Aryan-Reshid

ئاریان ڕەشید: مەرگدۆستی وەکو بەهایەکی مرۆیی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کاتێک سیستمی سیاسی ناوی دیموکراسی لەخۆی دەنێت، ئەوا مەیلی شاراوەو نەمری مرۆڤ بۆ ئازادی و دادپەروەری لەژێر ناوی خۆپیشانداندا نمایش دەبێت. مەیلی جاویدانی مرۆڤ بۆ ئازادی ڕەهاو وێرانکردنی سەرجەم بەهاو پیرۆزیەکان شانبەشانی مەیلی ڕێکخستن و بونیادنان ، لەگەڵ گەشەی ژیانی مرۆڤدا ڕێدەکات و هەمیشە ئارەزوویەکی نەمر بۆ بێ نەزمی و بێ سنووری لە ناخی مرۆڤدا پەنهانە.
لە نێوان ئارەزووی ژیان و ئارەزووی مردندا تاڵە دەزوویەکی باریک بوونی هەیە، بەڕادەیەک هەندێجار سەقامگیری و ئاژاوە تێکەڵ دەبێ و لە نێوان خواستی ئافراندن و مەیلی کوشتن هیچ جیاوازیەک بەدیناکرێت، ئەو مرۆڤەی سەودای ڕێکخستن و سیستم دەکات، دەکرێت لە چرکەساتێکدا ببێتە وێرانکەر. بۆچی مرۆڤ ئارەزووی وێرانکردن دەکات؟
دوالیزمی”خودا – شەیتان” بەرجەستەبوونی ناخە دووفاقیەکەی مرۆڤە لە نێو مێژووداو ڕەنگدانەوەی سروشتی ڕاستەقینەی مرۆڤە لە نێو ئایین و ئەفسانەدا کە دوو دێرینترین فۆرمی بیرکردنەوەن لای مرۆڤ. لە لای زەردەشت هەروەکو چۆن “ئاهۆرامزدا” ئەزەلی و نەمرە “ئەهریمەنیش” هەتاهەتاییە، فرۆید لە دەروونشیکاریدا خواستی ئافراندن “ئیرۆس” کەشف دەکات و لە بەرامبەریدا دان بە ئارەزووی نەمری”ساناتۆس” دا دەنێت، مەیلی وێرانکردن و لەنێوبردن، یاخود بایۆفیلیاو نیکرۆفیلیا، ژیان دۆستی و مەرگ دۆستی. چ کاتێک مرۆڤ دەبێتە مەرگ دۆست؟
هەرکاتێک ژیاندۆستی لە ناخی مرۆڤدا شارایەوە، مەرگدۆستی ڕەوایی پەیدا دەکات، کاتێک ژیان ڕوو لە بێ مانایی دەکات و بێدادی و چەوساندنەوەو سووکایەتی دەبنە یاساو نەرێت، ئەوا هێزی خۆشەویستی لەبەین دەچێ و ئارەزووی مرۆڤ بۆ مەرگ و مردن و کوشتن و وێرانکردن باڵا دەبێت. ڕێکخستن، سیستم، دەوڵەت، یاسا، دەوڵەتداری، خواستی ئەویندارانەو فریودەرانەی مرۆڤە بۆ هەڵهاتن لە پیرۆزی مەرگ و کوشتن و وێرانکردن، شارستانیەت بەرهەمی چەپاندنی ئازادیە.
“دیموکراسیەت” ی ئەمڕۆ تەقەلایەکی هەم “سەرکەوتوو” هەم “شکستخواردوو” ی مرۆڤە بۆ ڕێگرتن لە مەیلی “مەرگدۆستی – نیکرۆفیلیا” . بە ئەندازەی سەرکەوتوویی دیموکراسیش لە ڕاکێشانی مرۆڤ بۆ نێو خواستی ئافراندن و خۆشەویستی و ژیاندۆستی، مەیلی مەرگدۆستی و وێرانکردن خەفە دەبێت. ڕۆژئاوا بە بەکارهێنانی فریوێکی مۆدێرن (هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات – بیرۆکراتیەت – دەستوری دیموکراتی – بازاڕی گەورەی کاڵا و… تاد) مەیلی نەمرو شاراوەی مرۆڤ بۆ” ئازادی ڕەها” خەفە دەکاو مرۆڤ بەرەو داهێنان و ژیاندۆستی و مەیلی ئافراندن باردەهێنێت، بەڵام مێژووی ڕۆژهەڵات بە ئاراستەیەکی تردا هەنگاوی هەڵگرت.
لە ڕۆژئاوا خواستە جاویدانیەکەی مرۆڤ بۆ”ئازادی ڕەها” لەنێو خواستی سیستمدا دەتوێتەوەو ئارەزووی مرۆڤ بۆ خۆشگوزەرانی و چێژخوازی، جێگەی خواستی “ئازادی” دەگرێتەوە، بەڵام لانی کەم مرۆڤ شادومان و بەختەوەرە، داواکاریەکانیش لە چوارچیوەی هەمان سیستمدایەو داواکاری ڕۆژانەیین بە سازدانی قەرەباڵخیەکی هێمنانە (خۆپیشاندان). لە ڕۆژهەڵات، بۆشایی گەورەی نێوان خەڵک و دەسەڵات، زەقبوونەوەی جیاوازی نێوان چینەکان، هەستکردن بە نادادپەروەریەکی قێزەون و بێزراوو (کە مرۆڤ دووچاری ڕشانەوەو دڵ تێکهەڵهاتن دەکات)، هەستکردن بە بێڕێزی و بێ بەهایی و بەکەم سەیرکردن، هەموو قودرەتێکی ئافراندن و ژیاندۆستی لە مرۆڤ وەردەگرنەوەو مەیلی مەرگدۆستی و شەڕانگێزی و وێرانکاری لە مرۆڤدا بەگەڕدەخەن. داواکاریەکانیش هەڵگری هەمان سیمای ژیان و سیستم دەبن و دەبنە تووڕەیی و “توندوتیژی”.
