کوشتوە تەمەنى هەژدە ساڵى تەواو نەکردبێت یاخود هەست و ویستى ناتەواو بێت بەهەلومەرجێکى توند دادەنرێت، کەسى تۆمەتبار بەسزاى کوشتنى بەئەنقەست یاخود دەست پێکردنى سزا ئەدرێت – بەگوێرەى هەلومەرجەکە – ئەگەر هاتوو ئەو کەسەى خۆى کوشتوە هەست و ویستى خۆى لەدەست دابێت.
بەڵێ ھەروەک لە باسەکەماندا ئاماژەمان بۆ ڕۆڵی یاساکرد بەتایبەت لە تاوانی خۆکوشتنداکە بەسروشتی خۆی ھیچ ڕۆڵێکی نیە، بەکاری خۆکوشتنەکە سزاکەش کۆتایی دێت. بۆیە لێرەدا ڕۆڵی ئاینی بەھەند وەردەگیرێت، لانی کەم بۆڕێگرتن لەکەم کردنەوەی کاری خۆکوشتن، ئەویش لەڕێی بەگوێدا ھەڵدان بە ئاڕاستەی ئەوکەسانەی ھەوڵی خۆ کوشتن دەدەن ئەویش بەترس خستنە دڵیانەوە لەکاتی مردنیاندا بە کافری دەمرن لەودنیا دۆزەخ شوێنیانە. ھەربۆیە ئاینی پیرۆزی موسڵمانان ھەوڵی تەحریم کردنی خۆکوشتن و ھەوڵدان بۆ خۆکوشتن لە قورئانی پیرۆزدا باس کردووە بەم ئایەتە (ولاتقتلوا أنفسكم، أن الله كان بكم رحيما) سوڕەتی نساء، ئایەتی٢٩، ھەروەھا فەرموودەکانی پەیامبەر ( د.خ) جەختی لەسەر دەرەنجامی خۆکوشتن دەکاتەوەو دەفەرموێت” من قتل نفسه بشيء عذب به يوم القيامة”.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت