عیماد عه‌لی: ئایا هه‌ڵه‌ به‌ هه‌ڵه‌ راست ده‌كرێته‌وه‌؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

با وادانێین له‌ لایه‌كیه‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك هه‌ڵه‌ی كردبێت و له‌ ئاست به‌رپرسیارێتیدا خۆی بشارێته‌وه‌ و كه‌چی به‌ هه‌ر شێوه‌یك بێت كه‌س نه‌توانێت زه‌فه‌ری پێ به‌رێت ملكه‌چی یاسا و سزادانی بكات و، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌ویتر ته‌نها به‌ قسه‌ی زلی دوور له‌ خوێندنه‌وه‌ی پاشه‌رۆژ و ده‌رئه‌نجامی هه‌ر كرده‌وه‌یكی ویستراو ته‌نها و له‌ روانگه‌ی كورتبینیه‌ك كه‌ له‌به‌رده‌م پێی خۆی زیاتر نه‌بینێت ره‌فتار بكات، چی بكرێت باشه‌. كه‌س هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ داوای ره‌وای خه‌ڵكدا نه‌بێت، كه‌س هه‌یه‌ پێی باش نه‌بێت به‌ زووترین كات قه‌یرانه‌كه‌ كۆتایی نه‌یه‌ت دوژمنان نه‌بێت، كه‌س هه‌یه‌ حه‌ز نه‌كات كوردستان بكه‌وێته‌ سه‌ر سكه‌ی راسته‌رێی خۆی، كه‌س هه‌یه‌ هیوای قوتار بون له‌ باری ناله‌باری كوردستان نه‌خوازێت و ئاواتی گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنیمیله‌تی نه‌وێت. ئا له‌م كاته‌دا تۆیه‌ك ته‌نها به‌ هه‌ڵاو هوریا و بێ خوێندنه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامی هه‌ر ره‌فتارێك كه‌ بانگه‌شه‌ی ده‌كه‌یت و، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری خراپتربون بخه‌یته‌ نێو ریزبه‌ندی پێشهاته‌كانه‌وه‌ جگه‌ له‌ ته‌سك بینی و نه‌زانی و رقو كینه‌ی حزبی نه‌بێت و نه‌گه‌یشتنی هیچ به‌رهه‌مێك به‌ ده‌ستی كاڵفامان و ناخاڵه‌كان نه‌بێت چی ده‌رئه‌نجامێكت ده‌ست ده‌كه‌وێت.
هه‌مووان له‌وه‌ دڵنیان كه‌ گه‌نده‌ڵی بیناقاقای حوكمرانی گه‌لی كوردستانی گرتووه‌ و، ئه‌م حزبه‌ سه‌ره‌كیانه‌ به‌ هه‌موویانه‌ لێی به‌رپرسن و هه‌ر یه‌كه‌و به‌ رێژه‌ی به‌شداری ده‌سه‌ڵات له‌ ماوه‌ی حوكمرانی كوردیدا به‌شی ده‌كه‌ویت، بۆیه‌ كه‌س بێبه‌ری نیه‌ له‌م وه‌زعه‌ی ئێستا و هیچ هاوڵاتیه‌ك پێی ناخه‌ڵه‌تێت و، به‌ڵگه‌ش په‌لاماری خۆپیشانده‌رانه‌ بۆ سه‌ر باره‌گای سه‌رجه‌م حزبه‌كان .
بۆیه‌ لێره‌دا رووی ده‌مم ده‌كه‌مه‌ ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه‌ بانگه‌شه‌ی خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ریان ده‌كرد و ناتوانن تاقه‌ ناحیه‌یه‌كی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی به‌مه‌به‌ستی خۆپیشاندان بجوڵێنن و ته‌نها ئه‌م زۆنه‌ بێ كه‌سه‌ فریوده‌ده‌ن، ده‌ڵێم كێیه‌ به‌ خاڵی خۆی فێره‌؟ با باره‌كه‌ خراپتر نه‌بێت و هێزگه‌لێكی دوژمنی ده‌وروبه‌ر خۆی مه‌ڵاسداوه‌ و سه‌رجه‌م تاوانه‌كانی خوێنی ئه‌وانه‌ی به‌ بانگه‌شه‌ی ئێوه‌ ده‌رژێت له‌ ئه‌ستۆی ئێوه‌یه‌ و مێژوو و گه‌لی كوردستانیش ره‌حمتان پێناكات، وه‌ك چۆن له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌ خۆش نابێت.
به‌ تایبه‌تی بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆران و كۆمه‌ڵ، كه‌ به‌م هه‌ڵوێست زۆر نزمبینی وهه‌ڵوێسته‌ بێ دراسه‌ت و لینگه‌وقوچه‌یان ده‌ڵێم؛ باشتر بیربكه‌نه‌وه‌ و چاكسازی و روخاندنی ئه‌م حكومه‌ته‌ گه‌نده‌ڵه‌ به‌م ره‌فتاره‌ نارێك و نادروست وناوه‌خته‌ ناكرێت و زیانی له‌ قازانجی بۆ سه‌رجه‌م كوردستان و ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی كه‌ بۆته‌ قوربانی ده‌ستی هه‌مووان و له‌ پێشه‌وه‌یاندا ئێوه‌ زیاتره‌ و، به‌ هێمنی تا له‌ده‌ست ده‌رنه‌چووه‌ و پشێویه‌كی گه‌وره‌تر دروست نه‌بووه‌، كه‌ دووباره‌ ده‌ستی داگیركه‌ران به‌ ئاسانی نه‌هاتۆته‌ نێومانه‌وه‌، با عاقڵانه‌ و به‌ قوڵی بیری بكه‌نه‌وه‌ و به‌ خۆتاندا بچنه‌وه‌ و، كوردستانیش وه‌كو سوریای لێ مه‌كه‌ن .
ئێوه‌ی بانگه‌شه‌كارانی خۆپیشاندانه‌كان كه‌ هه‌ندێكتان ته‌نها له‌ جاده‌ی قیر زیاتر رۆژێك له‌ رۆژان هیچ شوێنێكتان نه‌بینیوه‌ و له‌سه‌ر شاشه‌ نه‌بێت سه‌ردانی هیچ قوشبنێكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌كتان نه‌كردووه‌، به‌ڵی هه‌ر ئێوه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر نه‌فره‌تی میله‌ت. دیاری نه‌كردنی زه‌مینه‌ و كاته‌ هه‌ستیاره‌كه‌ و ده‌رئه‌نجامی هه‌نگاوه‌كان، گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه‌ بۆ پرسی گه‌لی كوردستان به‌ گشتی و هیچ كیشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات نه‌ك له‌ قه‌یرانه‌كه‌ ده‌رمان بكات.
بۆیه‌ لیره‌دا پێشنیارێك بۆ كه‌سی یه‌كه‌م و سه‌ركردایه‌تیتان ده‌كه‌م و ده‌لێم:
با كاك (عومه‌ری سه‌ید عه‌لی)ی رێكخه‌ر و مه‌لا (عه‌لی باپیر )ی ئه‌میرتان له‌ گه‌ڵ (یوسف محه‌مه‌د)ی په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م وه‌زیر و ئه‌ندام په‌رله‌مانی عیراقی و كوردستانیه‌كانتان و سه‌ركردایه‌تی و كادرانتان له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی ئه‌م خۆپیشاندانه‌ی ده‌ڤه‌ری سلێمانی ده‌كه‌ن، كه‌ جگه‌ له‌ پشێوی هیچی لێ سه‌وز نابێت، ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌ن، بچن له‌ ناوه‌راستی شاری هه‌ولێر و له‌ ته‌نیشت چایخانه‌ی مچكۆ؛ چادر هه‌ڵده‌ن و مان بگرن، زۆر له‌وه‌ باشتر و ئه‌شره‌فتره‌ بۆ روخانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌ كه‌ سلێمانی خه‌ڵتانی خوێن بكه‌ن و، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كوری فه‌قیر و هه‌ژار بده‌ن به‌ كوشت و بریندار بن و داموده‌زگا حكومیه‌كان بسوتێنن و ده‌رگاكه‌ بخه‌نه‌ سه‌رپشت بۆ ده‌ستوه‌ردانی دوژمنانی ده‌وروبه‌ر، به‌ كۆی ژماره‌ی خۆتان و لایه‌نگرانتان له‌ هه‌ولێر چالاكی بنوێنن كه‌ راسته‌وخۆ كاریگه‌ری ده‌بێت و جیهان ده‌بیستێ و دێته‌ ده‌نگ، ئه‌گه‌ر ناوێرن و ناتوانن و گیانی خۆتان خۆش ده‌وێت، ئه‌وه‌ش باش بزانن كه‌ گیانی هه‌ژارانیش له‌ئێوه‌ هه‌رزانتر و كه‌متر نیه‌. من ده‌پرسم؛ له‌ هه‌ولێر كاریگه‌ریی هه‌ر چالاكیه‌ك بنوێنن زیاتر ده‌بێت یان له‌ سلێمانی، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ بانگه‌شه‌كه‌تان ته‌نها به‌ مه‌به‌ستی حزبی نه‌بێت و بۆ ئه‌وه‌ی خۆتان له‌ چالاكیه‌كه‌دابن و هه‌ر هیچ نه‌بێت با ئه‌و به‌رپرسه‌ زمان درێژانه‌تان كه‌ شه‌و و رۆژ له‌سه‌ر شاشه‌كان وه‌ك بێژه‌ریان لێهاتووه‌، غیره‌ت بیانگرێت و له‌ هه‌ولێر چالاكی بنوێنن، با بزانن چه‌ند كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ره‌وشه‌كه‌، نه‌ك له‌ دووره‌وه‌ فیڵ له‌ جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها و ته‌نها ئامانجه‌ كه‌سی و حزبیه‌كانتان بپێكن و هیچی تر. ئه‌گه‌ریش له‌سه‌ر ژیانی خۆتان ده‌ترسن و ناویرن له‌ هه‌ولێر چالاكی ئه‌نجام بده‌ن، به‌هاندان له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا خه‌ڵكی تر مه‌ده‌ن به‌ كوشت، كه‌ پێشوه‌خت باش ده‌زانن ئه‌نجامی نابێت. كه‌ هه‌ڵه‌ كرابێت به‌ عه‌قڵ راست ده‌كرێته‌وه‌ نه‌ك به‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ و به‌ مه‌به‌ستی حزبی و به‌رژه‌وه‌ندی زۆر ته‌سك.