گۆران هەڵەبجەیی: دەستی دەرەکی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ تاوانبار کردنی شەپۆلی ناڕەزاییەکان و خۆپیشاندەران، سەرانی هەردوو حیزب کە دواییان نێچیری شکستخواردوو، تۆمەتی [دەستی دەرەکی] دەخەنە پاڵیان.
من لەو بروایەدام بۆ ناشیرینکردنی خۆپیشاندەران، خودی دەسەڵات هەندێک کەسی ئاژاوەگێڕی ناردبێتە ناویانەوە، یاخود هەندێک گەنجی زۆر تووڕە لە بێزاریدا پەنا بۆ ئەو جۆرە کارانە دەبەن. بەڵام دڵنیام کە زۆرینە ئامانج و مەبەستی ڕەوا دەیانبزوێنێت و کەس ناتوانێت ئەو ئامانجانە بشێوێنێت.
گەر دەستی دەرەکی هێندە بەهێزە کە بتوانێت ئەو حەشاماتە زۆرە لە زۆربەی باژێڕەکانی کوردستان بخاتە سەرشەقام، کەواتە ئەم دەسەڵاتە، دەسەڵاتێکی هیچوپووچەو توانای بەرگری هیچی نەبووەو نیە.
گریمان هەندێک کەس بە ئەجندای دەرەکی جوڵانەوە و هاتنە سەر شەقام، ئەی باشە:
* فەرهودکردن و ئاودیوکردنی ژێرخانی کوردستان دوای ڕاپەڕین دەستی دەرەکی بوو؟
* شەڕی ففتی بە فیفتیش دەستی دەرەکی بوو؟
* شەڕی یەکیتی و پارتی و بە کووشتدانی هەزارەها کوڕی هەژار دەستی دەرەکی بوو؟
* ڕێکەوتنی ئیستراتیجی نیوان مام وکاک بۆ بەتاڵانبردنی سامانی وڵات بە دووبەش ئەمەش دەستی دەرەکی بوو.
* تەسلیمکردنی شەنگال و کارەساتی ئێزیدیەکان، دەستی دەرەکی بوو؟
* بازرگانی لەگەڵ داعشدا دەستی دەرەکی بوو؟
* تەرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان دەستی دەرەکی بوو؟
* شکستیتان لە ئاستی دیبلۆماسیەتی دەرەوەدا ئەمەش دەستی دەرەکی بوو.
* دزینی داهاتی نەوت و خاڵەسنووریەکان و فڕۆکە خانەکان ئەمەش دەستی دەرەکی بوو.
* شکستیتان لە هەموو بوارەکاندا لە ماوەی دەسەڵاتتاندا ئەمەش دەستی دەرەکی بوو؟
* خیانەتی لەدەستدانی پتر لە ٪50 ی خاکی کوردستان بە ڕۆژێک، دەستی دەرەکی بوو؟ [گەر لەمەدا دەستی دەرەکی بووبێت] بێگومان ئەو دەستە خۆتانی بزواندوە نەک خەڵک، ئەو دەستە دۆست و ئاشنای خۆتانەو خۆتان هێناوتانە و هیچ پەیوەندی بە خەڵکەوە نیە.
* دوو جار شەڕ دژی [ پێکا کا]، جارێک هێنانی پاسداران بۆسەر دیموکراتی ئیران لە کۆیە، تەرۆرکردنی سەداها کادێری دیموکرات و کۆمەلە لە باژێڕەکانی باشوور، ئەمانە دەستی دەرەکی بوون یا فەرمانی دەرەکی بوون و ئێوەش جێبەجێکاربوون؟
بەسە شەرم لە خۆتان بکەن چیتر باسی دەستی دەرەکی مەکەن چونکە کەس بڕواتان پێناکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت