Hellbjardn

عەبدولڕەحمان عەلی: تۆماری دەنگدەران یان بۆمبی چێنراو و ئامادە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی گرنگ و کاریگەرە، و تاهەنوکەش ئێمە بەتەنها شاڕێی گۆڕانکاری و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی دەزانین لەسیستمی سیاسی هەرێمدا هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوی باوەڕبوو بەدیموکراسی وهەڵبژاردن .
دوێنێ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی بەژمارە ( 5445 ) لە بەرواری ( 17- 12- 2017) ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانکرد تاکو لەماوەیەک کە لە سێ مانگ زیاتر نەبێت ئامادەسازی بکرێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
هەموان لەگەڵ پڕۆسەی هەڵبژاردنین لەکات و ساتی خۆیداو کاریشی بۆ دەکەین، وە پێشم وایە کەیەکێک لەپایەکانی سیستمێکی سیاسی دیموکراتی و پێشکەوتوو ئەوەیە, کە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت و بیان و نەهێنرێتەوە بۆدواخستن و ئەنجام نەدانی.
بەڵام ‌لێرەدا دەبێ بپرسین کەئایا کام کۆمسیۆن هeڵبژاردنەکان بەڕێوەببات هەرێم یان عێراق؟ کام تۆماری دەنگدان بەکاردەهێنرێت ئەو تۆمارەی کە ڕیفراندۆمی پێ ئەنجامدرا یان تۆمارێکی نوێی دروستکراو؟
چونکە گەر کۆمسیۆنی هەرێم ئەنجامی بدات و هاوشێوەی ڕیفراندۆم بەڕێوەبچێت ئەوا نیشانەی گەورەی پرسیار لەسەرخۆی دروستدەکات، گەریش بەهەمان تۆماری دەنگدان بێت ئەوا کارەسات دەخوڵقێنێت.
هەرچەندە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم بەدەنگی کۆمسیارەکانی بڕیاریانداوە کەلەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی 25- 09- 2017 هەرپرۆسەیەکی تری هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت ئەوا کار بەتۆمارێکی تری دەنگدەران دەکەن, چونکە خۆیان زۆر باش ئەو ڕاستیە دەزانن کە چەندە تۆمارێکی پۆخڵەو چۆن پڕکراوە لەناوی وەهمی، دووبارە، ئاوارە، مردوو، بەتەمەن و…. هتد.
من لێرەدا تەنها بە داتاو ئامارو بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەبەدەستن کەبەدڵنیاییەوە زۆر لەوە زیاترو زۆرتریشە ئاماژە بەخەوش و پۆخڵیەکانی تۆماریی دەنگدەران دەکەم، دواتر خۆت دەتوانیت ببیتە دادوەرو بڕیاربدەیت، کە ئایا ئەمە تۆماری دەنگدەرانە یان بۆمبێکی تەوقیتکراو و ئامادەکراوە بۆهەڵبژاردنەکانی کوردستان.
بۆیە هەقە پێش هەموان بزوتنەوەی گۆڕان و ئەوانەی لەگەڵ هەڵبژادنی پاک و بێگەردن بەدەنگێکی دلێرو بێ سڵەمینەوە بڵێن نەخێر بۆ هەڵبژاردنێک کەتۆمارێکی پاک و بێگەردی تێدا بەکارنەهێنرێت و سیستمی جیاکردنەوەی دەنگدانەکەش بەئامێری ئەلیکترۆنی نەکرێت، چونکە گەر کار بەو تۆمارە کۆنە بکرێت ئەوا بەدڵنییاییەوە هێندەی دوو فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمانی ئێستا تەنها ناوی ساختەو گوماناوی تێدایە بە شێوازو جۆری جیاوازجیاواز، لەنمونەی:

1- لەتۆمارەکەدا لەماوەی (13) ساڵدا واتا (2004 بۆ 2017) تەنها (600) کەس بەمردوو دانراوەو کوژێنراوەتەوە، لەکاتێکدا تەنها ئەو کەسانەی لەو ساڵانەدا لەلایەن دامەزراوەکانی وەزارەتی تەندروستیەوە بەمردوو تۆمارکراون ژمارەیان ( 96000) هەزارکەسن ،ئەمەجگەلەوەی کەلەلایەن ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە ئاماژە بە (25)هەزار ناویی مردوی ترکراوە لەتۆمارەکەداو کۆمسیۆنیشی لێ ئاگادارکراوەتەوە.
2- ( 7000 ) ناو لەتۆمارەکەدایە کەتەنها ئاماژە بەناوی دوانیان کراوە، کە پێویستە لانی کەم سیانی بێت.
3- ( 6342 ) ناو هەن دووبارەن، واتا ناوی سیانی کەسەکان هاوشێوەی یەکن بێ جیاوازی بەژمارەی دەنگدانیشیانەوە.
4- ( 23744 ) ناو لەتۆمارەدا هەن کەناوی ئاوارەی عەرەبی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن کە لە (2003)دەستپێدەکات.
5- ( 41899 ) کەس لەتۆمارەکە ناویان هەیە کەتەمەنیان لەسەروو ( 90 ) ساڵەوەیە، لەکاتێکدا تێکڕای تەمەن لەعێراق بەهەرێمیشەوە ( 58 ) ساڵی بۆ دیاریکراوە، خێرە ئەو هەموو بەتەمەنە لەهەرێمدا بونیان هەیە.
6- ( 116088 ) ناو هەن لەتۆمارەکەدا کە تەمەنییان هێشتا نەگەیشتۆتە تەمەنی یاسایی دەنگدان.
7- هەزاران، سەدان و بگرە زیاتریش خێزان هەن کەخاوەنی دوو فۆرمی خۆراکن و بگرە زیاتریشن، واتا لەدوو شوێن ناویان هەیە، دووبارەیەو دەتوانن چەندجارێک دەنگبدەن.
8- چەندین خێزان لەنێو کامپەکاندا، کە بە ئاوارە هەژمارکراون ناسنامەیان بۆدروستکراوە، کە بێ گرفت دەتوانن بەشداری دەنگدان بکەن و ئەو مافەیان بۆ فەراهەم کراوە.
9- ( 184175 ) ناوی تێدایە کەپێی دەوترێت دەنگی تایبەت تەنها تاساڵی (2014)یش ئاماژەی بۆ کراوە، کەیەکێک لەگرفتەکانی هەڵبژاردنەکان جیانەکردنەوەی دەنگدەری تایبەت و گشتیە، یان دەکرێت پێکەوە بەشداربن و نەک دوو ڕۆژ پێشتر تایبەت و دواتر گشتی کە بەئەزموون سەلمێنراوە کەزۆرینەی ئەوانەی لەڕۆژی دەنگدانی تایبەت دەنگیانداوە لەدەنگدانی گشتیش بەشداربونەتەوە.
10- ( 96258) ناو لەو تۆمارەدا هەیە کەجێگای گومانن چونکە زۆرینەیان لێکچوون و دەبێت بەوردی وردبینی تێدا بکرێت، گۆڕانیش ئاماژەی بەوەکردوە کە زیاتر لە ( 125) هەزار ناوی دووبارە لەتۆمارەکەدا بونیان هەیەو ڕادەستی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی کردوە بۆ بژارکردنی لەتۆمارەکەدا.
ئەوەی پێویستە بکرێت هەوڵێکی چڕوپڕی هەمەلایەنەیە بۆ پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران لەلایەن هەموو دامەزراوە حکومیەپەیوەندیدارەکان و چاودێریکردنی بەردەوام و هەنگاو بەهەنگاویش لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە چونکە کۆمسیۆنەکە ڕاستەوخۆ لەژێرچاودێری پەرلەمانی کوردستاندایە، وە پێشم وایە کارێکی واقورس تەنها بەکۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم ناکرێت و هەرکاری ئەوانیش نیەوبەس.
وە دەشکرێت گەر هەموان دەمانەوێت ببینە خاوەنی تۆمارێکی شایستەو شیاو ئەوا دەکرێت کاربۆ سیستمی بایۆمەتری بکرێت لەتۆماری دەنگدەراندا. بۆیە گەرهەڵبژاردنێک بەتۆمارێکی لەو شێوەیە ئەنجامبدرێت کەئێستا لەبەردەستە و هەندێ لەخەوشەکانیمان دەست نیشانکرد بەدڵنییاییەوە نەکردنی زۆرباشترە.