ئەحمەد ڕەسوڵ: کشانەوە لە خولەکی کۆتاییدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بزووتنەوەی گۆڕان لە دواهەمین رۆژەکانی تەمەنیدا “تەنانەت دواهەمین ڕۆژەکانی لە ماوەی بۆ درێژکراوەشدا” لە دەسەڵاتی لە کوردستان دەکشێتەوە، لە دوای ئەوەی کە زیاتر لە دوو ساڵە لە دەسەڵات دەرکراوە.
بە درێژایی هەشت ساڵی ڕابردوو کە چوار ساڵی یەکەم بە کۆمەڵێک پەرلەمانتار و ئەم چوار ساڵەی تریش کە بەشدار بووە لە دەسەڵاتدارێتی هەرێمی کوردستاندا، تەواوی لێپرسراو و دەسەڵاتدارانی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم، سەرۆک و ئەندامەکانیشی لە پەرلەمان بە ڕاوێژکارەکانیشەوە هەمان موچەی زەبەلاحیان هەبووە بە جیاووگ “ئیمتیازات” ە داراییە زۆر و زەوەندەکانەوە هەمانشێوەی لێپرسراو و دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی و حزبەکانیدی. لە چوار ساڵی یەکەمیدا کە وەک ئۆپۆزیسیۆن و لە چوار ساڵی دووەمیشیدا وەک بەشدار لە دەسەڵاتدارێتیدا هیچ پڕۆژەیەکی نەبوو و هەرگیز پلانێکی لەو جۆرەشی نەبووە و لەسەر بنەمای داوەریکردنی ئەم هەشت ساڵەی ڕابردوو ئاشکرایە کە پلان و پڕۆژەیەکی وای نیە و نابێت لە داهاتووشدا، کە ئەویش پڕۆژەیەکە بۆ کەمکردنەوەی موچەی خەیاڵی و جیاووگە داراییە زۆر و زەوەندەکانی دەسەڵاتداران لە تەواوی دامودەزگاکانی دەسەڵاتدارێتیدا. دەسەڵاتداران بە موچە خەیاڵی و جیاووگە داراییە زۆر و زەوەندەکانیانەوە بوونەتە بارێکی قورس و کەمەرشکێن بەسەر داهاتی گشتی و بودجەی ئەم هەرێمەوە کە نزیکەی بڕە گەورەکە و زۆرەکەی داهاتی گشتی و بودجەی هەرێم بۆ ئەو دەسەڵاتدارانە دەچێت کە ئەمەش جگە لە بەتاڵانبردن و دزیەکی ئاشکرا و یاسایی چیتر نیە ،کە لە چەند سەد کەسێک کەمترن، لە کاتێکدا کە بڕە هەرە کەم و بچوکەکەی داهات و بودجە بۆ خەڵک و موچەخۆری سادە و ئاساییە کە ژمارەیەکی گەورەی نزیک لە ملیۆنن بە تێچووی خزمەتگوزاریە گشتیەکانیشەوە. واتا بزووتنەوەی گۆڕان هێندەی لە حزبیک دەچێت بۆ بڕینەوەی موچەی خەیاڵی بۆ کۆمەڵێک کەس و بە دەسەڵات گەیاندنی کۆمەڵێک، کەمتر لە هێزێک دەچێت کە لە بنەمادا پڕۆژەی کەمکردنەوەی ئەو تاڵانکاریەی دەسەڵاتدارانی هەبێت کە لەڕێگەی موچە و جیاووگە داراییەکانیانەوە بەسەر کۆمەڵگای ئێمەوە ئەنجامی دەدەن. واتا لە بنەمادا ئەم هێزە پڕۆژەی جێخستنی لانیکەمی عەدالەت و یەکسانی لە کۆمەڵگای ئێمەدا نەبووە.
بەڕاست هێزێک کە ماف و یەکسانیی مرۆڤەکانی بە چەق گرتبێ لە بەرنامەی سیاسی خۆیدا و باوەڕی بە عەدالەتی تا ڕاددەی شیاو “مومکین” هەبێت، لە ئاست ئەو موچە خەیاڵیەی دەسەڵاتداران و جیاووگە زەوەندە داراییەکانیان بێدەنگ دەبێت؟!
