بەهرۆز جەعفەر: ڕووداوەکانی کوردستان، ئاسۆ و چارەسەر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گومان هەڵناگرێت، ئەو کوردانەی لە دەرەوەی ووڵاتن، مێشک و دەروونیان بۆ کوردستانەکەیان ئۆقرە ناگرێت و، لە هەرکاتێک پتر هەست بە بێدەرەتانی تاک و خاکی کوردستان ئەکەن، مرۆڤ هەرچییەک بێت و لەهەر کوێیەک بێت، هەمیشە پێویستی بە خاڵێکە بۆی بگەڕێتەوەو، پێویستی بە ناوەندێکی ڕۆحی و مەعنەوییە بۆیە نەتەوەو نیشتیمان و حوکمڕانی ئاواکردووە.
دیارە نامەوێ ئاماژە بە زۆر پانتایی سیاسیی ناوخۆیی و دەرەکی بکەم، بەڵام بە گشتی ئەو ڕووداوانە ئاماژەی تەواون بۆ تێکچوونی بارودۆخی کوردستان، تێکچونێک کە لە هەر شارێکدا گروپ- گروپ ڕاو ڕووت ی دەست پێ بکەن، بە تایبەت کە خوێنیش لەمەدا ڕژاوەو، جاری یەکەمیش نییە.
ئەم ڕووداوانە زۆر قورس ئەکەون لە سەر ژیانی گشتی، لە بەرئەوەی وەرچەرخانە سیاسییەکە زۆر قورسە، قەیرانی یەمەن، قەیرانی سوریا، قەیرانی لیبیا لە دوای بەهاری عەرەبی بەرئەنجامی شکستهێنانی وەرچەرخانی سیاسییە-Political Transaction ه لەو شوێنانە. کە باز ئەدەیت بۆی هەیە بکەویتە کانیەکەوەو، بۆشی هەیە بپەڕیتەوە.
لە زانستی سیاسی دا، ترسناکترین قۆناخ ئەو قۆناخەیە کە “بۆشایی سیاسیی” دروست ئەبێت، لە هەرێمی کوردستان بۆشاییەکی سیاسیی و ئەمنی و یاسایی هەیە، کە بۆشایی هەبو، ڤایرۆس گەشه ئەکا، هەندێ جار ئەو ڤایرۆسە گروپی یاخیبوی چەکدارن وەک گروپە یاخیبوەکانی ناوەڕاستی ئەفریکا “ئەنتی بالاکا”، هەندێ جاریش گروپی ئایدۆلۆژی چەکدار بەرئەنجامی فەرامۆشکردنیان لە لایەن حکومەتەوە پەیا ئەبن وەکو “حووسییەکان ی یەمەن” و” داعش لە عێراق” لە بەرئەنجامی شکستی حوکمڕانی و بۆشایی سیاسیی زۆر ناوچەیان کۆنترۆڵکرد “کردووە”. ئەم حاڵەتە لە هەرە ترسناکەکەیانە چونکە بیانوو ئەداتە هێزە هەرێمایەتیەکان دەستوەربدەن و ڕاوی بەرژەوەندی خۆیان بکەن.
لە (28ی سێپتەمبەری 2017) لە میانەی بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی پیاچونەوەی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، ئەوەمان هەڵهێنجا، کە کورد کەرکوک لە دەست ئەدا، پێشووتر یش هەر باسی ئاسایشی ئەو ناوچەیەمان کردبو لە سلێمانیەوە تا کەرکوک و دووز “لە بری مشورخواردن بە داخەوە ڕاپۆرتەکانیان لە میدیاکان دژی یەکتری بەکارئەهێناو ئەیانکرد بە هەواڵ. کادیرەکانی حزب بە تەخوین و تێکدەر و، قسەی بێسەروبەر پەلاماری کارەکانیان داین، دوای دوو ڕۆژ ئەنجومەنی ئاسایشەکەیان لە هەرێم فەرمووی مەترسیی ئەمنی لەسەر کەرکوک هەیە!. ته‌عه‌جوبى كوردو ئه‌م ڕووداوانه‌ له‌وه‌دایه‌ به‌ پێنج هێزى كوردى ناتوانن دوو شار به‌ڕێوه‌به‌رن و، ئه‌یده‌نه‌ ده‌ست قه‌ده‌ر!. كه‌ چاره‌سه‌ره‌كه‌شى ئێستاش و دوێنێش شتێكى وا قورس نییه‌و نه‌بووه‌.
ئەمانە وەک پێش چاو ڕۆشنییەک بۆ خەڵکی کوردستان تا بزانن لە بۆشایی سیاسیی دا ئەژین و، سیستەمێک نییە بڕیار دروست بکاو بڕیار بدات لە بەرژەوەندی فەزای گشتی دا بێت.
دۆخەکە قوورسەو، زەحمەتە بێ خوێنڕشتن تێپەڕ بێت، چونکە لە مێژووی هەموو ناوچەکەدا، خۆپیشاندەر و مانگرتن تەنها بۆ ڕووخاندنی یەک دیکتاتۆر و حزبێکی دیاریکراو بووە، ئەوەی لە کوردستان هەیە، ڕای گشتی بە ڕەهایی بێزاری نیشان ئەدات لە (5) پێنج حزب و لایەن، کە دووانیان ستەمکاری سەرەکین، ئەوانەی ئیمڕۆکە خوێنی خەڵکیان ڕشت، بیرتان بێت ئەوانەن کە ڕۆژانە خەڵک سێڵفی و وێنەی لەتەک ئەگرتن و بە خوێنی تازەی حزب و چی و چی ناوزەندیان ئەکرد.
وەک، ئەلتەرنالتیڤ و چارەسەرییەک، ڕەوتی نەوەی نوێ بەتەواوی ئەو شەپۆلەی دەست بەسەراگرتووەو، لەواقیعدا خەڵکیش بە تارمایی بەدیلێکیان ئەزانن و، ئەمریکا و ئۆروپاش حەز بە گۆڕانێک ئەکەن کە دەنگ و سەدای تازە بێت. ڕەوتی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، ڕەوتێکی گرنگ و فریادڕەسە، سەرکردایەتیەکەی “دکتۆر بەرهەم ساڵەح” کەسێکی خاوەن باکگراوەندەو سەلیقەی سیاسیی و هەستانەوەی ئابوریی و دایەلۆگی نیشتیمانیی لێ ئەوەشێتەوە، بە ڕێژەیەکی زۆریش بەشێک نییە لەو ستەمکارییەی پەنجا بۆ شەست ساڵی ڕابردوو، چەند ساڵێکە ڕای ڕاشکاوی خۆی وتووە.
چەند ڕۆژێک بەر لەو ڕووداوانەی کوردستان پێشنیارێک مان خستە ڕوو کە وەک دەرچەیەک بۆ ئەو قەیرانانە و، تا خوێن نەڕژاوەو، کارەکە لە دەست دەرنەچووە، پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوەو، “دکتۆر بەرهەم ساڵەح” بکەنە سەرۆکی هەرێم و حکومەت تا هەڵبژاردن ئەکرێت، بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە دروست نەبێ کە لای سەرەوە باسمان کرد، دیسان هێرش و جنێو بۆ سەر خۆم و بەرهەم ساڵەحیش لە لایەن کادرەکانی حزبەوە دەستی پێکرد، ئەمما ئەو جارە گریمانەی بەهێز لە دەستی هەر پێنج حزبەکەو، هاوپەیمانێتی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریش دەرنەچێت. چونکە نە “بەرهەم ساڵەح” ئەتوانێت واجیهەی ئەو ڕووداوانە بێت “وەک ڕووداوەکان ئەبینن” نە حزبەکانیش ڕستەیەکیان پێ ئەمێنێ پێشکەشی بکەن.
ئەوەی بە پرسیار ئەمێنێتەوە، ڕۆڵی ئێرانە، هەر هێزێکی سیاسیی دروست بێت لە کوردستان بۆ ئێران جێی مەترسی نییە، چونکە ئێران بەرژەوەندی ئێران ئابوریی نییە لە هەرێم، ئەمنییە، “ئەمنی” یش بۆ ئێران یانی کارتی کەمپی ئەشرەف، یانی کۆمەڵەو دیموکرات، یانی کارتی پەکەکە، یانی کاراکتەرێ لە عوممانەوە نەیات شەو لە هەرێم بخەوێ و سبەی بچێت ئەندازیارەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم و ئەتۆمیی ئەوان تیرۆر بکات. بێگومان هیچ هێزێک لە کوردستان ئەوانە ناکات و، بیریشی لێ بکرێتەوە ئاستی پەیوەندیی شەخسی یە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت