شەریف هەژارى: ئایا بارەگا سوتاندن دەچێتە چ خانەیەکەوە، بۆ خۆپیشاندەران بارەگاکانى گۆڕانیشیان دەسوتاند!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

یەکێک لەو بابەتانەى کە زۆرترین پرسیارم بۆ نێردراوە، ئەوەیە: ئایا مامۆستا سوتاندنى بارەگاکان لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە کردەوەیەک نەبوو کە (ئێران)ى لە پشتەوە بووبێت!؟ ئایا کردەوەى (ئاژاوەگێڕانە و فەوزەوى) نەبو!؟
بەڕێزان بۆ وەڵامى پرسیارەکانتان، پێموایە هەم وتەکانى (وەرەسە نێچیر و وەرەسە قوباد) هەڵەن، هەم تێڕوانینەکانى فەیلەسوفى بەڕ و بەحر (مەلا بەختیار) و، هەم بەیاننامەکەى یەکگرتو و، هەم بەیاننامەکانى گۆڕان و کۆمەڵ!
بۆچى هەمو ئەو خوێندنەوانە هەڵەن کە دەڵێن: ئێران خۆپیشاندەران ئاراستە ئەکات، یاخود دەوترێت: خۆپیشاندەران ئاژاوەگێڕ و فەوزەوین و خۆپیشاندانى مەدەنى نابێت کاروکردەوەى واى تێدا بێت!؟
چونکە زۆر ڕونە کە هەمیشە و بۆ ھەمو ھەنگاوێک (فارس و تورک و عەرەب) دەستێوەردان دەکەن، بەتایبەت لە خۆپیشاندان دا و پێشیان خۆشە کە کورد لەناو یەکتردا ناتەبا و پێکەوە هەڵنەکراو بن. دەشکرێت بۆ هەمو مەسەلەیەک (هێندەى پێیان دەکرێت) دەستێوەردان بکەن لە کاروبارى هەرێم دا!
بەڵام ستەمکاریی و زوڵمکردنى سى ساڵەى دەسەڵاتى هەردو بنەماڵەى یەکێتیى- پارتیى گەشتۆتە ترۆپک! توڕەیى خەڵکی مەدەنی دژى دەسەڵاتى وەرەساتگەرایى گەشتۆتە لوتکە و ناوەڕۆکی داخوازیەکانیان ڕەوایە. بۆیە مێژوو پێمان دەڵێ: کاتێک خەڵک خۆپیشاندانی کردو ژمارەیەکى زۆر و توڕە بەشدابون تێیدا، ئەوا لە توڕەیی جەماوەر دا ھەمو ڕوداوێ چاوەڕوان کراوە!
بەو مانایەى هەمو وتەکانى وەرەسەکان (نێچیر و قوباد)، (مەلا بەختیار، بەیاننامەکەى یەکگرتو و، بەیانامەکانى گۆڕان و کۆمەڵ) هەڵەن. لەبەر ئەوەى هیچ شۆڕشێکى مەدەنیش نەبووە لە مێژوودا کە: کەسى تێدا نەکوژرابێ، یاخود: بارەگایەکى تێدا کاول نەکرابێ و نەسوتێنرابێت!
کاتێک لە مێژوى خەباتى مەدەنیى و شۆڕشى جەماوەریى سەرشەقامى وردەبینەوە، تەواوى خەباتە مەدەنیى و شۆڕشە بەرفراوانە جەماوەرییەکانیش، کە بۆ ڕاماڵینى دەسەڵاتە (سەرەڕۆ و چەپاولگەر و وەرەسات-سەپێن و تاڵانکارەکان) ڕۆشتونەتە سەر شەقام، لە توڕەییاندا زۆرجار ڕوداوى سوتاندنى بارەگاى لێ کەوتۆتەوە!
کێشەى بەرپرسە ناهوشیار و ناسیاسیەکانى پارتیى-یەکێتیى و، بەرپرسە (ترسنۆکەکانى گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتو) ئەوەیە: وا دەزانن یاخود واى شی دەکەنەوە کە لە شۆڕش و خەباتى مەدەنى دا ئیدى (کوشتوبڕ، سوتاندنى بارەگا، بەریەککەوتن) ڕوو نادات! ئەمە ئەوپەڕى خوێندنەوەیەکى هەڵەیە بۆ مێژو و، ناهوشیاریشە بۆ مێژوى سیاسیى خەباتە مەدەنیەکان لە جیهان دا!
دەبێت سەرکردەکانى پارتیى-یەکێتیى لەوە تێ بگەن: چى وا دەکات کەسانێک لە چەمچەماڵ خاوەنى سێ براى شەهیدى سەنگەر و کەسوکارى ئەنفال بن کەچى وێنەى مام جەلال و مەسعود بەرزانى بسوتێنن، وێنەى نەوشیروان و سەلاحەدین بەهادین و عەلى باپیر بسوتێنن!؟
یاخود: کەسانێکى خاوەن شەهید لە ڕانیە و هەڵەبجە و سەیدسادق و تاسڵوجە و کۆیە هەمان شت بکەن!؟
خۆ مەگەر هەر ئەم خاوەن شەهیدانە نەبون کە ڕۆژگارێک لەسەر خاکى کوردستان و پارێزگارى لە وێنەى (مام جەلال و مەسعود بەرزانى) چەندان کوڕى خۆیان کردۆتە قوربانى!؟
بۆ نمونە: چى وا دەکات ڕۆژگارێک بنەماڵەى شەهیدەکانى پەکەکە هەستن وێنەى ئۆجەلان و بارەگاى پەکەکە بسوتێنن! یاخود: چى وا دەکات ڕۆژگارێک خاوەن شەهیدەکانى دیموکرات وێنەى (قازى محمد و قاسملو) و بارەگاى دیموکرات بسوتێنن!؟
بێ گومان کاتێک سى ساڵ (دزى و چەتەیى و وەرەسات-سەپێنیى و خیانەتى نەتەوەیى و هێنانى داگیرکەران و نەدانى موچە و نەبونى هیچ خزمەتگوزاریەکى ئاو و کارەبا) درێژەى هەبێ و، لە بەرانبەر دا کام بەرپرسە زۆر کەم دەرامەتە (چەندین ڕەز و باخ گرد و دەیان دۆنم زەوى و، و کارەباى نیشتیمانى هەمیشەیى و چەند بەنزینخانە)یەکى هەبێت، ئەوا ڕقى جەماوەر و بەتایبەت کەسانى خاوەن شەهید پراکتیزە ئەبێت دژى دەسەڵاتدارە خۆماڵییەکانى کە پێشتر خودى ئەو خەڵکى چەندین شەهیدیان بۆى داوە!
لەڕاستیدا میللەت بە تەواوى بڕستى لێ بڕوا، هێندە شەهیدیشى داوە خوێنى لێ ئەچۆڕێت، ئیدى با ئەوە بوەستێت کە: هەزاران لە لاوەکانیان ڕێگاى تیاچون و غەریبییان گرتۆتەبەر و دەگرنەبەر! بەو مانایەى لە ژێر دەسەڵاتى خۆماڵیى دا هەم ستەمکاریى و زوڵمکارى بێ ئەندازە هەیە و، هەم ئاوارەبونیش هەیە!
بۆیە لەڕاستیدا نەفامییە کە مەسەلەى سوتاندنى بارەگا لە لایەن کەسانى خاوەن شەهیدەوە هەموى بە دەستى ئێران بزانرێت، ئایا لابردنى بارەگاکانى حیزبى کۆمۆنیست لە لایەن یەکێتییەوە دەستى ئێران بوو!؟ یاخود سوتاندنى بارەگاکانى (یەکگرتو و گۆڕان) لە لایەن پارتییەوە هەر دەستى ئێران بوو، نەخێر توڕەیى لایەنگرانى پارتیى بوو لە گۆڕان و یەکگرتوو! تەنانەت خودى یەکێتیى و پارتیى لە کوردستان دا داهێنەرى ئەم کلتورەن! بەڵام سوتاندنى بارەگا حیزبییەکان لە ئێستادا لەلایەن خەڵکى تەواو ستەملێکراوەوە بەماناى دەربڕینى ئەوپەڕى ڕق و توڕەیى و نەبونى سیقەیان دەگەیەنێت دژى حوکمى زاڵمانەى یەکێتیى-پارتیى!

ئەى بۆچى بارەگاکانى گۆڕان و کۆمەڵیش دەکرانە ئامانج!؟
لەبەر ئەوەى لەم چەند ساڵەدا، خەڵک شتێکى نوێى نەدى لە گۆڕان و کۆمەڵ! بۆ نمونە ڕۆڵى (ئارام شێخ محمد) چى بو لەو هەمو یاسایە دژى کوردستان دەرکرا! لەکاتێکدا (بەپێى پەیڕەو) وەک جێگرى دوەمى سەرۆکى پەرلەماى عێراق دەیتوانى لەسەر هیچ یاداشتێک ئیمزا نەکات کە دژى هەرێم لە پەرلەمانى عێراق بکرێتە یاسا، بێ گومان ڕۆڵێکى تەواو (جاشکارانە)ى هەبوو، ئەى ڕۆڵى (سروە عبدالواحید و هوشیار عبداللە) چى بوو لە یاساى حەشدى شەعبى و زۆرى تر! بێ گومان ڕۆڵێکى (جاشکارانەى سەد لە سەد بوو!). واتە ئەم جەماعەتە ئەیانویست لە ڕێى حیزبى دەعوە-ئێرانەوە پارتیى-یەکێتیى بڕوخێنن، کارکردێکى زۆر هەڵە و زۆر پێچەوانە و زۆر لە سودى دەسەڵاتى بنەماڵەیى پارتیى-یەکێتیى!
کەوابو خەڵک ئەو پەیامانەشیان بۆ گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتو نارد کە ئێوە بە دەنگى ئێمە ڕۆشتونەتە پەرلەمانى عێراق و وەزیرتان هەیە، کەچى تا مانگێک لەمەوبەر (گۆڕان و کۆمەڵ) بەشێک بوون لە پراکتیزەکردنى ئەجێنداکانى حیزبى دەعوە-ئێران لە ناو پەرلەمانى عێراق دا!
خەڵک ئەوەى لە یاد ناچێت کە (موسەنا ئەمین و هوشیار عبداللە و سروە عبدالواحید) لە پڕوپاگەندەى هەلبژاردنەکان دا دەیانوت: ((ئەوە نوێنەرانى کورد لە پەرلەمانى بەغدا لاوازبوون بۆیە بەغدا موچەى کوردیان بڕیوە، بەڵێن بێت کە ئێمە ڕۆشتین سەد لە سەد موچەکان دەگێڕینەوە))، کەچى ئێستا موسەنا ئەمین لە زۆرینەى کۆبونەوەکانى پەرلەمانى عێراق شوێنى ونە و، هوشیار و سروەش ڕۆڵى جاشکارانە دەبینن!
سوتاندنى بارەگاکان لە لایەن جەماوەرەوە، پەیامێکى هوشیارکەرەوە بوو بۆ گشت حیزبەکان، کە بە وردى لە کاروکردەوەتان دەڕوانین و، وا نەزانن ئێمە هەمان ئەو گەلەین کە دەتوانین چاوەڕوان بین سى ساڵى دیکە درۆ و دزیتان لێ قبوڵ بکەین! باشترین فاکتیش بۆ سەلماندنى ئەم ڕاستیە لە باوەڕبوونى پێشوترى خەڵک بۆ (هەڤاڵ ئەبوبەکر) وردببنەوە، ئایا ئێستا خەڵ چەندێک ڕقیان لێى هەیە! ئایا جارێکى تر خەڵک بە زمانە شیرینەکەى بڕوا دەکەنەوە!؟
بۆیە پێویستە هەمو حیزبەکان بەتایبەت خودى گۆڕان زۆر بە وردى بەخۆیاندا بچنەوە، دڵنیابن لەوەى ئیدى ئەو دەورانە کۆتایى هات کە وەک سى ساڵىحوکمڕانى پڕ-لە درۆ و دزى (پارتیى-یەکێتیى) خەڵک فریو بخوات و، تۆڵە لە حیزبەکان نەکاتەوە، خەڵک هەمو شتێکى خۆى فرۆشت، ئیدى پشوودرێژى بوونى نەماوە!