بەڕاست هێزێک دەستە لە دوای دەستە ئەندام و هەڵسوڕاوە حزبیەکانی خۆی بنێرێت بۆ پەرلەمان و دامودەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی هەم لە کوردستان و هەم لە عێراق و پڕۆژەیەکی نەبێت بۆ کەمکردنەوەی تا ڕاددەی شیاوی ئەو بۆشایی “گاپ” ە گەورەیەی دروستبووە لە نێوان چینی دەسەڵاتدارانی مشەخۆر و ئەرستۆکراتی لەلایەک و چینە گەورە و فراوانەکەی کۆمەڵگا کە نزیکەی تەواوی کۆمەڵگای ئیمە دەگرێتەوە لە ئینسانی هەژار و ماندوو لەلایەکیتر، چ پەیوەندیەکی بە کۆمەڵگا و بەرژەوەندی توێژە گەورەکەی خەڵکی هەژار و ئاساییەوە هەیە؟!
هێزێکی سیاسی کە توێژێکی گەورەی لە ئینسانی هەژار و ئاسایی لە پشت بێت و دروشم و گوتارە سیاسیەکەشی سەرشار بێت لە دەستەواژەگەلی لەبابەت “بەرژەوەندی گشتی، باشکردنی ژیانی خەڵکی سادە و هەژار، دادی کۆمەڵایەتی، بەرەی خەڵک و گەل …هتد” نەک هەر شایانی ڕەخنەگرتنێکی توندە لە دواهەمین خولەکدا کشانەوەی لە دەسەڵاتدارێتی، بەڵکو چیتر شایانی ئەوە نیە جێگای متمانەی هەرە لانیکەمی ئەو دەنگدەر و لایەنگرانە بێت کە پێشتر هەیبووە. هێزێک کە ئەو هێزە گەورەی جەماوەری لە پشت بێت و ئەوەش گوتار و دروشمە سیاسیەکانی بووبێت بە درێژایی ئەو هەموو ساڵانە، ئەگەر نارەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵکیش نەبێت لە ئارادا، دەبێت ئەم هێزە خۆی دروستکەری ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بێت، خۆی پێشڕەوایەتی خەڵک و کۆمەڵگای بکردایە و ڕابەرایەتی و سەرکردایەتی خۆپیشاندن و ناڕەزایەتی خەڵکی بکردایە و بانگەوازی ئەندامان، هەڵسوڕاوان و لایەنگرانی بکات بۆ هاتنە سەرشەقام و داواکردنی پشتگیری لە خەڵکیتری دەرەوەی بازنەی خۆی بۆ هاتنە ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە و بەرنامە و پلانی ئاشکرا و ڕوونی هەبوایە و ئامانج و ئەڵتەرناتیڤی خۆی بخستایەتە بەردەمی خۆپیشاندەران، کۆمەڵگا و تەواوی هێزە سیاسیەکانیش. بەڕاستی شەرمە بۆ هێزێکی سیاسی وەک بزووتنەوەی گۆڕان و هەر هێزێکیتری سیاسی لەو چەشنە، دوای ئەوەی کە زۆرینەی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێمە ماوەی نزیک بە دوو ساڵ زیاترە بە بەردەوامی ناوە ناوە شەپۆلی نارەزایەتی و خۆپیشاندان بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانیان و ئەم چەند ڕۆژەش کە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەیشتووە بەو ئاستە، ئینجا لە بەیاننامەیەکدا “ئەویش دوای چەند کۆبونەیەوەکی نێوخۆیی بزووتنەوەکە خۆی و کۆبوونەوەشی لەگەڵ حزبەکانیدی” پشتیوانی خۆی ڕادەگەیەنێت بۆ داواکاری خۆپیشاندەران “تەنها پشتیوانی”. دوای ئەو هەموو بێنەوبەرەی جڤاتی نیشتمانی و گەیشتنی ڕووداوەکان بە ئاستە مەترسیدارە، پاشان وەک ئەوەی بریارێکی زۆر گەورە و گرنگیان دابێت، بڕیاری کشانەوە لە دەسەڵات ڕادەگەیەنن و لەوانەیە دواتریش بە شەرم و ترسێکەوە ڕایبگەیەنن کە ئەندامان ، لایەنگران و هەڵسوڕاوانی خۆیان هاندەدەن کە پشتگیری لە خۆپیشاندانەکان بکەن و بەشداری بکەن و تیایدا. ئەم جۆرە لە هێزی شەرمن، ترسنۆک و دوور لە عەدالەت و یەکسانیخوازیە ناتوانێت جێگای ئومێد و خواستی خەڵکی بەشمەینەت و ستەملێکراوی کوردستان بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت