عه‌دنان كۆچه‌ر: له‌كوێ بته‌كه‌ ده‌كه‌وێت‌و كێ ده‌یخات؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

مۆدێل‌و تایپی حوكمڕانى ناڕه‌شید دواجار جگه‌ له‌كه‌وتن هیچ رێگایه‌كى تر له‌به‌رده‌میدا نامێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى بته‌كان ده‌شكێنێ‌و جاڕی زه‌مه‌نێكى نوێ ده‌دات، ده‌بێت ئیبراهیمێكى ساڵح بێت، نه‌ك سیاسیی‌و بازرگانی شكستخواردوو كه‌ تا گه‌رووى له‌چه‌وتییه‌كاندا نغرۆبووه‌ له‌سه‌ر گیرفانى به‌تاڵى خه‌ڵك‌و ناخى پڕ ئازارى مرۆڤه‌كان خۆى بكاته‌ پاڵه‌وان، لێره‌وه‌یه‌ ده‌شێت پرسیارى ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ داخۆ ئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێت بته‌كان بكه‌ون كێن‌و له‌كوێش له‌خه‌یاڵى شكاندن‌و هه‌پڕونكردنى بته‌كاندایه‌؟.
له‌راستیدا خۆپیشاندانه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى زۆنى سه‌وز، كه‌ له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ گه‌نجانى برسی‌و فه‌رمانبه‌رانى بێ موچه‌و هاوڵاتیانى مه‌ینه‌تبار ده‌ستیان پێكرد، به‌ره‌نجامى ئه‌و توڕه‌ییه‌ مه‌شروعه‌یه‌ كه‌ له‌سایه‌ى حوكمڕانییه‌كى شكستخواردوى حزبییه‌وه‌ به‌ باڵاى وڵاتدا بڕاوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گره‌وى له‌سه‌ر وه‌رگۆڕینى ئاراسته‌ى خۆپیشاندانه‌كان كردو نیگه‌رانییه‌كان به‌ره‌و دۆخێكى نه‌خوازراو ئاراسته‌كرد خه‌ڵكانى دیكه‌ بوون، ئه‌وانه‌ بوون كه‌ خۆیان له‌سه‌ر گیرفانى خاڵى خه‌ڵك‌و گه‌رووى برسی هاوڵاتیان ده‌مێكه‌ ده‌ڵه‌وه‌ڕن‌و كۆشك‌و ته‌لارى گه‌وره‌و پرۆژه‌ى بازرگانى زه‌به‌لاح له‌چوارچێوه‌ى سیاسه‌تى برسیكردنى كۆمه‌ڵگا بیناده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ى ده‌یانخواست شه‌قامه‌كانى شار به‌خوێنى خه‌ڵك سوور بێت، نه‌یانده‌ویست بته‌كان بشكێنن، به‌ڵكو ده‌یانه‌ویست له‌سه‌ر ئێسك‌و پروسكى پێشمه‌رگه‌و هاوڵاتیانى ناڕازیی خۆیان ببنه‌ بت‌و زه‌مه‌نێكى نوێی بته‌كان ده‌ست پێبكاته‌وه‌.
بته‌كان له‌كوێ ده‌كه‌ون؟، پرسیارێكى جه‌وهه‌رییه‌و رۆژنامه‌نووس (نیاز محه‌مه‌د) له‌سه‌ر كاغه‌زێكى گه‌وره‌ى سپی له‌هه‌ولێرى پایته‌خت به‌رزیكردبۆوه‌، له‌راستیشدا ئه‌گه‌ر ئه‌زموونى هه‌رێم‌و حوكمڕانیه‌كه‌ى، ئه‌زموونى بته‌كان بێت، ئه‌وه‌ كه‌وتنى ئه‌و مۆدێلى حوكمى ناڕه‌شیدو نا په‌سه‌نده‌ هه‌ر له‌هه‌ولێره‌وه‌ ده‌كه‌وێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ى به‌كرده‌وه‌ ده‌ستى به‌سه‌ر جومگه‌كانى حوكمڕانیدا گرتووه‌و بڕیارى سیاسیی‌و چاره‌نوسسازى قۆرخكردووه‌و ئه‌وه‌شی كه‌ نه‌وت وه‌ك میراتى خێزانیى به‌سه‌ر خۆیدا ده‌به‌شێته‌وه‌، ئه‌و تایپه‌ حوكمڕانیه‌ى پارتییه‌ كه‌ له‌هه‌ولێر قه‌ڵاى بۆ به‌رگری له‌خۆى دروستكردووه‌.
كه‌وتنى بته‌كان، پرۆسه‌یه‌كى درێژخایه‌نى سیاسیی گه‌وره‌یه‌و هاوشان له‌گه‌ڵ نیگه‌رانییه‌ ناوخۆییه‌كان، ده‌بێت پشت ئه‌ستوور بێت به‌ پشتیوانى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى‌و جیهانیی، چونكه‌ وه‌ك بینیمان كه‌وتنیان له‌میسرو لیبیا‌و تونس‌و عێراق‌و زۆرێك له‌جوگرافیاى ناوچه‌كه‌ ته‌نها په‌یوه‌ستى ره‌هه‌نده‌ ناوخۆییه‌كه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتی بته‌كان له‌و ده‌مه‌وه‌ ده‌ست به‌هه‌ڵوه‌رین‌و كه‌وتن ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ئاستى جیهانیدا شكۆو كه‌رامه‌تیان وه‌ك حوكمى ساڵح ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وكاته‌ى دنیابینى خوارو خێچ بۆ شكاندنى بته‌كان له‌ فه‌رمانگه‌یه‌كى شارۆچكه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات‌و ده‌گاته‌ سه‌ر باره‌گاى هێزێك، ئه‌و خه‌یاڵه‌ گه‌وره‌ سیاسییه‌ له‌ دووربینى به‌تاڵده‌بێته‌وه‌، ئاخر بت له‌ شاره‌وانى ته‌قته‌ق‌و ناحیه‌ى سه‌نگه‌سه‌رو قائیماقیه‌تى قه‌ڵادزێ‌و فه‌رمانگه‌ى كاره‌باى چه‌مچه‌ماڵ‌و باره‌گاى حزبێكى رانیه‌ چی ده‌كات؟، بت چ كاری به‌شه‌قامه‌كانى سلێمانییه‌وه‌ هه‌یه‌ تا به‌رد بگریته‌ پۆلیسێك دراوێك له‌گیرفانیدا نه‌بێت؟، بت كه‌ی له‌ سه‌یدسادق نیشته‌جێبووه‌و كه‌ینێ بێزى هاتووه‌ سه‌ردانى پیره‌مه‌گرون بكات؟، بته‌كان له‌سه‌ر قه‌ڵای به‌رزو له‌ناوچه‌ى گه‌شتیارى گه‌وره‌و له‌كۆشك‌و ته‌لاره‌كانى پایته‌ختن، بته‌كان ئه‌و به‌دبه‌ختانه‌ نین كه‌ بۆ چاره‌گه‌ موچه‌یه‌ك پارێزگارى له‌ باره‌گاى حزبێك ده‌كه‌ن، ئه‌و پێشمه‌رگه‌و ئاسایش‌و كارمه‌ندانه‌ى دژه‌ تیرۆر نین كه‌ هێشتاش په‌ڵه‌ى خوێنى جه‌نگى داعش به‌ كراسه‌كانیانه‌وه‌یه‌، ئه‌و خۆبه‌خشانه‌ نین كه‌ پۆستاڵه‌كانیان له‌ناو قوڕو لیته‌ى گوڵاڵه‌و كه‌ركوك‌و شه‌نگال ره‌نگی خاكیان گرتووه‌، بته‌كان ئه‌وانه‌ن كه‌ هه‌موو شتێكیان قۆرخكردووه‌ به‌ژیان‌و كه‌رامه‌ت‌و گه‌رووى مرۆڤیشه‌وه‌.
كێ بته‌كان ده‌خات؟، پرسیارێكى ترى جه‌وهه‌رییه‌، ئه‌وه‌ى ده‌یهه‌وێت حوكمى بته‌كان كۆتایی بێت، نابێت هه‌ر ئه‌و مۆدێل‌و تایپی سیاسی‌و بازرگانانه‌ بێت كه‌ خۆیان به‌سه‌ر خه‌ڵك‌و خاكه‌وه‌ بوونه‌ بت، ئه‌وه‌ى ده‌یهه‌وێت حوكمى بته‌كان به‌كۆتا بێت، نابێت خۆى بخوازێت گه‌ڕێكى دیكه‌ى بتى نوێ ده‌ست پێبكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك ده‌یهه‌وێت خاڵدانانه‌ له‌سه‌ر دوا رسته‌ى ئه‌و چه‌شنه‌ له‌حوكمڕانى كه‌ مرۆڤه‌كان ده‌كاته‌ كۆیله‌و برسیان ده‌كات، ئه‌وانه‌ى له‌پشت خۆپیشانده‌ره‌كانى ئه‌م دواییه‌ى زۆنى سه‌وز خۆیان لێ ببوه‌ ئیبراهیم‌و ده‌یانه‌ویست زه‌مه‌نى بته‌كان له‌ناحیه‌و قه‌زاكانه‌وه‌ به‌كۆتا بێت، هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ خه‌ونى خه‌ڵك كۆتایی زه‌مه‌نى ئه‌وانیشه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ى چه‌كوشێك بۆ شكاندنى بته‌كان هه‌ڵده‌گرێت ده‌بێت له‌ یاده‌وه‌رى خه‌ڵكدا وه‌ك ئیبراهیم بێگه‌رد بێت، نه‌ك له‌سه‌ر خوانى ئه‌زموونى شكستخواردوى حوكمڕانى حزبی خۆی بووبێته‌ ملیاردێرو بیهه‌وێت به‌ شكاندنى بته‌كان له‌گوناهه‌كانى پاك ببێته‌وه‌.
نیگه‌رانییه‌كانى خه‌ڵك مه‌شروعه‌، خۆپیشاندانه‌كانیش ره‌وان، خه‌ڵكى برسی ئه‌وانه‌ى ژیان‌و نانیان له‌سایه‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ده‌ستداوه‌ ده‌بێت له‌ ئامێز بگیرێن، نه‌ك بخرێنه‌ سوچی زیندانه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ده‌یهه‌وێت شه‌قامه‌كان به‌خوێنى خه‌ڵك‌و پێشمه‌رگه‌ سوور بكات‌و خۆشی له‌ باڵاخانه‌ى به‌رزه‌وه‌ به‌دیار ته‌له‌فزیۆنى HD ییه‌وه‌ سه‌یرى مه‌رگه‌ساتى خه‌ڵك بكات، دواجار ده‌بێت راپێچی دادگا بكرێن، چونكه‌ ئێمه‌ دنیایه‌كمان ده‌وێت دادپه‌روه‌ری بگه‌ڕێته‌وه‌‌و ژیان باشتر بكرێت، نه‌ك ریزێكى دیكه‌و لیستێكى دیكه‌ی ئازار به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا ببه‌شرێته‌وه‌