جەزا ئەحمەد فارس: بەسەربازگەکردنى شار و شارۆچکەکان کلتورێکى بەعسییە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هەمیشە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان هەموو رێگەیەک دەگرنە بەر بۆ سەرکوتکردنى دەنگى ناڕەزاى، ترسێکى گەورەیان لەدەنگە ناڕەزاییەکان هەیە چونکە لەو راستییە تێگەشتوون کە بەرزبوونەوەى دەنگى ناڕەزاى واتە کۆتایهاتنى ئەوان.
لەحاڵاتى روودانى خۆپیشاندانى هاوڵاتیان هێزە چەکدارەکانى ئەم هەرێمە لەلایەن هەردوو پارتى دەسەڵاتدارەوە بە کاردەهێنرێن بەشێوەیەکى نادیموکراسیانە و دور لە هەموو پرەنسیپەکانى مافى مرۆڤ و ئازادى رادەربڕن دژ بە خۆپیشاندەران.
هێزە چەکدارەکان دەکەونە گیانى ئەو هاوڵاتیە سڤیلانەى کە دژى ناعەدالەتیەکانى ئەم دەسەڵاتە هاتونەتە سەر شەقام کە ئەمەش هاوشێوەى ڕەفتارەکانى پێشووى حکومەتى بەعسى ڕووخاوە.
دەسەڵات تەنها بە شەهید کردن و بریندارکدنى خۆپیشاندەرو چالاکوانانەوە ناوەستێت بەڵک و شار و شارۆچکەکانیش دەکەن بەسەر بازگە بەشێوەک کە هەناسەیەک بۆ ژیان تیایدا ناهێڵننەوە.
هەمیشە دەسەڵاتى سیاسى لەم هەرێمە سەرجەم هێزە چەکدارەکان بە هێزى پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیسەوە دەخاتە حاڵەتى ئامادە باشییەوە لەکاتى سەرهەڵدانى دەنگى ناڕازى بەمەبەستى ترساندنى خۆپیشاندەران و کپکردنەوەى دەنگە ناڕازییەکان.
مەترسى گەورە لەهێزە چەکدارەکان لەوەوە خۆى دەبینێتەوە کە هێزى چەکدارى حیزبین و ئەوەندەى وەلائیان لەناو حیزبە سیاسیەکان بۆ چەند کەسێک هەیە هیندە وەلائى نەتەوەییان نیە، بۆیە لەکاتى روودانى خۆپیشاندانەکان هەمیشە ئەو چیرۆکە تراجیدییە دووبارە دەبێتەوە کە بریتییە لە شەهید کردنى چەندین هاوڵاتى و بریندار بوونى سەدان خۆپیشاندەر و چالاکوان.
دەسەڵاتى سیاسى لەم هەرێمە تەنها بە شەهید کردن و بریندار کردنى هاوڵاتیانى مەدەنیەوە ناوەستێک بەڵکو شارەکانیش دەکاتە سەربازگە و ئەو شوێنانەى کە دەنگى نارەزاى بەشێوەیەکى بڵند تیایدا هەیە دەبێتە مۆڵگەى سەربازى چەکدارە کانى پارتە سیاسیەکان.
بەسەربازگە کردنى شارو شارۆچکەکان خۆى لە هێنانى هێزێکى زۆرى سەر بازى دەبینێتەوە بۆ ئەو شارو شارۆچکانەى کە دەنگى ناڕەزاى تیایاندا بەرزبۆتەوە کە ئەمەش هەمان ئەو کلتورە بەعسییە کە رژێمى بەعسى رووخاو لە رابردوودا بەرامبەر گەلەکەمان دەیگرتە بەر.
زۆر جار لە کاتى ئەنجامدانى خۆپیشاندانەکان رەشبگیرى هاوڵاتیانى مەدەنى دەست پێدەکات و وە ئەو چالاکوانانەىشى کە نەگیراو ن لەدواى قۆناغى بەسەربازگە کردنى شارو شارۆچکەکان هێزە سەربازییەکان شوێن پێکانیان هەڵدەگرنەوە و هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکانیان کە ئەمەش یەکێکە لە سیما و خەسڵەتەکانى حکومەتى بەعسى پێشوو کە وەک کلتورێک بۆ دەسەڵاتدارى هەرێم ماوەتەوە.
لە راستیدا بەر پەرچدانەوەى دەنگى ناڕەزاى هاوڵاتیان لە رێگەى لولەى تفەنگەوە کلتورێکى بەعسییە و پێش ڕاپەرێنى 1991 هێزە سەربازیەکانى بەعس بەرامبەر گەلەکەمان بەکاریان هێناوە هەردوو پارتى دەسەڵاتداریش هەمان سیاسەتى بەعس دووبارە دەکەنەوە لەم قۆناغەدا.
.