گاڵتەجاڕیەکی بێمانایە لە نێو ئەم جۆرە ژیانەدا خوازیاری”خۆپیشاندانی هێمنانە” بیت و لەنێو ئەو هەموو بێدادی و بێمانایی و نایەکسانی و ستەمکاری و جەورو چەوساندنەوەیەدا، چاوەڕوان بیت خۆپیشاندەران گووڵت پێشکەش بکەن. کاتێک سیاسەت و دەوڵەتداری لە خستنەگەڕی مەیلی ژیاندۆستی مرۆڤ شکستدێنن و ناتوانن بڕوا بە مرۆڤ بێنن کە” ژیان بەهەشتە”، ئەوا مەیلی مەرگدۆستی زاڵدەبێت و ژیان لە چاوی مرۆڤەوە دەبێتە”دۆزەخ” کە شایانی ڕەتکردنەوەو کاولکردنە.
ئەو مرۆڤە “ساویلکە بەختەوەرانەی” کە ژیان لە پەنجەرەیەکی زێڕينەوە دەبینن و ئازار لە شکاندنی گڵۆپێکی سەرشەقامەکان دەچێژن یاخود سوتاندنی باڵەخانەیەکی حکومی و کەرەستەکانی ناوی خەمباریان دەکات، هەرگیز ناتوانن درک بەوە بکەن کە ئەو شتانە بۆ گەنجە پەراوێزخراوو ئیهمالکراوەکان چەندە بێنرخ و بێمانان. ڕەنگە نادادپەروەری، نایەکسانی، ستەمکاری، چەوساندنەوە و… تاد، وەکو سیمای سەرەکی دەسەڵاتی سیاسی لە ڕۆژهەڵات خۆی لە خۆیدا کێشەیەکی گەورە نەبێت، بەڵام کێشە گەورەکە لە درک کردنی مرۆڤدایە بەم دۆخە، هەرکاتێک مرۆڤ هەست بە بێمانایی و بێبەهایی ژیان دەکات، ئەوا ئارەزووی خۆشەویستی تیایدا لەبەین دەچێت و مەیلی دڕندەیی و شەڕەنگێزی و کوشتن و وێرانکردن تیایدا پەرەدەسێنێت. ئەم مەیلەش مەیلێکی ڕەواو بەجێیە، هەر بەو شێوەیەی لە ناخی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت و هاوارێکە دەرئەنجامی”هەستکردنێکی بەئازار” بە بێمانایی و بێبەهایی، داوای بەهاو ماناو نرخێک بۆ ژیان دەکات. توندویژی لێرەدا بێبەهایی و بێنرخی نیە، بەڵکو بێ بەها و بێنرخ ڕوانینە لە ژیانێک کە دەرئەنجامی سیستمێکی ستەمکارو نادادپەروەر بۆتە “دۆزەخ”.
گەنجێکی توڕە کاتێک باڵەخانەیەک دەسوتێنێ یاخود ئاگر لە بارەگایەک بەردەدا، گوزارشت لە لاموبالاتی خۆی دەکات سەبارەت بەو شتانەی کە بە لای دەسەڵاتەوە پیرۆزو بەنرخن. ئەو بەم کردەوەیەی نیشانی دەدات کە پیرۆزیەکان، بیناو بارەگاکان، کۆشکەکان، شەقامەکان ، گڵۆپەکان، کەرەستەی نێو بیناکان، بەلای ئەوەوە هیچ بەهاو گرنگیەکیان نیە، مادام ئەو هیچ پێگەیەکی لەنێو ئەم کۆمەڵگەیەدا نیەو هیچ نرخێک بۆ بوون و ژیان و گوزەرانی دانانرێت. واتا لەو کاتانەی کە مرۆڤ هەستدەکات هیچ بەهایەکی لە کۆمەڵگەدا نیە، ئەوا دەیەوێت ئەو کۆمەلگەیە وێران بکات، ئەمەش تەنها لە پێناو خودی وێرانکردندا نیە، بەڵکو لە پێناوی بەخشینی مانایەکیشدایە بە خودی خۆی.
من لێرەدا پاساو بۆ” توندوتیژی” ناهێنمەوەو خوازیاری “وێرانکاری” نیم، بەڵکو قسە لەسەر ڕاستیەکی ئۆنتۆلۆژیانەی مرۆڤ دەکەم و دان بەو ڕەهەندە سایکۆلۆژیەی مرۆڤدا دەنێم کە حاشا هەڵنەگرو حەتمیە، بریتیە لە هاوکێشەیەکی نەگۆڕو جێگیر. مەیلی شەڕەنگێزانەی مرۆڤ شانبەشانی خواستی ئاشتی و سەقامگیری بەتوندی لە ناخی مرۆڤدا جێگیرە. مرۆڤ بوونەوەرێکە دەخوازێت دانی پێدا بنرێت، لەو پانتاییانەی هەست بە پەراویزخستن و بێبەهایی دەکات، مەیلی مەرگدۆستی و شەڕانگیزی لە پێناوی بەخشینی ماناو پێناسەیەک بەخۆی گەشە دەکات. تاوەکو ستەمکاری و نادادپەروەری و نایەکسانی و بێڕێزی، خەسڵەتی دەسەڵاتی سیاسی بێت لە هەرێمی کوردستان، ئەوا مەیلی توندوتیژی و وێرانکاری و کوشتن و لەناوبردن هەمیشە لە ئارادا دەبێت.